حەویجە جارێکی تر روناکبووەوە

November 12, 2018 at 10:17 am

كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2018، ناو بازاڕی قه‌زای حه‌ویجه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك) دوای ساڵێك له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو
كاره‌بای قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌، دوای چاككردنه‌وەی ئەو تاوەرەی پێشتر لەڕێی هێرشێکەوە کرابووە ئامانج، ئەوەش بە وتەی به‌ڕێوه‌بەری فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای‌ قه‌زاكه‌.

كۆتایی مانگی رابردوو، تاوه‌ر‌ێكی كاره‌با له‌ گوندی ئه‌لسیحه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك) له‌ رێی بۆمبێكی چێندراوه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 11 رۆژ ته‌واوی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ بێكاره‌با بوو.

ره‌عه‌د جبوری‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای‌ حه‌ویجه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “شه‌وی‌ رابردوو تیمه‌كانی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان توانیان ئه‌و تاوه‌ره‌ چاكبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی بۆمبێكه‌وه‌ كرابووه‌ ئامانج”.

وتیشی‌ “هه‌ر هه‌مان شه‌و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، دوای‌ 11 رۆژ توانرا كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ بۆ ته‌واوی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌”.

لە ‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ ساڵێكدا، 36 جار تاوه‌ره‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ كاره‌با له‌ سنوری‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ جارێكیش تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج.

پێشتریش (كه‌ركوك ناو) راپۆرتێكی له‌سه‌ر كێشه‌ی بێكاره‌بایی له‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و هاوڵاتیان و به‌رپرسانی قه‌زاكه‌ رایانگه‌یاند كه‌ بێکارەبایی “پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دوادەخات”.

١٠ رۆژە حه‌ویجه‌ بێكاره‌بایه‌

سه‌عد ناجی حه‌واس، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ پێشتر له‌ لێدوانێكدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ راگه‌یاندبوو، كه‌ هۆكاری‌ چاكنه‌كردنه‌وه‌ی‌ تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با بۆ باران بارینی زۆر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ئامێره‌كانمان ناتوانن به‌هۆی‌ قوڕولیته‌وه‌ بگه‌نه‌ شوێنی تاوه‌ره‌كان و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا كاره‌بایی قه‌زاكه‌ دەگەڕێتەوە‌.

حه‌ویجه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014 كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، به‌ڵام هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ 10-10-2017دا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌یان راگه‌یاند و تائێستاش زۆرینه‌ی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ نه‌گه‌ڕاوته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن