شانه‌یه‌كی “تیرۆیستی” له‌ شاری‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركرا

November 5, 2018 at 12:44 pm

كه‌ركوك/2017/ ناوه‌ندی شار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

لیوا مه‌عن سه‌عدی، فه‌رمانده‌یی ده‌زگای‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی دووه‌م، ده‌ستگیركردنی شانه‌یه‌كی “تیرۆریستی” له‌ نێو شاری‌ كه‌ركوك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی‌ راگه‌یاند.

سه‌عدی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌ ده‌ڵێت “هێزه‌كانمان توانیویانه‌ له‌ نێو سه‌نته‌ری‌ شاری‌ كه‌ركوك 26 ئه‌ندامی‌ شانه‌یه‌كی تیرۆریستی ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامه‌كانیان ژن بوون”.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ “هه‌روه‌ها له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و چه‌ندین بۆمبی لاستیكی و پشتێنی بۆمبڕێژكراو و ده‌مانچه‌ی بێنده‌نگدا گیراوه‌”.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی عیراق ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد كه‌ “ئه‌و گروپه‌ ده‌ستیان له‌ ته‌واوی‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستانه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامدراون”.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدیه‌ دوێنی یه‌كشه‌ممه‌ 4-11، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عیراق له‌ كه‌ركوك، كوژرانی‌ 25 چه‌كداری‌ داعشی‌ راگه‌یاند، كه‌ پلانی هێرشكردنیان بۆ سه‌ر شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی‌ سنوری پارێزگاكه‌ هه‌بووه‌.

“پیلانی هێرشكردنه‌سه‌ر شاری‌ كه‌ركوكیان هه‌بووه” 25 چه‌كداری‌ داعش له‌ دوو هێرشی ئاسمانیدا كوژران

ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ناوچه‌كانی‌ باشور و باشوری رۆژئاوای‌ كه‌ركوك و ناحیه‌ و قه‌زاكانی تری پارێزگاكانی تری عیراق،هه‌رچه‌نده‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جموجۆڵی چه‌كداری تێدا ماوه‌ و سه‌قامگیری یه‌كجاری بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

رۆژی 20ی تشرینی یه‌كه‌می‌ 2018، له‌سه‌ر داوای‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌، هێزێكی فیرقه‌ی 9ی زرێپۆشی عیراق، له‌ ناوچه‌كانی باشوری‌ كه‌ركوك جێگیركران به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ دژی پاشماوه‌كانی‌ داعش.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن