ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ پێشووی شه‌نگال ره‌تده‌كاته‌وه‌

November 6, 2018 at 12:05 pm

شەنگال، 16-11-2015، سەربازێكی پێكهاتەی ئێزیدی لەناوەندی قەزاكە فۆتۆ: رۆیتەرز

كه‌ركوك ناو

ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدی، داوا له‌ حكومه‌تی عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات رێگریی له‌ هه‌وڵه‌ “نابه‌رپرسه‌كانی‌” ئیداره‌ و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا بكه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ی‌ پێشووی شه‌نگال و رایده‌گه‌یه‌نێت، خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌و ئیداره‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند “ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدی سه‌ربه‌خۆ و نوێنه‌ری‌ ده‌نگی گه‌لی‌ ئێزیدی له‌ چیای‌ شه‌نگال، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵه‌ نابه‌رپرسه‌كانی‌ حكومه‌تی ناوخۆیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ی‌ ئێشوی‌ قه‌زای‌ شه‌نگال كه‌ پێشتر قه‌زاكه‌یان جێهێشتووه‌”.

له‌ كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قایمقام و ئه‌نجومه‌نی قه‌زای‌ شه‌نگال و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ركرد و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ و ناڕازیی به‌شێك له‌ ئێزیدیانی شه‌نگالی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدیدا هاتووه‌ “ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نا په‌سه‌نده‌كانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شه‌نگاله‌وه‌، كه‌ له‌ دژی ئیراده‌ و جه‌ماوه‌ی شه‌نگال وه‌ستاوه‌ته‌وه‌”.

ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نا په‌سه‌نده‌كانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شه‌نگاله‌وه‌

“ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ توڕه‌یه‌ی خۆپیشاندانیان كرد و رێگرییان له‌ هاتنی پارێزگا و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا و ئیداره‌ی‌ شه‌نگال كرد بچنه‌ نێو قه‌زاكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ شتێك، ئه‌وا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌و ئیداره‌یه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌”

رۆژی‌ 31 تشرینی یه‌كه‌می 2018، له‌ دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ پێشووی قه‌زای‌ شه‌نگال بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی‌ ئێزیدی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و بۆ ماوه‌یه‌ك رێگای‌ سه‌ره‌كی قه‌زاكه‌یان داخست.

“هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال، هاوكات بوون له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی حه‌ردان به‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكومی، به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گرن له‌سه‌ر پاشكۆیی ئه‌و ئیداره‌یه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ خه‌ڵكی شه‌نگالیان جێهێشت، له‌ 3 ئابی 2014، تائێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ پیلاندانان بۆ تێكدانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی و وه‌رنه‌گرتنی مافه‌ ره‌واكانی خۆیان” ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدی واده‌ڵێت.

فه‌هد حامد، قایمقامی شه‌نگال له‌ لێدوانێكی پێشتردا به‌ (كه‌ركوك ناو)ێ‌ راگه‌یاندبوو “رۆژی 1ی‌ تشرین دووه‌می‌ 2018 و به‌ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی‌ به‌غدا و پارێزگای نه‌ینه‌وا و نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی‌ شه‌هیدانی عیراق و فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری، ده‌ست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌ مه‌فه‌ره‌قی حه‌ردان”.

هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال، هاوكات بوون له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی حه‌ردان

له‌ ئابی 2014وه‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شه‌نگال و زۆرینه‌ی فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ قه‌زاكه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون و كۆبونه‌وه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی فایده‌ی پارێزگای دهۆك ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌ ئێستاشدا بڕیاریانداوه‌ جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ناو قه‌زاكه‌دا درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال.

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌ و له‌و كاته‌وه‌ قایمقام و ئه‌نجومه‌ن و به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ سنوره‌كه‌ نه‌گه‌ڕوانه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن