- Kirkuknow - http://kirkuknow.com/kurdish -

شه‌نگال؛ له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی پێشووی قه‌زاكه‌ خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ پێشووی قه‌زای‌ شه‌نگال بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی‌ ئێزیدی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و بۆ ماوه‌یه‌ك رێگای‌ سه‌ره‌كی قه‌زاكه‌یان داخست.

دوابه‌دوای‌ بڕیارێكی پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قایمقام و ئه‌نجومه‌نی قه‌زای‌ شه‌نگال و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاريیه‌كان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 31-10، هاوڵاتیانی‌ قه‌زاكه‌ خۆپیشاندانێكیان رێكخست به‌مه‌به‌ستی رێگرییكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانیان.

ژنێكی ئێزیدی به‌شداربوو له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ناوی‌ شه‌مێ خودێدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ وت “وه‌ك هاوڵاتیانی ئێزیدی له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ پێشووی قه‌زای شه‌نگال خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ین، چونكه‌ ئه‌وان به‌رپرسن له‌ فرۆشتن و راده‌ستكردنی قه‌زاكه‌ به‌ چه‌كدارانی‌ داعش”.

“ئه‌و به‌رپرسانه‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خزمه‌تێك بكه‌ن و موچه‌ وه‌رده‌گرن” شه‌مێ خودێدا وای‌ وت.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خزمه‌تێك بكه‌ن و موچه‌ وه‌رده‌گرن

له‌ ئابی 2014وه‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال و زۆرینه‌ی فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ قه‌زاكه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون و كۆبونه‌وه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی فایده‌ی پارێزگای دهۆك ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌ ئێستاشدا بڕیاریانداوه‌ جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ناو قه‌زاكه‌دا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.

شه‌مێ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ تاوه‌كو ئێستا چوار كچی بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی‌ داعشدا ماون و رایگه‌یاند “ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌، با كچه‌كانمان ئازاد بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نها په‌یمانی ناڕاست به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن و هیچ كار و پرۆژه‌یه‌كیان بۆ هاوڵاتیان پێ نیه‌”.

پارێزگای نەینەوا، چەكدارێكی ئێزیدی لەنێو خانوو ڕوخاوەكانی قەزای شەنگال فۆتۆ: هاوڕێ‌ خالید-سایتی جەزیرە

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌ و له‌و كاته‌وه‌ قایمقام و ئه‌نجومه‌ن و به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ سنوره‌كه‌ نه‌گه‌ڕوانه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.

مه‌روان خدر، گه‌نجێكی ئێزیدییه‌ و یه‌كێكی‌ تره‌ له‌ به‌شداربوانی‌ خۆپیشاندانه‌كه و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ وت “ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال هیچ شه‌رعیه‌تێكی نیه‌، ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌تیان هه‌بوایه‌ قه‌زاكه‌یان چۆڵناكرد، بۆیه‌ هیچ هاوڵاتیيه‌كی ئێزیدی قبوڵی ناكات ئه‌و به‌رپرسانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان”.

ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال هیچ شه‌رعیه‌تێكی نیه‌، ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌تیان هه‌بوایه‌ قه‌زاكه‌یان چۆڵناكرد

“به‌دڵنیاییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌كات و نابێته‌ هۆكارى گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ماڵه‌كانیان و مه‌ترسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت به‌هۆی‌ گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌وه‌ گرژی و ئاڵۆزی‌ دروست بێت”.

شه‌نگال له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، به‌هۆیه‌وه‌ پێكهاته‌ی ئێزیدی وه‌كو زۆرینه‌ی سنوره‌كه‌ روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی و رفاندن بونه‌وه‌، زیانی زۆریش به‌ر ژێرخانی گشتی قه‌زاكه‌ و خانوی خه‌ڵك كه‌وت، تا له‌ تشرینی دوه‌می 2015 له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ شه‌نگال بۆ سه‌ركاره‌كانیان، فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شه‌نگال له‌ لێدوانێكدا پێشتردا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاندبوو “ئه‌و به‌رپرسانه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداربون له‌ شه‌نگال، به‌ڵام هیچ خزمه‌تێكیان نه‌كرد، بۆیه‌ ئێمه‌ حه‌زناكه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتن رێگرییان لێناكه‌ین”.

به‌بڕوای قایمقام “خه‌ڵك رێگه‌ناده‌ن ئه‌وان دوباره‌ ده‌ستبه‌كارببنه‌وه‌ .. ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س نیه‌ به‌ڵام ئه‌وان نوێنه‌ری شه‌رعی ئێزیدییه‌كان نین”.