به‌وێنه‌.. گۆڕێكی دیكه‌ی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ شنگال دۆزرایه‌وه‌

November 18, 2018 at 11:03 am

نه‌ینه‌وا، تشرینی دوه‌می 2018، كارمه‌ندێكی رێكخراوی‌ ئێزیدی بۆ دۆكۆمێنتكردن له‌ شوێنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرعوزێر

كه‌ركوك ناو

گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ روفاتی ژماره‌یه‌ك قوربانی‌ ئێزێدی تیدایه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گرعوزێری‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ شنگال دۆزرایه‌وه‌.

رێكخراوی‌ ئێزێدی بۆ دۆكۆمێنتكردن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، دوای‌ گوێگرتن له‌ ئه‌ندامانی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ فه‌وجی پاراستنی لالش كه‌ له‌ قه‌زای‌ شنگالدان، توانرا گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی گرعوزێری بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ روفاتی 5 – 7 قوربانی تێدایه‌.

دوای‌ وردبینكردن بۆ زانیاریه‌كان، رێكخراوه‌كه‌ سه‌ردانی شوێنی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی كردوه‌ كه‌ لەنێو حەوزێکی ئاودا لەنێو ماڵێکی گرعوزێری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌حتانیه‌ بووه‌ و رێوشوێنه‌كان بۆ پاراستنی گۆڕه‌كه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر.

رێكخراوی‌ ئێزیدی له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا داوای‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كات ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌و گۆڕه‌دا بگرن و رێوشوێنی یاسایی بگرنه‌به‌ر بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ ته‌واوی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و داواده‌كات تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تی سه‌ردانی شوێنی گۆڕه‌كان بكه‌ن و وه‌ك ره‌گه‌زێك له‌ ره‌گه‌زه‌كان “تاوانی قڕكردنی به‌كۆمه‌ڵ” تۆماری بكه‌ن.

كۆتایی مانگی تشرینی دوه‌می رابردو، تیمێكی حكومه‌تی عیراق گه‌یشتنه‌ سنوری‌ قه‌زای‌ شنگال، به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ سنوره‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی‌ سنوره‌كه‌ له‌ دژی هه‌وڵه‌كانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ پێشوو، تیمه‌كه‌ ناوچه‌كه‌یان جێهێشت.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال.

قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن