به‌وێنه‌: مه‌زاری‌ باوه‌ مه‌حمود دوای‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌

November 2, 2018 at 4:24 pm

خانه‌قین، تشرینی دوه‌می 2018، مه‌زاری‌ باوه‌ مه‌حمود دوای‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوری ئازاد – دیاله‌

مه‌زاری‌ باوه‌ مه‌حمود، كه‌ به‌ مه‌زاری‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌كانی‌ خانه‌قین ناسراوه‌، دوای‌ كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی چله‌ی ئیمام حسێن، له‌ رێگه‌ی چه‌ند بۆمبێكی‌ چێندراوه‌وه‌ هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی درا و زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وت.

مه‌زاره‌كه‌ به‌ دووری‌ 13 كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری قه‌زای‌ خانه‌قین، هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ بۆنه‌ و مه‌راسیمه‌ تایبه‌ته‌كانیان سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

رۆژی 30 تشرینی یه‌كه‌می 2018، بۆمبێكی چێندراو زیاره‌تكارانی‌ مه‌راسیمی چله‌ی ئیمام حسێنی كرده‌ ئامانج و به‌وهۆیه‌وه‌ دوو هاوڵاتی كوژراون و 11 تریش برینداربوون.

دوای‌ تێپه‌ڕبوونی چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مدا، له‌ رێگه‌ی چه‌ند بۆمبێكه‌وه‌ هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ مه‌زاره‌كه‌ درا و به‌وهۆیه‌وه‌ به‌شێكی مه‌زاره‌كه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ركه‌وت.

به‌بڕوای‌ په‌یڕه‌وانی ئاینی كاكه‌یی، باوه‌ مه‌حمود كوڕی سه‌ید عیسای‌ كوری سوڵتان ئیسحاقی كوری سید عیسایه‌، به‌ڵام موسڵمانانی شیعه‌ مه‌زهه‌ب ده‌ڵێن كه‌ باوه‌ مه‌حمود كوری موسای كازمی‌ كوری جه‌عفه‌ر سادقه‌.

هه‌رچه‌نده‌ دوو بۆچون هه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌زاری‌ باوه‌ مه‌حمود، به‌ڵام هیچ كات جیاوازی بۆچوونه‌كان و مێژووی مه‌زاره‌كه‌ نه‌بۆته‌ گرفت بۆ خانه‌قینیه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازی‌ له‌ كاتی‌ بۆنه‌كانیاندا سه‌ردانی ئه‌و مه‌زاره‌ ده‌كه‌ن.

قه‌زای خانه‌قین له‌ باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ دۆسییه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن