حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌ ئێزیدی نشینه‌كانی‌ شه‌نگال راده‌ستی هێزه‌كانی‌ ئێزیدخان ده‌كات

November 5, 2018 at 2:03 pm

قەزای شەنگال/ ناحیەی سنونێ/3-3ی 2017، شەڕی نێوان لەشكری رۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

حه‌شدی شه‌عبی دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌شێك له‌ ناوچه‌ ئێزیدی نشینه‌كانی‌ سنوری‌ قه‌زای‌ شه‌نگال راده‌ستی هێزه‌كانی‌ ئاسایشی پاراستنی ئێزیدخان ده‌كات و فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌و هێزه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاروایه‌ له‌ ئاینده‌دا دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ به‌ته‌واوه‌تی راده‌ستی ئه‌وان بكرێت.

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌.

هه‌ڤاڵ چیا، لێپسراوی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی پاراستنی ئێزیدخان سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شه‌نگال به‌ هێزه‌كانیان بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “به‌گوێره‌ی‌ پلانێكی هاوبه‌ش، هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی تائێستا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و سێ گوندییان راده‌ستی هێزه‌كانی ئێمه‌ كردووه‌ و له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌ ئێزیدی نشينه‌كانی‌ راده‌ستی ئێمه‌ بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی حه‌شد ته‌نها له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان ده‌مێننه‌وه‌”.

هێزه‌كانی حه‌شد ته‌نها له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بی نشینه‌كان ده‌مێننه‌وه‌

ئه‌و ناوچانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی راده‌ستی هێزه‌كانی ئاسایشی پاراستنی ئێزیدخانی كردووه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال بریتین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی قه‌حتانیه‌ و گونده‌كانی‌ سیبایێ و جه‌زیره‌ و گۆندی گرعزێر.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌كانی‌ پاراستنی ئێزيدخان و هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ڤال چیا وتی”په‌یوه‌ندی نێوان ئێمه‌ و هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی زۆر به‌هێزه‌، له‌ئه‌گه‌ری‌ دروستبونی هه‌ر كێشه‌ و ئاڵۆزیيه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌، به‌هاوبه‌شی هه‌وڵی چاره‌سه‌كردنی ده‌ده‌ین”.

“ئێمه‌ حه‌زناكه‌ی هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌ شه‌نگال بكشێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وا ئێمه‌ ده‌توانین به‌ ته‌واوه‌تی دۆسیه‌ی ئه‌منی سنوره‌كه‌ بگرینه‌ده‌ست و كۆنتڕۆڵی بكه‌ین”، هه‌ڤال چیا وتیشی “ئێمه‌ هێزێكی فه‌رمین و له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ موڵه‌تمان هه‌یه‌”.

هێزی پاراستنی ئاسایشی ئێزیدخان، سه‌ر به‌ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی شه‌نگاله‌ و نزیكن له‌ پارتی كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ دانیانپێدانراوه‌ و موچه‌یان پێده‌درێت.

ئێمه‌ هێزێكی فه‌رمین و له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ موڵه‌تمان هه‌یه‌

فه‌هد حامد، قایمقامی شه‌نگال به‌وه‌كاله‌ت، له‌باره‌ی‌ راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شه‌نگال به‌ هێزه‌كانی پاراستنی ئێزدخان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ راگه‌یاند “راده‌ستكردنی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی ئێزیدخان، كاریگه‌ری‌ باشی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ ئێزیدیه‌كان بۆ ماڵه‌كانی خۆیان”.

“تائێستا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و سێ گوند له‌ سنوری‌ شه‌نگال راده‌ستی هێزه‌كانی‌ پاراستنی ئێزیدخان كراون، به‌پێی زانیارییه‌كان پێده‌چێت له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا دۆسیه‌ی ئه‌منی كۆمه‌ڵگه‌یی (عه‌دنانیه‌)ش له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیيه‌وه‌ راده‌ستی ئه‌و هێزه‌ بكرێت”.

سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی كه‌ تائێستا به‌ ده‌ست هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ماون، قایمقامی شه‌نگال وتی “ناوچه‌كانی‌ دۆمیز، ته‌ل قه‌سه‌ب، قه‌یره‌وان، به‌عاج وبلێج، دوو خاڵی پشكنین له‌ سه‌نته‌ری‌ شه‌نگال به‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ ماون، له‌ ناحیه‌ی سنون ته‌نها له‌ خاڵه‌كانی‌ پشكنین ماون و دوای‌ راده‌ستكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هێزه‌كانی‌ ئێزیدخان، هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی روینه‌داوه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن