ورده‌كاریی نوسینی دروشمی “هه‌ڕه‌شه‌ی خوێن” له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دوكانی‌ بازاڕی ره‌حیماوا

November 5, 2018 at 10:38 am

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2018، نوسینی دروشمی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك دوكانی‌ بازاڕی ره‌حیماوا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

نوسینی دروشمی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز له‌سه‌ر چه‌ند دوكانێكی بازاڕی ره‌حیماوای‌ شاری‌ كه‌ركوك، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، له‌ به‌داوداچونێكدا (كه‌ركوك ناو) نهێنی پشت نوسینی ئه‌و دروشمانه‌ ئاشكراده‌كات و پێشترین هه‌مان حاڵه‌ت له‌ چه‌ند شوێنێكی تری‌ شاری‌ كه‌ركوك تۆماركراوه‌.

شه‌وی‌ شه‌ممه‌ 3-11-2018، له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ نه‌ناسراوه‌وه‌، دروشمێكی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی (مطلوب دم) كه‌ به‌ واتای (خوێنتان له‌سه‌ره‌) دێت، له‌سه‌ر دوكانی چه‌ند كاسبكارێكی كوردی شاری‌ كه‌ركوك نوسرا و به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پەنجەی تۆمەتيان بۆ هێزەکانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عیراق راكێشا كه‌ ئەوان بەو کارە هه‌ڵساون.

یه‌كێك له‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ى وت “نوسینی ئه‌و دروشمانه‌ له‌سه‌ر دوكانه‌كانی‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان به‌هۆی‌ كاری بازرگانیه‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر قه‌رزارن كه‌ به‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، خاوه‌ن قه‌رزه‌كانیش ئه‌و دروشمانه‌یان له‌سه‌ر دوكانه‌كانی ئێمه‌ نوسیووه‌”

وتیشی ” كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان و خاوه‌ن قه‌رزه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ك ئێمه‌ كه‌ به‌ كرێ دوكانه‌كانمان گرتووه‌، خاوه‌ن قه‌رزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ كڕین و فرۆشتن به‌و دوكانانه‌وه‌ نه‌كرێت ئه‌و دروشمانه‌یان نوسیووه‌”.

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و وێنانه‌ی‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێری‌ (كه‌ركو ناو)ه‌وه‌ گیراون، ده‌رده‌كه‌وێت له‌ نوسینی دروشمه‌كاندا به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی، هه‌ڵه‌ی رێنوسی تێدایه‌ له‌ بڕی نوسینی (مطلوب دم) نوسراوه‌ (مطلوب بدام).

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2018، هه‌ڵه‌ی رێنوس له‌ نوسینی دروشمه‌كاندا كراوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

(س. ع) یه‌كێكی تره‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ دروشمی (خوێنت له‌سه‌ره‌) له وكانه‌كه‌ی نوسراوه‌ و ده‌ڵێت “كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن دوكانه‌كان و چه‌ند كه‌سێكی تره‌وه‌ و هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیمان به‌لایه‌نه‌كانی‌ كێشه‌كه‌وه‌ كردووه‌”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “شه‌وی‌ شه‌ممه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ دروشمی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز له‌سه‌ر چه‌ند دوكانێكی بازاڕی ره‌حیماوا نوسراوه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ندارێتی ئه‌و دوكانانه‌ بۆ دوو برا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دوای‌ روداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ خاوه‌ن دوكانه‌كانه‌وه‌ كردووه‌ و پێمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێمه‌ كرێچین و هه‌ر كاتێك پێویست بكات ئاماده‌ی دوكانه‌كانیان بۆ چۆڵبكه‌ین”.

“ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌سدا نیه‌ و سه‌رقاڵی كاری رۆژانه‌ی خۆمان نین، ئه‌و نوسینانه‌ی له‌سه‌ر دوكانه‌كانیشمان نوسراوه په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن دوكانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌”.

عه‌قید نه‌وزاد ستار، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا، سه‌باره‌ت به‌ نوسینی ئه‌و دروشمانه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیله‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ “روداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ی قه‌رزه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ر دوو لایه‌نی كێشه‌كه‌ش سه‌ر به‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن، به‌هیچ روداوه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌مارگیریی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی شاره‌كه‌وه‌ نیه‌”.

وتیشی “له‌ پێناو مامه‌ڵه‌نه‌كردن به‌و موڵكانه‌وه‌، خاوه‌ن قه‌رزه‌كان ئه‌و دروشمانه‌یان له‌سه‌ر دوكانه‌كان نوسیوه‌ و پێشتریش حاڵه‌تێكی هاوشێوه‌ی له‌ بازاڕی تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی بیناسازی ناسراو به‌ (بازاڕی كاره‌باكه‌) رویدا و به‌هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ی قه‌رزه‌وه‌ هه‌بووه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بنكه‌ی پۆلیسی ره‌حیماوا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ سكاڵای یاسایی تۆمارنه‌كردووه‌ و هێزه‌كانیان ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییان ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ روداوه‌كه‌ شه‌خسییه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن