كێشه‌ی میوانداریكردنی قوتابیانی زانكۆی موسڵ له‌ دهۆك چاره‌سه‌ركرا

November 14, 2018 at 10:42 am

دهۆك/ خوێندكارانی زانكۆی موسڵ له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق بۆ ئه‌مساڵی خوێندن رێگه‌ به‌و خوێندكارانی‌ زانكۆی موسڵ ده‌دات كه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌یان له‌ زانكۆی دهۆك درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ بڕیارێكی پێشوتردا سه‌رجه‌م كۆلێژه‌ جێگره‌وه‌كانی‌ زانكۆی موسڵی هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه‌.

مانگی ئه‌یلولی‌ رابردو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای‌ عیراق بڕیاریدا ته‌واوی‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ی زانكۆی موسڵ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی چوار ساڵه‌ی داعشه‌وه‌، له دهۆك ده‌خوێنن بگه‌ڕێنه‌وه‌ موسڵ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ فه‌سڵده‌كرێن، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لای خوێندكاران دروستكردوه‌.

سه‌یدو حسێن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌ ئه‌نجۆمه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وه‌زیری خوێندنی باڵای عیراق بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019، بڕیاریبدابوو به‌لابردنی كۆلێژه‌ جێگره‌وه‌كان و پابه‌ندنكردنی ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ زانكۆكانی‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوێنن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زانكۆی موسڵ، به‌ڵام دوای‌ هه‌وڵێكی زۆر توانرا ئه‌و بڕیاره‌ به‌سه‌ر قوتابیان زانكۆی موسڵدا رابگرین”.

وتیشی “بۆ ئه‌مساڵی خوێندن قوتابیانی‌ زانكۆی موسڵ ده‌توانن وه‌ك میوان له‌ زانكۆی دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن”.

دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیاریدا له‌چه‌ند پارێزگایه‌ك زانكۆی جێگره‌وه‌ بكاته‌وه‌ له‌وانه‌ش دهۆك، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش ده‌یه‌وێت ئه‌و زانكۆ جێگره‌وانه‌ دابخات و هه‌موو خوێندكار و مامۆستاكان بۆ زانكۆی موسڵ بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

بۆ ئه‌مساڵی خوێندن قوتابیانی‌ زانكۆی موسڵ ده‌توانن وه‌ك میوان له‌ زانكۆی دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن

كه‌ریم به‌رواری، لێپسراوی‌ كاروباری قوتابیان له‌ زانكۆی موسڵ به‌ ( كه‌ركوك ناو )ی وت “له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی موسڵ داوای له‌ زانكۆی دهۆك كرد رێگه‌بده‌ن به‌ مانه‌وه‌ی‌ قوتابیانی‌ قۆناغی‌ سێ و چواری‌ زانكۆی موسڵ تاوه‌كو له‌ دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن، كه‌ به‌هۆی‌ ناسه‌قامگیری دۆخی‌ ئه‌منی و سه‌ختی باری ئابوریانه‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆیان”.

“مه‌رجی زانكۆی‌ دهۆك بۆ قبوڵكردنی داواكاریه‌كه‌ی زانكۆی موسڵ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌بێت هه‌ر هوڵێكی خوێندن بۆ قوتابیانی زانكۆی موسڵ له‌ سی‌ قوتابی كه‌مترى تێدا نه‌بێت نه‌بێت و دوای‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش، قوتابیان ده‌توانن سه‌ردانمان بكه‌ن تاوه‌كو به‌شێوه‌ی میوانداری‌ بتوانن له‌ دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندنیان بده‌ن” كه‌ریم به‌رواری وای.

به‌رپرسی كاروباری‌ قوتابیان هۆشداریدا له‌وه‌ی‌ هه‌ر قوتابیه‌ك سه‌ردانیان نه‌كات، مافی‌ خوێندنی له‌ دهۆك به‌شێوه‌ی میواندانی نامێنێت و پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زانكۆی موسڵ و له‌وێ درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن.

ماجد سه‌یدو، خه‌ڵكی شه‌نگاله‌ و خوێندكاری‌ زانكۆی موسڵه‌ و له دهۆك ده‌خوێنێت، دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق بۆ لابردنی كۆلێژه‌ی جێگره‌وه‌كانی‌ زانكۆكه‌ی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی‌ وت “من له‌دهۆک به‌یانیان کرێکاری ده‌که‌م و خێزانه‌که‌م به‌خێو ده‌که‌م، ئێوارانیش ده‌چمه‌ زانكۆ، به‌ڵام له‌ موسڵ هیچ ئیشێک نییه‌ و کێشه‌ی ئه‌منی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ فه‌سڵیش بکرێن ناگه‌ڕێینه‌وه‌ موسڵ”.

زانکۆی جێگره‌وه‌ی موسڵ له‌ دهۆک له‌ 10 کولێژ و 19 به‌ش پێكدێت، خوێندنی به‌یانیان و ئێوارانی هه‌یه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی‌ (كه‌ركوك ناو) كه‌ له‌ زانكۆی موسڵه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌، 1400 قوتابی له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق بۆ مانه‌وه‌ له‌ زانكۆی دهۆك سودمه‌ند ده‌بن.

1400 قوتابی له‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق بۆ مانه‌وه‌ له‌ زانكۆی دهۆك سودمه‌ند ده‌بن

د. مێڤان عارف، جێگری سه‌رۆكی‌ زانكۆی دهۆك سه‌باره‌ت به‌ میوانداریكردنی قوتابیان زانكۆی موسڵ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “له‌گه‌ڵ زانكۆی موسڵ رێكه‌وتنێكی هاوبه‌شمان واژۆكردوه‌ و له‌ ئێستادا قوتابیان زانكۆكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆیان، ده‌توانن له‌ زانكۆی دهۆك درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن”.

“تا ئێستا 500 قوتابی ناوی خۆیان تۆماركرده‌وه‌ تاوه‌كو به‌شێوه‌ی میوانداری درێژه‌ به‌ خوێندن بده‌ن له‌ زانكۆی دهۆك، شوێنی تایبه‌تمان بۆیان ئاماده‌كردوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆرى مامۆستای زانكۆی دهۆك ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ وانه‌ به‌ قوتابیانی زانكۆی موسڵ بڵێنه‌وه‌” د. مێڤان عارف وای‌ وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن