ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
قايمقام: حه‌زناكه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام رێگریش ناكه‌ین

October 24, 2018 at 8:36 pm

نه‌ینه‌وا، 2018، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شه‌نگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال، دوای چوار ساڵ له‌ ئاواره‌یی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قه‌زاكه‌ له‌ژێر پاراستنی سوپای عیراقییدا، به‌ڵام قایمقامی سنوره‌كه‌ ئاماده‌نیه‌ پێشوازییان لێبكات.

له‌ ئابی 2014وه‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال، ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون و كۆبونه‌وه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی فایده‌ی پارێزگای دهۆك ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌ ئێستاشدا بڕیاریانداوه‌ جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ناو قه‌زاكه‌دا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.

وه‌یسی نایف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سوپا به‌ڵێنیداوه‌ چه‌ند هه‌مه‌رێك و ژماره‌یه‌ك سه‌رباز له‌ ئه‌نجومه‌ن جێگیر بكات بۆ پاراستنی ئه‌ندامانمان بۆیه‌ چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنه‌ ده‌كه‌ین تا بگه‌ڕێینه‌وه‌ و دانیشتنه‌كانمان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌”.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ناوچه‌ی كه‌سكێ له‌ موسڵ، ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی سوپای عیراق له‌ سنوره‌كه‌دا، تاوتوێی گه‌ڕانه‌وه‌یان كردووه‌ بۆ قه‌زاكه‌.

“خه‌ڵك ده‌نگی به‌ ئێمه‌ داوه‌ و نوینه‌ری شه‌رعین، بۆیه‌ داواده‌كه‌ین هه‌مولایه‌ك هاوكارمان بێت تا خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ین.. به‌ دڵنیایی ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌” نایف وای وت.

به‌پێی دوایین ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، تائێستا هه‌زاران خێزانی ئێزیدی له‌ چیای شه‌نگال و ناوچه‌ و كه‌مپه‌كانی تری هه‌رێم وه‌كو ئاواره‌ ماونه‌ته‌وه، دوای به‌جێهێشتنی زێدی خۆیان له‌ ئابی 2014و به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، 2018، ئاواره‌كانی شه‌نگال به‌پاساوی نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی و سه‌قامگیری ناگه‌ڕێنه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

عیماد سومێده‌عی، فه‌رمانده‌ی لیوای 15ی سوپای عیراق هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای پشتڕاستكرده‌وه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال سه‌ردانی ئێمه‌یان كرد و تاوتوێی چه‌ند بابه‌تێكمان كرد به‌ڵام ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ ناتوانم ئاشكرابكه‌م”.

ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال، له‌ 18 ئه‌ندام پێكهاتووه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ 12 كورسی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن پێكده‌هێنێت.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شه‌نگال كه‌ بانگهێشتنی كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سوپا نه‌كراوه‌ بۆ تاوتوێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وان زیاتر له‌ 15 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداربون له‌ شه‌نگال، به‌ڵام هیچ خزمه‌تێكیان نه‌كرد، بۆیه‌ ئێمه‌ حه‌زناكه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتن رێگرییان لێناكه‌ین”.

به‌بڕوای قایمقام “خه‌ڵك رێگه‌ناده‌ن ئه‌وان دوباره‌ ده‌ستبه‌كارببنه‌وه‌ .. ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س نیه‌ به‌ڵام ئه‌وان نوێنه‌ری شه‌رعی ئێزیدییه‌كان نین”.

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌.

شه‌نگال له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، به‌هۆیه‌وه‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی وه‌كو زۆرینه‌ی سنوره‌كه‌ روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی و رفاندن بونه‌وه‌، زیانی زۆریش به‌ر ژێرخانی گشتی قه‌زاكه‌ و خانوی خه‌ڵك كه‌وت، تا له‌ تشرینی دوه‌می 2015 له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن