“پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر شاری‌ كه‌ركوكیان هه‌بووه”
25 چه‌كداری‌ داعش له‌ دوو هێرشی ئاسمانیدا كوژران

November 4, 2018 at 1:49 pm

كەركوك، 15-3-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی مەعن ساعدی فەرماندەی دژەتیرۆری عیراق لە كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عیراق له‌ كه‌ركوك، كوژرانی‌ 25 چه‌كداری‌ داعشی‌ راگه‌یاند، كه‌ پلانی هێرشكردنیان بۆ سه‌ر شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی‌ سنوری پارێزگاكه‌ هه‌بووه‌.

لیوا روكن، مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌ی پلانی “سه‌پاندنی یاسا” له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند “هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و پاڵپشت به‌ زانیاریی هه‌واڵگری، دوو تونێلی‌ تایبه‌ت به‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ به‌رزاییه‌كانی قه‌زای‌ دوبز له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ بۆردومانكران و له‌ ئه‌نجامدا 25 چه‌كداری‌ داعش كوژراون”.

“له‌ بۆردومانی یه‌كه‌مدا شه‌ش چه‌كداری‌ داعش و له‌ بۆردومانی دووه‌مدا 19 چه‌كداری‌ تر كوژراون، هه‌روه‌ها تونێلێكی تایبه‌ت به‌ چه‌كدارانی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی 500 مه‌تر بووه‌ به‌ته‌واوه‌تی خاپور كراوه‌”.

فه‌رمانده‌ی پلانی “سه‌پاندنی یاسا” له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ “له‌ نێو كوژراوه‌كاندا ژماره‌یه‌ك سه‌كرده‌ی داعشیان تێدابووه‌ و پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان و سه‌نته‌ری‌ شاری‌ كه‌ركوكیان هه‌بووه‌”

له‌ نێو كوژراوه‌كاندا ژماره‌یه‌ك سه‌كرده‌ی داعشیان تێدابووه‌ و پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر شاری‌ كه‌ركوكیان هه‌بووه‌

سه‌عدی هاوڵاتیانی‌ شاری‌ كه‌ركوك دڵنیاده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت “بۆ دانیشتوانی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌وه‌ وێنه‌ و چالاكییه‌كانی‌ پاڵه‌وانانی دژه‌ تیرۆر بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامن له‌ راوه‌دونانی‌ تیرۆریستانی داعش و شانه‌ نستوه‌كانیان له‌ نێو شاری‌ كه‌ركوك”.

ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ركوك و ناحیه‌ و قه‌زاكانی تری پارێزگاكانی تری عیراق، هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ ته‌واوی له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جموجۆڵی چه‌كداری تێدا ماوه‌ و سه‌قامگیری یه‌كجاری بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

رۆژی 20ی تشرینی یه‌كه‌می‌ 2018، له‌سه‌ر داوای‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌، هێزێكی فیرقه‌ی 9ی زرێپۆشی عیراق، له‌ ناوچه‌كانی باشوری‌ كه‌ركوك جێگیركران به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ دژی پاشماوه‌كانی‌ داعش.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن