موچه‌ دزراوه‌كه‌ی دوزخورماتوو نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌

October 23, 2018 at 8:03 pm

سه‌ڵاحه‌دین/ كانونی دووه‌می 2018/ دوو چه‌كداری هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

پاره‌ی موچه‌ی خوێندنی كوردی دوزخورماتوو نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ دزرا، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ تائێستا مامۆستایان موچه‌ی پێنه‌دراوه‌.

9ى تشرينى يه‌كه‌م له‌ ناوچه‌یه‌كی نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی نه‌وجول، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵيانكوتایه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مامۆستای كورد، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگانه‌ی خوێندنی كوردی و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ كه‌لار، تائێستا پاره‌كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

تاریق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ھیچ مامۆستایەک دەستگیرنەکراوە لەسەر ئەو دۆسیەیە، ته‌نیا ئیفادەیان لێوەرگیراوە و ھەمان ڕۆژ گەڕاونەتەوە بۆ دەوامی خۆیان”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یان كردووه‌، تا قه‌ره‌بوی موچه‌ی مامۆستایان بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵێنیان پێدراوه‌ و سه‌رقاڵی ته‌واوكردنی راپۆرته‌كانی تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌كه‌ن.

خوێندنی كوردی، موچه‌ی مانگانه‌یان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌ زیاتر له‌ چل رۆژ جارێك و دوای بڕینی به‌شێكی به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه‌.

فه‌ره‌یدون قادر، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تەنیا بەڵێنمان پێده‌ده‌ن و مامۆستایان تائێستا بەناچاری بەبێ موچە دەوامی خۆیان دەکەن، چونكه‌ ھەر لە یەک دو ڕۆژی سەرەتادا دەیانوت قەرەبوی دەکەینەوە و تاوانباران دەستگیر دەکەین  ئیتر ھەوڵیاننەداوە و تاوانبارانیش دەستگیرنەکراون”.

به‌وته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ “ئەوانەی دزییەکەیان کردوە ناسراون، ئەمن و ئاسایش دەیانناسێت و دەستگیریش ناکرێن”.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر لێپرسراوانی ئه‌منی جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی چه‌كداره‌كان نه‌ناسراوبون و له‌ لێكۆڵینه‌وهدان بۆ دۆزینه‌وه‌یان.

موچه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی دوزخورماتوو دزرا

خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتوو، موچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستایانی له‌ ناوچه‌ی داوده‌ی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ دابه‌شده‌كات و پێشتر ئه‌و موچه‌یه‌، له‌ سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی دوزخورماتوو به‌ره‌و كه‌ركوك یان له‌ سنوری نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر دابه‌شده‌كرا.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، هه‌زاران خێزانی كوردی دوزخورماتوو له‌ نێویاندا مامۆستایان ئاواره‌بون به‌خۆی دروستبونی بارگرژی له‌گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا‌.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن