ئیداره‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا دۆخی‌ ئه‌منی پارێزگاكه‌ تاوتوێده‌كه‌ن

November 12, 2018 at 3:31 pm

نه‌ینه‌وا، 11ی‌ تشرینی دوه‌م، گۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌ن و فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابرودوی‌ به‌ره‌ی‌ راستی شاری‌ موسڵ، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ پارێزگاكه‌ كۆبوونه‌وه‌ و دۆخی ئه‌منی شاری موسڵیان تاوتوێكرد و هاوڵاتیانیان دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ دۆخی‌ ئه‌منی جێگیره‌.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌به‌شداریی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و فه‌رمانده‌ی پۆلیس و ماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی و ئاسایشی نیشتیمانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ كاتژمێر كۆبونه‌وه‌یه‌كی داخراویان ئه‌نجامدا.

سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ دوای‌ كۆتاییهاتنی كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوای‌ كرد ته‌واوی‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ پۆلیس كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه‌ رێگه‌یان پێبدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان و وتی “ئه‌و سیاسیانه‌ی‌ له‌ به‌غدان، پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ن كه‌ پشكی ته‌واو له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌دا بۆ پارێزگاكه‌یان دابینبكه‌ن و هاوكاریی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن له‌ رێگه‌ی دابینكردنی پێداویستیه‌كانیانه‌وه‌”.

وتیشی “پێویسته‌ كامێرای چاودێری له‌ ته‌واوی‌ شاره‌كه‌دا جێگیربكرێت و ته‌واوی‌ ئه‌و رێگا لاوه‌كیانه‌ی‌ دێنه‌ نێو شاری‌ موسڵه‌وه‌ دابخرێن”.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 8ی‌ تشرینی دوه‌م، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌به‌رده‌م چێشتخانه‌یه‌كی میلی به‌ره‌ی‌ راستی موسڵ ته‌قییه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س كوژران و 12 كه‌سی‌ تریش برینداربوون.

نه‌ینه‌وا، 11ی‌ تشرینی دوه‌می‌ 2018، كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لیوا نه‌جم جبوری، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا، هاوڵاتیانی‌ له‌وه‌دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ جارێكی تر داعش توانای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نیه‌ بۆ شاره‌كه‌ و وتی “هاوڵاتیان رۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ هاوكاریكردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و دیاریكردنی چه‌كدارانی‌ داعش له‌ شاری‌ موسڵ و ده‌وروبه‌ری‌”.

“ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌رده‌وامده‌بێت له‌ هه‌موو شوێنێكن هیچ گرنگیه‌ك به‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ ناده‌ین كه‌ هه‌وڵی تێكدانی دۆخی ئه‌منی شار ده‌ده‌ن” لیوا نه‌جم جبوری‌ وای وت.

له‌ ته‌مموزی ساڵی 2017، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانییان كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی داعش بهێنن له‌ موسڵ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت، به‌ڵام به‌ ته‌واوی ژیان و سه‌قامگیری بۆ ئه‌و شاره‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

نوره‌دین قه‌بلان، جێگری سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، له‌ رێگه‌ی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌ په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی دانیشتوانی‌ پارێزگاكه‌ كرد و وتی “ئه‌مڕۆ هه‌مومان ده‌ست له‌ناو ده‌ستین له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ خۆینی خۆیان له‌ پێناو ئه‌م شاره‌دا ڕشت، له‌ رۆژانی داهاتوشدا زیاتر چاوه‌كراوه‌ ده‌بین بۆ رێگریكردن له‌ رودانی‌ پێشیلكاری‌ ئه‌منی”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن