چیرۆکی سەرکەوتن
ده‌نیز له‌ نۆ ساڵیدا شكستیهێنا و له‌ 42 ساڵیدا خه‌ونه‌كه‌ی هێنایه‌دی

November 14, 2018 at 1:33 pm

هه‌ولێر/ئۆكتۆبه‌ری 2018/ ده‌نیز ئه‌فراس له‌نێو چێشتخانه‌كه‌یدا كه‌ خه‌ونی منداڵی بوو فۆتۆ: نارین رۆسته‌م

نارین  رۆسته‌م

ده‌نیز ئه‌فراس، كاتێك ته‌نیا نۆ ساڵ بوو، له‌یه‌كه‌م هه‌وڵیدا بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌دەستە بچکۆکانی كێكه‌كه‌ی ئاماده‌كرد و خستیە فڕنەوە، به‌ڵام بۆی دروستنه‌كرا و سوتا، ده‌نیز ئیستا كه‌ ده‌سته‌كانی گه‌وره‌تربون و له‌ 42 ساڵیدا خه‌ونه‌كه‌ی به‌دیهێناوه‌.

ئاره‌زوی خواردن دروستكردن و كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌یه‌كی تایبه‌ت، خه‌ونی منداڵی ده‌نیز ئه‌فراس بوو، ئه‌و ئێستا چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خاوه‌نی چێشتخانه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك به‌ناوبانگ و گه‌وره‌یه‌.

ده‌نیز ده‌ڵێت كاتێك نۆ ساڵ بووه‌ و كێكه‌كه‌ی سوتاوه‌، چیتر دایکی نەیهێشتوه‌ کێک دروستبکات، به‌ڵام ئه‌و كۆڵی نه‌داوه‌.

دەنیز خانمێكی دانیشتوی شاری هەولێرە، خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە کە یه‌كێكیان خوێندکاری کۆلێژی ئەندازیاریی و ئه‌وه‌ی تر له‌ قۆتاغی ئامادەیی ده‌خوێنێت، خۆیشی ژیانی ته‌رخانكرد بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی.

“رێگریی لە هێنانه‌دی خه‌ون ناكرێت، ئەو ئارەزوەی بە ساڵێک بۆت نایەتەدی، چاوەڕوانیکردنێکی کەم دەتگەیەنێتە ئامانجەکەت”، ده‌نیز به‌مشێوه‌یه‌ باسی سه‌ركه‌وتنی چیرۆكه‌كه‌ی كرد و زیاتر وتی “من چەندان ساڵ خەونم بەوەوە دەبینی کە چێشتخانەیەکی تایبەت بە خۆم هەبێت، ئیدی ئەمڕۆ چیتر ئەمە خەون نییە و تەنانەت کردم بەڕاستی”.

پاڵنەری دەنیز بۆ کردنەوەی ئەو چێشتخانەیە، خۆشەویستییەتی بۆ چێشتخانە و هەڵمی خواردنەکان بوو، ئەو لەگەڵ ئەوەی لەساڵی 1997 لە بەغدا خوێندنی ژمێریاری تەواودەکات، بەڵام هه‌ر دڵی لای به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی بوو.

چێشتخانەکە هەشت مانگ بەر لە ئێستا له‌ هه‌ولێر کرایەوە، جگە لە دەنیز، سێ کارمەندی ئافرەتی دیکە کاری تێدادەکەن، خواردنەکان جۆراوجۆر و تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ كورده‌واریی و بیانی.

خواردنی ئاماده‌كراویش بۆ ماڵان ده‌بردرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی په‌یجی تایبه‌ت به‌ چێشتخانه‌كه‌ یان ته‌له‌فونه‌وه‌ داواده‌كرێت.

ده‌نیز ئێستا خاوه‌نی داهاتی خۆیه‌تی و توانیویه‌تی له‌ڕێی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌لی كاریش بۆ خانمانی تر بڕه‌خسێنێت.

كچه‌كانی ده‌نیز، بەوته‌ی خۆی لە کاری چێشتخانە یارمەتیدەری نین، بەڵام ئەرکی ماڵەوەیان لەسەر لابردوە و خۆیشی ئەوەندە هێزی زۆرە کە پێویستیی بە ئەوان نەبێت.

“مەرج نییە لەماڵێکدا تەنیا پیاو کار بکات، چونکە ئەگەر رۆژێک پیاوی ماڵەکە توشی نەخۆشییەک ببێت یان جیابونەوە روبدات ئەوکات دەبێت ژنەکە دابنیشێت و چاوەڕێی ئەو چارەنوسە باشە بکات کە نایەت”، ئه‌مه‌ ئامۆژگاری ده‌نیزه‌ بۆ خانمان تا وه‌كو پیاوان كاربكه‌ن و خه‌ونه‌كانیان نه‌شارنه‌وه‌.

ده‌نیز وتی “هەندێک لەوانەی سەردانمان دەکەن بیریان دەچێتەوە لەچێشتخانەی دەرەوەن، هەروا هەستدەکەن لە ماڵەوەن، ئێمە کەشێکی ئاوامان خوڵقاندوە، جیاوازی لە نێوان ئاین و نەتەوە ناکەین هەرکەسێک خواردنی ئێمەی پێخۆشبێت دەتوانێت سەردانمان بکات”.

ئه‌و خانمه‌ رۆژانه‌ له‌كاتژمێر هه‌شت تا دره‌نگانێكی شه‌و كارده‌كات، چێتشخانه‌كه‌ به‌گشتی جیاوازه‌ و وه‌كو ماڵ و مه‌تبه‌خه‌كان رازێنراوه‌ته‌وه‌.

“هیچ شتێک بێ ماندوبون نایەتەدی، هەزارەها کەس هەن وەکو من خەونیان هەبووە، بەڵام دانیشتون و هەنگاویان نەناوە، تاکە شت کە لێی پەشیمانبم ئەوەیە زوتر هەنگاوم بۆ ئەم کارە نەناوە، هەرچەندە تەمەن رێگرنییە لە بەدیهێنانی خەونەکانت”، ده‌نیز وایوت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن