“قسه‌ به‌سه،‌ كاتی كرداره‌”
كچان و كوڕانی ته‌له‌عفه‌ر ژیان بۆ شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌

November 6, 2018 at 3:50 pm

نه‌ینه‌وا، 2018، گه‌نجان هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ پاككردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ پاشماوه‌ی شه‌ڕ ده‌ستپێكردووه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

“هه‌موان ره‌خنه‌ ده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ شوێنی خۆی بجوڵێت، ئێمه‌ بڕیارماندا واز له‌ قسه‌ بهێنن و هه‌نگاوێكی كرده‌یی پێشكه‌ش بكه‌ین” سه‌رۆكی رێكخراوێكی مرۆیی له‌ ته‌له‌عفه‌ر وای وت.

موهه‌نه‌د ئه‌حمه‌د خه‌ڵه‌ف، سه‌رۆكی ئه‌و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان كچ و كوڕی دانیشتوی ته‌له‌عفه‌ر، هه‌ڵمه‌تێكی خۆبه‌خشانه‌یان ده‌ستپێكردوه‌ تا جارێكیتر ژیان بۆ قه‌زاكه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، دوای ساڵێك له‌ كۆتایی حوكمڕانی داعش.

قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، هاوشێوه‌ی ئه‌و شارانه‌ی ده‌ستی داعشی پێگه‌یشت له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا، زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و وێرانه‌یی شه‌ڕ، هێشتا له‌ سنوره‌كه‌دا وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

سه‌رۆكی رێكخراوی بنیاتنانه‌وه‌ی مرۆیی ده‌ڵێت هیچ گومانی تێدانیه‌ داعش و شه‌ڕ وێرانه‌یی زۆری به‌ جێهێشتووه‌، له‌كاتێكدا هیچ پاڵپشتیه‌كی دارایی حكومی نیه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن گه‌نجان له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز، رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بێت له‌ دوباره‌ هه‌ستانه‌وه‌ی شاره‌كه‌.

نه‌ینه‌وا، 2018، به‌شداری كچان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان بۆ ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

ره‌نا خه‌لیل ئیبراهیم، سه‌رۆكی رێكخراوی كوڵ به‌هاری خێرخوازی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئامانجێكی سه‌ره‌كی رێكخراوه‌كه‌یان نیشاندانی رۆڵی ژنان و هێنانه‌ پێشه‌وه‌یانه‌ تا كاریگه‌ری به‌رچاویان هه‌بێت هاوشانی پیاوان”.

رێكخراوه‌كه‌ی ره‌نا، هاوكاری خێرخوازی ده‌گه‌یه‌نێته‌ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و چالاكی تری مرۆیی هه‌یه‌، وه‌كو دابینكردنی ده‌رمان و خزمه‌تگوزاری پزیشكی، له‌گه‌ڵ خولی زمان و پاككردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان.

گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م قۆناغی ئاواره‌كان بۆ ته‌له‌عفه‌ر له‌ شوباتی ئه‌مساڵدا بوو، دوای ساڵێك له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌، هێشتا زۆرینه‌ی خێزانه‌كان له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌مپی یه‌حیاوای سنوره‌كه‌دا.

حه‌بیب عه‌لی، چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ ته‌له‌عفه‌ر پێیوایه‌ له‌ پاڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی بۆ دوباره‌ ژیاندنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، ئامانجێكی تر به‌دیدێت، ئه‌ویش پێكه‌وه‌ژیان و خۆشه‌ویستی و ئاشتی له‌ نێوان خه‌ڵكی سنوره‌كه‌دا، دوای ئه‌و روداوانه‌ی روبه‌ڕوی قه‌زاكه‌ بونه‌وه‌.

“ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین هۆكارێكه‌ بۆ ئارامی و سه‌ربه‌رزی، داوای كاری زیاتری خۆبه‌خشی ده‌كه‌ین” به‌وته‌ی ئه‌و چالاكوانه‌، ئه‌وه‌ی پێشتر نه‌بووه‌، به‌شداری ژنان و كچانه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كاندا.

نه‌ینه‌وا، ئایاری 2018، هێرشی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌ زیانی زۆری له‌ ته‌له‌عفه‌ر گه‌یاندوه‌ فۆتۆ: جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری

هه‌ڵمه‌تی خۆبه‌خشی كچان و كوڕان، پێشتر دیارده‌یه‌كی به‌رچاو نه‌بوو له‌ ته‌له‌عفه‌ر، به‌ تایبه‌ت كه‌ قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست ناسه‌قامگیری و ته‌قینه‌وه‌وه‌ ده‌یناڵاند.

عه‌مار به‌گ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئیداری دامه‌زراوه‌ی ته‌له‌عفه‌ری مرۆیی رونیكرده‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ چالاكیه‌ ته‌قلیدییه‌كان دوربكه‌نه‌وه‌، زیاتر چاویان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌یه‌ پێویستی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌، ئه‌وه‌شی به‌ (كه‌ركوك ناو) وت “چه‌ندین خێزان پێویستیان به‌ خۆراك و ده‌رمان هه‌بوو، له‌و روه‌شه‌وه‌ هاوكاری كران، له‌رێی به‌خشین و هاوكارییه‌كانیه‌وه‌، جگه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ندین خول بۆ خوێندكاران به‌ خۆڕایی”.

رێكخراوی داعش، كاتێك چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێرشیكرده‌ سه‌ر نه‌ینه‌وا، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ زۆرینه‌ توركمان، ئێزیدی، كریستیان و پێكهاته‌كانی تر بون، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران له‌ نێویاندا ژنان و كچانی ته‌له‌عفه‌ر روبه‌روی كوشتن و رفاندن بونه‌وه‌، تائێستا چاره‌نوسی زۆرینه‌یان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

رێكخراوه‌كه‌ی موهه‌نه‌د خه‌ڵه‌ف، كه‌ كار له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی لایه‌نی مرۆییدا ده‌كات، چاویا له‌وه‌یه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی تری پاككردنه‌وه‌ و سه‌وزكردنی شاره‌كه‌، له‌ هه‌نگاوه‌كانی ئێستاشدا بتوانن لانیكه‌م به‌شێكی تر له‌ روبه‌ره‌ خاپوربوه‌كه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ببوژێننه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن