بەرپرسبووە لە بەدیلگرتنی 21 پێشمەرگە
“والی‌ كه‌ركوك”ی داعش له‌به‌رده‌م دادگادا

November 15, 2018 at 3:15 pm

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2015، چه‌كدارانی‌ داعش پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان له‌ حه‌ویجه‌ نمایش ده‌كه‌ن

كه‌ركوك ناو

ئه‌بو حه‌مزه‌ كوردی،‌ والی‌ ولایه‌تی (كه‌ركوك) ی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی “داعش” لەبەردەم دادگادا دان بەوەدا دەنێت کە بەرپرسبووە لە بەدیلگرتنی 21 پێشمەرگە دا لە ساڵی ٢٠١٥دا و دواتر رەوانەی موسڵیان کردوون.

ئه‌بو حه‌مزه‌ كوردی‌، له‌لایه‌ن دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی تیرۆری‌ كه‌رخه‌وه وته‌كانی په‌سه‌ندكراوە و دانیناوه‌ به‌ به‌شداریكردن له‌ به‌دیلگرتنی 21 پێشمه‌رگه‌دا له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری‌ عیراق، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 14-11 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند “دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ لە بەغداد کە تایبه‌تە به‌ كه‌یسه‌كانی‌ تیرۆر له‌ سه‌رۆكایه‌تی دادگای‌ تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی‌ به‌غدا، دانپێدانانی یه‌كێك له‌ دیارترین تیرۆریسته‌كانی‌ داعشی په‌سه‌ندكرد، كه‌ والی‌ كه‌ركوك بووه‌ و به‌ (ئه‌بو حەمزه‌ كوردی) ناسراوه‌”.

“ئه‌و تۆمه‌تباره‌ به‌رپرسه‌ له‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و پێشتر والی‌ باكوری به‌غدا بووه‌ و ده‌یان گرته‌ی ڤیدیۆیی هه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی‌ بكرێت به‌ والی‌ كه‌ركوك،” بەگوێرەی بەیاننامەکەی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری‌ عیراق.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری‌ لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە‌ی به‌وه‌كردوه‌‌ “دیارترین کردەوەکانی ئه‌و تۆمه‌تباره‌، بەدیلگرتنی 21 ئەفسەر و پێشمەرگە و وێنەگرتنیان بووە بە جلی پرتەقاڵییەوە لەناو قەفەسی ئاسنین و دواتر سوڕاندنەوەیان بووە بە ئۆتۆمبێل بە ناو شاری‌ موسڵدا”.

دیارترین کردەوەکانی ئه‌و تۆمه‌تباره‌، بەدیلگرتنی 21 ئەفسەر و پێشمەرگە و وێنەگرتنیان بووە بە جلی پرتەقاڵییەوە لەناو قەفەسی ئاسنین

مانگی ئه‌یلولی رابردوو، (كه‌ركوك ناو) بابه‌تێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ی قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ئاماده‌كرد كه‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی‌ تیادا نمایشكرا، ئه‌حمه‌د خورشید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ باسی له‌ روداوه‌كه‌ و هه‌ڵوێستی دانیشتوانی‌ حه‌ویجه‌ كرد سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌ی چه‌كدارانی‌ داعش له‌گه‌ڵ دیله‌كاندا.

رۆژی 30ی‌ كانونی دوه‌می 2015، 21 پێشمه‌رگه‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌دیل كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش و چاره‌نوسیان نادیاره‌.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریدا هاتووه‌، دوای‌ په‌سه‌ندكردنی وته‌كانی به‌گوێره‌ی ماده‌ی چوار بڕگەی یەک له‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ تیرۆر رێوشوێنی یاسایی له‌ دژی تۆمه‌تباری‌ ناوبراو گیراوه‌ته‌به‌ر.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن