سوپای عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك

October 20, 2018 at 9:56 pm

كه‌ركوك/2013/ یه‌كێك له‌نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هێزێكی سوپای عیراق ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای لێپرسراوانی ناوچه‌كه‌ و به‌ ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌و شاره‌ پاشه‌كشێیان كرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی تشرینی یه‌كه‌م هێزێكی فیرقه‌ی 9ی زرێپۆشی عیراق، له‌ ناوچه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌دا له‌ كه‌ركوك تێپه‌ڕین، تا له‌و سنوره‌ و ناوچه‌ی شه‌رگاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین جێگیربن.

شێخ ناجی حەواس، بەڕێوەبەری قەزای حەویجە به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەسەر داواكاری ئێمە لە حكومەتی عیراقی و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، بەمەبەستی پاككردنەوەی ناوچەكەمان له‌ تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ هێزێكی سوپا له‌ به‌ حه‌ویجه‌دا تێپه‌ڕین”.

ئه‌و هێزه‌ی سوپا به‌ وته‌ی حه‌واس، به‌ ئامانجی هاوكاری ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی حه‌ویجه‌ چونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، بڕیاره‌ هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان بۆ راوه‌دونانی چه‌كداران ده‌ستپێبكه‌ن، له‌ ناوچه‌كانی عه‌باسی و باكوری خۆرئاوای قه‌زاكه‌دا له‌گه‌ڵ دوبز، رێگای داقوق-حه‌ویجه‌، به‌رزاییه‌كانی مه‌كحول، ره‌شاد و قه‌زای شه‌رگات.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا هێزه‌كانی سوپای عیراق به‌ ته‌واوی له‌ كه‌ركوك كشانه‌وه‌، دۆسیەی ئەمنی ناوەندی شارەكە درایه‌ دژەتیرۆر بەهاوبەشی لەگەڵ پۆلیس، ناوچەكانی دەوروبەریش، حەشدی شەعبی ‌و پۆلیسی فیدراڵی تێدا جێگیركرا.

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2018، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

پێشتر حزبه‌ عه‌ره‌بی و توركمانیه‌كانی كه‌ركوك، داوایانكردوه‌ سوپا ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ بكرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین روداوی جیاوازی ئه‌منی له‌ سنوره‌كه‌دا تۆماركرا، به‌ تایبه‌ت هێرشی چه‌كداری و كوشتن له‌ ناوچه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌.

ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ركوك و ناحیه‌ و قه‌زاكانی تری پارێزگاكانی تری عیراق، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ ته‌واوی له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جموجۆڵی چه‌كداری تێدا ماوه‌ و سه‌قامگیری یه‌كجاری بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

عەلی دۆدح، قائیمقامی قەزای شه‌رگات له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌باره‌ی ره‌وانه‌كردنی سوپا بۆ ناوچه‌كان هاوشێوه‌ی حه‌ویجه‌، بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ “بەشێك لەو هێزە هاتون بۆ بەشی چەپی قەزاكه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ناوچەكە و هەڵمەتی راوەدونانی تیرۆریستانی داعش”.

دۆدح ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئامانجێكی سه‌ره‌كی ئه‌و هێزه‌ی سوپا، به‌هێزكردنی توانای ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نزیك ناوچه‌كانی قه‌راج و مه‌خمور، چونكه‌ له‌ چه‌ند گوندێكی ئه‌و سنوره‌دا هێرشكردنه‌ سه‌ر هاوڵاتیان هه‌یه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن