سەردار سۆفی؛ چیرۆکێکی سەرکەوتنی کەرکوکییانە
خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆی کتاب و ئەکادیمیای فڕۆکەوانی

November 8, 2018 at 3:45 pm

د. سه‌ردار سابیر سۆفی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

هەردی عەبدوڵا

زۆرن ئەوانەی کە لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە بۆ کەرکوک، جانتاکانیان پڕن لە دیاری جوان بۆ خۆشەویستەکانیان، ئەمانەتێک بۆ هاوڕێکانیان، یان دەرمانێک بۆ نەخۆشی خزمێکی دوریان، سەردار سۆفی کاتێک لە سەرەتای دوو هەزارەکاندا دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی، تەنیا دەرمانێک شکدەبات کە نە پێویستی بە بارکردنە نە داگرتن، “پێکەوەژیان ئەوروپای‌ گەشەپێدا” و کەرکوکیش دەکرێت ببێتە چیرۆکێکی سەرکەوتنی تر.

دکتۆر سەردار سابیر سۆفی‌، کە لەدایکبوی 1962ی کەرکوکە، پەیمانگەیەک بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک دەکاتەوە، بەڵام خەونی دکتۆر تەنیا فێربونی زمان و کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو ئامانجێکی درێژخایەنتر خولیایەتی ئەویش تێکەڵبوونی منداڵانی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک و گواستنەوەی خولەکانە بۆ ئەو گەڕەکانەی هێڵی بەیەکگەیشتنی منداڵانی عەرەب و کورد و تورکمانن.

لەو کاتەی‌ لە کەرکوک سەرقاڵی‌ پەروەردەکردنی‌ منداڵانی‌ گەڕەکە کوردییەکان بوو، بە بەڕێوەبەری‌ ئەوکاتەی‌ پەروەردەی‌ کەرکوک دەڵێت،” ڕەزامەندیم بدەرێ تا خوێندکارانی‌ تورکمان و عەرەبیش لە خولەکانی‌ هاوینەدا وەربگرم و بەشداربن، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و وتی‌ بڕۆ پەیمانگەیەکی‌ ئەهلی‌ بکەرەوە تا منداڵان تیایدا بەشداربن و بە پارە بخوێنن لەو کارە خۆبەخشییەت باشترە”، سەردار سۆفی‌ لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وای بە (کەرکوک ناو) ووت.

سەرەتا لە ساڵی‌ (2001)دا، (پەیمانگەی‌ ئەپڵ بۆ کۆمپیوتەر و زمان) لە سلێمانی دادەمەزرێنێت، منداڵانی‌ ئاوارە، کەسوکاری‌ پێشمەرگە، شەهیدان و ئەوانەی‌ قوربانیانداوە لەپێناوی‌ وڵاتدا وەردەگیران و تێچووەکانیشیان هەر لە ئەستۆی‌ پەیمانگەکەدا بووە. دواتر، لە (2005)دا، هەمان پەیمانگە لە کەرکوک دەکاتەوە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا زیاتر لە پێنج هەزار کچ و کوڕ سود لەم ناوەندانە دەبینن.

سلێمانی‌، ئه‌یلولی 2018، ئاهه‌نگی كۆتایی 17 یه‌مین خولی‌ هاوینه‌ی په‌یمانگه‌ی ئه‌پڵ فۆتۆ: په‌یمانگای ئه‌پڵ

دیارە رێگەکە گوڵڕێژنەکراوە، بۆیە دوای بێهیوایی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەو کاتە دەستپێشخەرییەکی تر دەکات، “خولەکانی‌ هاوینە دەباتە ئەو خوێندنگانەی‌ دەکەونە هێڵی بەیەیەکگەیشتنی گەڕەکە کوردی و تورکمانی و عەرەبییەکانەوە ئەویش بەهیوای قوڵترکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە کەرکوک تا منداڵان لەو ڕێیەوە تێکەڵاو ببن و یەکتریان خۆش بوێت و گیانی‌ هاوکاری‌ و پێکەوەژیان لەنێوانیاندا گەشەبکات”.

خولەکانی‌ هاوینە دەباتە ئەو خوێندنگانەی‌ دەکەونە هێڵی بەیەیەکگەیشتنی گەڕەکە کوردی و تورکمانی و عەرەبییەکانەوە ئەویش بەهیوای قوڵترکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە کەرکوک تا منداڵان لەو ڕێیەوە تێکەڵاو ببن و یەکتریان خۆش بوێت و گیانی‌ هاوکاری‌ و پێکەوەژیان لەنێوانیاندا گەشەبکات”

دکتۆر سەردار سابیر سۆفی‌، دوای‌ تەواو کردنی‌ خوێندن، سەرەتا سەرقاڵی‌ کاری‌ سیاسەت بووە، دواتر لەساڵی‌ (1995)وە وەک پەنابەر لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، لەوێ ئەو باوەڕەی‌ لادروستبووە “گەشەپێدانی وڵات تەنیا بەقسە و دروستکردنی‌ کارگەیەک نابێت، بەڵکو وڵات پلان و هەوڵ و ماندوبونی‌ دەوێت”.

کرۆکی بیرۆکەی کارکردنی ئەم دکتۆرە کەرکوکییە ئەوەیە، “پێکەوە ژیان ئەوروپای‌ گەشەپێدان و سەریخستن، بۆیە بۆ کەرکوکییەکانیش گرنگە گیانی‌ پێکەوەژیان قوڵبکەنەوە و هەموو نەتەوەکان بێجیاوازی‌ بەخۆشی‌ پێکەوە بژین، چونکە کەرکوک شاری‌ ئەوانە”.

هەر نەمامە و دەبێت بە دار، دوای‌ سەرکەوتنی‌ لە خولەکانی‌ هاوینەدا لە کەرکوک “دکتۆر سەردار هەنگاو بۆسەرکەوتنێکی‌ گەورەتر دەهاوێژێت،” لەساڵی‌ (2010)دا پاش هەوڵ و ماندوبونێکی‌ زۆر دوو ساڵ سەرقاڵ دەبێت تا زانکۆی‌ کتاب دادەمەزرێنێت، زانکۆکە لە سنوری ناحیەی پردێیە و چوار هۆڵ لە خۆدەگرێت کە هەر یەکێکیان بەناوی کەسایەتییەکی پێکهاتەیەکی کەرکوکەوە ناونراوە. بەوتەی‌ خۆی‌” زۆرینەی‌ سەرکردەکانی‌ کورد لە کەرکوک و بەغداد هاوکاریان کردووە بۆ کردنەوەی‌ زانکۆکە. لەگەڵ ئەوەشدا، دکتۆر سەردار،” گلەیی‌ لەهەڵوێستی‌ ئەو کاتەی‌ حکومەتی‌ هەرێمی کوردستان دەکات، “بێ هیچ بیرکردنەوەیەک دژی‌ پڕۆژەکە بوون و ڕەتیانکردەوە ویستیان بێ ئومێدم بکەن”.

سلێمانی، ئه‌یلول 2018، سه‌ردانی مامۆستایانی په‌یمانگای ئه‌پڵ بۆ ئەکادیمیای فڕۆکەوانی‌ کوردستان كه‌ خاوه‌ندارێتی هه‌ردوكیان بۆ د. سه‌ردار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ فۆتۆ: له‌ په‌یجی ناوبراو وه‌رگیراوه‌

دوای ئەپڵ و زانکۆی کتاب، ئیتر کاتی فڕینە، فڕین بۆ بەجێهێشتنی (کەرکوک ناو)، بەڵکو بۆ بەکارخستن و سوودبینین لە ئاسمانی ووڵات، دکتۆر سەردار لەساڵی‌ (2016)دا بە ناونیشانی‌ (سەرەتایەکی‌ باش بۆ فڕین لە کوردستان)، ئەکادیمیای فڕۆکەوانی‌ کوردستانی‌ دامەزراند. سەرەتا بەغدا دژی کردنەوەی ئەکادیمیایەکی لەو شێوەیە بوون، بەڵام ئێستا داوادەکەن ئەکادیمیاکە بکەنە ئەکادیمیایەکی‌ کوردستانی‌-عێراقی‌ تا هەموولایەک لێی‌ سوودمەند بن.

سەرکەوتن و هێنانەدی‌ ئاواتەکانت هەوڵ و ماندوبونی زۆری‌ دەوێت، دەبێت بەردەوامبیت و بێهیوا نەبیت، چونکە سەرکەوتن لە پێشمانەوەیە نەک لەدواوە.

لای دکتۆر سەردار، تەنیا بژاردەیەک لەبەردەمیدا هەبێت سەرکەوتنە، تەنیا ڕیگەیەکیش هەبێت بەرەو ئەو سەرکەوتنە لە کەرکوک، دەستگرتنە بە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لەو پارێزگایەی کە بەوە بەناوبانگە سامانی نەوتی زۆرە، بەڵام لەوە گرنگتر سامانی مرۆییەکەیەتی کە لە هەژمار نایە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن