“شار بێ حاکمە”
(كه‌ركوك ناو) ورده‌كاریى برینداركردنی کەرکوکییەک‌ لە سلێمانی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

November 13, 2018 at 3:56 pm

سلێمانی‌، 13-11، برینداركردنی كه‌سێك له‌ پێشانگاكانی‌ ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن دوو چه‌كداره‌وه‌ فۆتۆ: تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان

كه‌ركوك ناو

بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی برینداركردنی پیاوێک له‌لایه‌ن دوو كه‌سی چه‌كداره‌وه‌ له‌ سلێمانی‌، كاردانه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ لە سەر ڕوپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان به‌دوای‌ خۆیدا هێنا و پۆلیسیش دەڵێت بریندارکراوەکە لە کەرکوک “کەسێکی نزیکی ئەو دوو کەسەی کوشتووە”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، رونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌سه‌ر روداوی‌ برینداركردنەکە کە لە یه‌كێك له‌ پیشانگەكانی ئۆتۆمبێلی‌ شاری (ناسراو به‌مەعرەزی علوجەکان) رویداوە، بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، بریندارەکە پێشتر “کەسێکی نزیکی ئەو دوو کەسەی کوشتووە”.

بە ووتەی پۆلیس، ئەو دو کەسەی تەقەیان کردوە مام ‌و برازان ‌و یەکێکیان ناوی (ج. س. ت)ەو (٤۱ ساڵ)ە و ئەوی تریان ناوی (ه. ج. س)ەو (۲۳ ساڵ)ە؛ بریندارەکەش ناوی (و. ج. ع) (۳۰ ساڵ)ە و هەرسێکیان خەڵکی کەرکوکن، لەئێستادا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراون‌، بە بڕیاری دادوەر بەندن و لێکۆڵینەوە له‌گه‌ڵیاندا بەردەوامە”.

وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و پۆلیسیش راستی رووداوەکەی پشتڕاستکردۆتەوە،” دوو چەکدارەکە کەسەکەیان بریندار کردوە و لەبەر دەستیاندا لە خوێنی خۆیدا و لەسەر شەقامەکە کەوتووە، چەکدارەکان هاواردەکەن و چەند کەسێکیش داوایان لێدەکەن کە کێشەکە بە یاسا بسپێرن نەک بە چەک.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌ ده‌ڵێت “دوێنێ دوشەممە، دوو کەسی مەدەنی کە فەرمانی کۆپی کراوی پۆلیسی کەرکوکیان پێ بووە، لەشاری کەرکوکەوە بەڕێکەوتون بۆ سلێمانی تا کەسێک ده‌ستگیربكه‌ن بەهاوکاری هێزەکانی پۆلیس‌ و ئاسایش، ئەو کەسەی کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە پێشتر بە هاوکاری چەند کەسێک کەسێکی نزیکی ئەو دو کەسەی کوشتووە”

رۆژی 18ی‌ ئه‌یلولی‌ 2018، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو، له‌گه‌ڕەكی حوڕییه‌‌ی شاری‌ كه‌ركوك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵێك و دوای‌ كوشتنی (یونس ستار)، چه‌كداره‌كان به‌ره‌ و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتن، به‌پێی زانیارییه‌كان روداوه‌كه‌ی سلێمانی‌ په‌یوه‌ندی به‌و روداوه‌وه‌ هه‌یه‌.

یونس ستار (41 ساڵ) مانگی ئه‌یلولی رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كی حوڕییه‌ی كه‌ركوك كوژرا

“ئه‌و كه‌سه‌ی برینداركراوه‌ لە پۆلیسی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بە مادەی ۱٤ موخەدەرات‌ و ٤۰٦ لە یاسای سزادانی عێراقی” به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ واده‌ڵێت.

ئه‌و كه‌سه‌ی برینداركراوه‌ لە پۆلیسی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بە مادەی ۱٤ موخەدەرات‌ و ٤۰٦ لە یاسای سزادانی عێراقی

برازای کوژراوەکەی کەرکوک، کە ‌ناوی‌ هه‌ژار جه‌بارە  دوای رووداوی کوشتنەکەی کەرکوک بە (كه‌ركوك ناو)ی وت، “حه‌وت چه‌كداری‌ ده‌مامكداری له‌ گه‌ڕە‌كی حوڕییه‌ چونه‌ته سەر‌ ماڵی مامم و یه‌كێكیان ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێكردوه‌ و ده‌ستبه‌جێ مامم گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌”.

پۆلیسی سلێمانی له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژە‌ی به‌وه‌شكردوه،‌ “ئەو دوو کەسە پێشتر ئاسایشیان لە بینینی ئەو تۆمەتبارە ئاگادارکردۆتەوە ، بەڵام کاتێک چونەتە پێشانگای‌ فرۆشتنی‌ ئوتومبێل لە سلێمانی کەسەکەیان بینیوەو بووە بەشەڕیان‌ و فریانەکەوتون بەئاسایش بڵێن، له‌ ئه‌نجامدا فیشەکێکیان ناوە بەقاچی كه‌سه‌كەوە”.

هاوڵاتییەک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، “لە هەر ووڵاتێک یاسا سەروەر نەبێت، بێگومان مرۆڤ بوون هیچ بە هایەکی نییە”.

یەکێکی دورتر دەڕوات و دەڵێت،” “شار بێ حاکمە”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن