ژنان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی‌ عیراق نیگه‌رانن و داوای‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌كی شایسته‌ ده‌كه‌ن

November 4, 2018 at 11:34 am

به‌غدا، تشرینی یه‌كه‌می 2018، ساتی متمانه‌ به‌خشین به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ژنانی ته‌واوی‌ پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك، نیگه‌رانن له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق و داواكارن رۆڵی زیاتریان پێبدرێت له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار و رایده‌گه‌یه‌نن، خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ین و پێویسته‌ رۆڵی ژنان له‌ پیاوان كه‌متر نه‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا.

هه‌فته‌ی رابردوو، كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ئاشته‌وایی نیشتیمانی‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ ژنه‌ چالاكوانانی‌ كه‌ركوك له‌ ته‌واوی‌ پێكهاته‌كان رێكخرا و پرسی به‌شدارییكردنی ژنان له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی عیراق، یه‌كێك بوو له‌و ته‌وه‌رانه‌ی‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

ئیلهام تورملی، لێپسراوی‌ كۆمه‌ڵی هاریكاریی مرۆیی ژنانی توركمانی عیراق، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربوانی‌ كۆنگره‌كه، سه‌باره‌ت به‌ نه‌بوونی وه‌زیری ژن له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “بڕیاربوو له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا، 20 له‌ سه‌دی پۆسته‌ باڵاكان بۆ ژنان بێت، به‌ڵام دوای‌ متمانه‌ به‌خشین به‌ به‌شێكی زۆری‌ وه‌زیره‌كان، تێبینی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ هیچ خانمێك له‌ نێو پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌دا بوونی نیه‌”.

وتیشی “په‌راوێزخستنی ژنان ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی ناوه‌ندیدا نیه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانیش ژنان په‌راوێزخراون، بۆ نموونه له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌مترین پۆست له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن و به‌ته‌واوه‌تی ژنان فه‌رامۆش كراون”.

په‌راوێزخستنی ژنان ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی ناوه‌ندیدا نیه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكانیش ژنان په‌راوێزخراون

له‌ كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی عیراق به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، له‌ كۆی 20 وه‌زاره‌ت، ته‌نها دوو وه‌زاره‌تیان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بران، كه‌ بریتی بوون له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن.

روناك عه‌لی‌، لێپسراوی‌ رێكخراوی‌ سازان بۆ مافه‌كانی‌ ژنان كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورده‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقدا غه‌درێكی گه‌وره‌ له‌ ژنان كراوه‌، به‌وپێیه‌ی هیچ ژنێك له‌ نێو ئه‌و وه‌زیراندا نه‌بوون كه‌ متمانه‌یان پێدرا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌ گوێره‌ی‌ یاسا به‌ركاره‌كان پێویست بوو رێژی 20%ی‌ پۆسته‌كان بۆ ژنان بێت”.

“هه‌ر كارێك ژنان ئه‌نجامیبده‌ن به‌رده‌وام سه‌ركه‌وتوو بوون تێیدا، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان رۆڵی ژنانیان له‌ به‌رچاو نه‌گرتووه‌ و هۆكاره‌كه‌شی بۆ پیاوسالاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”روناك واى وت.

كۆتایی مانگی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق متمانه‌ی به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق و 14 وه‌زیری كابینه‌كه‌ی به‌خشی، كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ ره‌گه‌ز نێر بوون و هیچ ژنێك له‌ئێستادا نێو حكومه‌تی عیراقدا به‌دیناكرێت.

دوای‌ متمانه‌ به‌خشین به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، هانی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی‌ عیراقی دا، ره‌چاوی‌ هه‌ڵبژاردنی ژنان بكه‌ن بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان.

هه‌ر كارێك ژنان ئه‌نجامیبده‌ن به‌رده‌وام سه‌ركه‌وتوو بوون تێیدا

مونته‌ها عه‌بدولستار، سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ هه‌وری سپی بۆ دایكایه‌تی و منداڵان كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌، ره‌خنه‌ی‌ تووند له‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان ده‌گرێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانی‌ ژنان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و په‌راوێزخستنیان دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌ڵێت “ته‌واوی‌ حزبه‌كان له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا په‌نا بۆ ژنان ده‌به‌ن تاوه‌كو ببن به‌ كاندیدی‌ حزبه‌كانیان، به‌ڵام دوای‌ ده‌رنه‌چوونیان، كاندیده‌ ژنه‌كان به‌ته‌واوه‌تی په‌راوێز ده‌خرێن”.

“ده‌ڵێن ژنان نیوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ن، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌وه‌ هه‌بێت ئه‌م وته‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین پێدانی رۆڵی زیاتره‌ به‌ ژنان له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ بڕیاردا له‌ عیراق، زۆرێك له‌ وڵاتانی رۆژئاوا ژنان سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن و زۆریش سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ پۆستی ئه‌و وه‌زارتانه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌شێكیان بدرێن به‌ ژنان”.

له‌ ئێستادا چاوی‌ ژنان له‌سه‌ر ئه‌و حه‌وت وه‌زاره‌ته‌ن كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عیراقه‌وه‌ متمانه‌یان پێببه‌خشرێت، داواكارن ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی عیراق له‌ رێگه‌ی پێدانی‌ چه‌ند پۆستێكی‌ وزارییه‌وه‌، رۆڵی ژنان له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردا به‌رز بنرخێنێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن