دوزخورماتو؛ مامۆستایانی خوێندنی كوردی بایكۆتی ده‌وام ده‌كه‌ن

November 5, 2018 at 11:34 am

سەڵاحەدین، شوباتی 2017، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوەندی قەزای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگەیاندنی ئەو هێزە

له‌یلا ئه‌حمه‌د – سه‌ڵاحه‌دین

مامۆستایانی به‌شی خوێندنی كوردی له‌ قه‌زای‌ دوزخورماتو، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامیدان به‌ بایكۆت ده‌كه‌ن له‌ ئه‌گه‌ری‌ خه‌رجنه‌كردنی موچه‌ی مانگی رابردوویان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ نزیكه‌ی مانگێكه‌ موچه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌ دزراوه‌.

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی فتوه‌ی كوڕان له‌ دوزخورماتو سه‌باره‌ت به‌مانگرتنی مامۆستایان بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا و كارگوزاره‌كانی قوتابخانه‌كانمان واژۆمان كۆكردۆته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنمان راگه‌یاند تاوه‌كو موچه‌كانمان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نا له‌ بایكۆتكردن به‌رده‌وام ده‌بین”.

“حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندیمان له‌ كێشه‌كه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌، تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه‌ و حكومه‌تی عیراقیش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ناتوانێت هیچمان بۆ بكات به‌وپێیه‌ی میلاكی ئێمه‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك مامۆستای ئاینی هه‌وڵیاندا هه‌ڵمه‌تێكمان بۆ بكه‌ن له‌ پێناو كۆكردنه‌وه‌ی بڕه‌ پاره‌یه‌ك و خه‌رجكردنی وه‌ك موچه‌ی مامۆستایان، به‌ڵام یه‌كێتی مامۆستایان ئه‌و پێشنیازه‌ی ره‌تكرده‌وه‌”.

تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی نه‌داوینه‌ته‌وه‌ و حكومه‌تی عیراقیش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ناتوانێت هیچمان بۆ بكات

9ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م له‌ ناوچه‌یه‌كی نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی نه‌وجول، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مامۆستای كورد، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگانه‌ی خوێندنی كوردی و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ كه‌لار، تائێستا پاره‌كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

سالار عه‌لی‌ محه‌مه‌د، یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌ی فتوه‌ی كوڕان، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پاره‌كه‌یان لێدزراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ راگه‌یاند “قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه‌، وه‌ك یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی خوێندنی كوردی مانگرتنی راگه‌یاند و ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك مۆڵه‌تمان داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌مان بۆ چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن، ئه‌وا مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بین”.

“من یه‌كێك بووم له‌و لیژنه‌ی سێ كه‌سیه‌ی پاره‌كه‌مان لێدزرا، بۆیه‌ له‌ ئێستادا هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ ده‌ده‌م بۆ راگه‌یاندنی مانگرتن تاوه‌كو مامۆستایان قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌، كۆی پاره‌ دزراوه‌كه‌ش 59 ملیۆن دیناره‌، ئه‌و مامۆستایانه‌ی تریش كه‌ تا ئێستا مانگرتنیان رانه‌گه‌یاندووه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌یان تاوه‌كو سبه‌ی سێشه‌ممه‌ ئه‌وانیش دێنه‌ پاڵمان” مامۆستا سالار وای‌ وت.

خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتوو، موچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستایانی له‌ ناوچه‌ی داوده‌ی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ دابه‌شده‌كات و پێشتر ئه‌و موچه‌یه‌، له‌ سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی دوزخورماتوو به‌ره‌و كه‌ركوك یان له‌ سنوری نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر دابه‌شده‌كرا.

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك مۆڵه‌تمان داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌مان بۆ چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن، ئه‌وا مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بی

تارق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتو سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنی مامۆستایان له‌ لێدوانێكدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ راگه‌یاند “له‌ ئێستادا له‌ باره‌گای‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌م له‌ پێناو قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ مامۆستایانی دوزخورماتو، به‌ڵام وه‌زاره‌ت ده‌ڵێت كه‌ موچه‌كانی ناردووه‌ و ئاماده‌نیه‌ موچه‌ی‌ تریان بۆ بنێرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات هاوكاریی مامۆستایانی قه‌زاكه‌ بكات”.

به‌ڕێوبه‌ری‌ خوێندنی كوردی‌ له‌ دوزخورماتو وتیشی “دوو ڕێگامان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ دابینكردنی موچه‌ی دزراوی مامۆستایان، یه‌كه‌میان قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌، دووه‌میان راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌ له‌ پێناو خه‌رجكردنی موچه‌ی دزراوه‌كه‌ی مامۆستایان”.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، هه‌زاران خێزانی كوردی دوزخورماتوو له‌ نێویاندا مامۆستایان ئاواره‌بون به‌خۆی دروستبونی بارگرژی له‌گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا‌.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

موچه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی دوزخورماتوو دزرا

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن