به‌غدا و هه‌ولێر: هیچ واده‌یه‌ك بۆ لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان دیارینه‌كراوه‌

November 18, 2018 at 12:30 pm

كه‌ركوك، 22ی ئه‌یلولی 2018، كردنه‌وه‌ی بازگه‌یه‌كی گومرگی له‌ نێوان كه‌ركوك - سلێمانی فۆتۆ. كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – كه‌ركوك ناو

به‌رپرسانی‌ ده‌سته‌ی گومرگی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ واده‌یه‌ك بۆ لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی‌ نێوانیان دیاریكرابێت و رایده‌گه‌یه‌نن، دانوستانه‌كانیان له‌سه‌ر رێكخستنی پێناسه‌ی گومركی و لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، به‌شێك له‌ میدیاكانی‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كراوه‌ بۆ لابردنی خاڵه‌ گومركیه‌كانی نێوانیان.

ساماڵ عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی گومركی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ (كه‌ركوك ناو) ره‌تیكرده‌وه‌ له‌گه‌ل وه‌فدی ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنوریه‌كانی‌ عیراق له‌سه‌ر لابردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوانیان رێككه‌وتبن و وتی “تائێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ لابردنی ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌ دیارینه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نیا كۆنوسێكی 27 خاڵیمان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنوریه‌كانی‌ عیراق واژۆكردووه‌ و كۆنوسه‌كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌ نێوان هه‌ردوولا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت”.

“دانانی خاڵی گومرگی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نایاسایی و سیاسییه‌، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له‌ كۆنوسه‌كه‌دا له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوین لابردنی ئه‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌یه‌، چونكه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نیت” ساماڵ عه‌بدولره‌حمان وای‌ وت.

دانانی خاڵی گومرگی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا نایاسایی و سیاسییه‌

له‌مادده‌ی 24ی‌ دستوری‌ هه‌میشه‌یی عیراقدا هاتووه‌ “ده‌وڵه‌ت زامنی ئازادی هاتوچۆی ده‌ستی كار و شمه‌ك و سه‌رمایه‌ی عیراقی ده‌كات له‌ نێوان هه‌رێم و پارێزگاكاندا، ئه‌مه‌ش به‌ یاساس رێكده‌خرێت”.

مانگی ئه‌یلولی‌ رابردوو به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، دوو بازگه‌ی گومرگی له رێگاكانی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر و كه‌ركوك – سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان – موسڵ به‌ فه‌رمی كرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فیدراڵی عیراق.

سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌ ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنورییه‌كانی‌ عیراق، كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ (كره‌كوك ناو) وتی “له‌ رۆژانی‌ رابردودا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان وه‌فدی خاڵه‌ سنوریه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا، به‌ڵام هیچ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش نه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نیا واژۆكردنی لێكتێگه‌یشتنێك بووه‌”.

له‌باره‌ی‌ هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنورییه‌كانی عیراق وتی “هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌ستنیشاننه‌كراوه‌، به‌ڵام دانوستانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن تا گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش و ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانه‌وه‌ باسده‌كرێت دوورە له‌ راستییه‌وه‌”.

هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌ستنیشاننه‌كراوه‌

“له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا جارێكی تر وه‌فدی باڵای عیراق و هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌ و ئه‌م پرسه‌ش به‌یه‌ك یان دوو كۆبونه‌وه‌ چاره‌سه‌رنابێت” سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنورییه‌كانی‌ عیراق وای وت.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ پرسی هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگاری كه‌ركوك رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت “خاڵه‌ گومرگییه‌كان له‌سه‌ر كاره‌كانی‌ خۆیان به‌رده‌وامن، مانه‌وه‌ یان لابردنیان پێویستیان به‌ رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و فراوان هه‌یه‌”.

كردنه‌وه‌ی‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی‌ تری عیراق بوه‌هۆی جێی ناڕه‌زایی هاوڵاتیان و گرانبونی نرخی به‌شێك له‌و كاڵایانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ كه‌ركوك و موسڵه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن