توركمان و عه‌ره‌ب پێی رازی نین
كورد پێشنیارێكی نوێی بۆ پۆسته‌كانی كه‌ركوك هه‌یه‌

November 26, 2018 at 9:26 pm

كه‌ركوك، 2ی ئه‌یلولی 2018، كۆبونه‌وه‌ی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، پێشنیارێكی نوێی بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی شاره‌كه‌ خستۆته‌ به‌رده‌م توركمان و عه‌ره‌ب، به‌ڵام ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ پێی رازی نین.

دۆسیه‌ی دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی كه‌ركوك، چه‌ند مانگێكه‌ بۆته‌ جێی مشتومڕی پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازی پێشنیاره‌كانیانه‌وه‌ له‌ گفتوگۆكاندا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ئه‌نجامێك.

محه‌مه‌د غه‌رب، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد لایه‌نی كوردی داوای سه‌دا 50ی پۆسته‌كانی كردوه‌ تا رازی بێت له‌سه‌ر دوباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كو مه‌رج.

“رێژه‌ی سه‌دا 50 كه‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لیستی برایه‌تی داوایانكردووه‌ توشی شۆكی كردین چونكه‌ پێشتر رێككه‌وتن هه‌بوه‌ سه‌دا 32 بێت بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك، ئه‌وه‌ش پێشنیاری سه‌رۆكی پێشوی عیراق (جه‌لال تاڵه‌بانی) بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوه‌كه‌ی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا جه‌ختی لێكراوه‌ته‌وه‌” به‌وته‌ی غه‌رب.

حكومه‌‌تی ناوه‌ندی عیراق، هه‌وڵی هاوسه‌نگی ده‌دات له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆست و لێپرسراوێتییه‌كانی ئیداره‌ی ناوخۆیی، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان داواده‌كه‌ن بنه‌مای له‌سه‌دا 32 بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌به‌رچاوبگیرێت.

لێپرسراوه‌كه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك پێیوایه‌ داواكاریه‌كه‌ی كورد یاسایی نیه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ ” عه‌ره‌ب نایه‌وێت لایه‌نێك براوه‌ و لایه‌نێك دۆڕاو بێت وه‌كو له‌ دواین هه‌ڵبژاردن رویدا كه‌ ساخته‌كاری زۆری تێدا بوو”.

یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی پۆسته‌كانی كه‌ركوك ده‌كات

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، یه‌كێتی نیوه‌ی كورسییه‌كانی كه‌ركوكی به‌ده‌ستهێنا، عه‌ره‌ب و توركمانیش پێكه‌وه‌ نیوه‌ی كورسییه‌كانی دیكه‌یان بۆ خۆیان مسۆگه‌ر كرد.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی برایه‌تی (یه‌كێتی) به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وه‌ی له‌ نوسراوه‌كه‌ی ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه‌ جه‌ختیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ پێویستی به‌شداری هه‌موان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی، واته‌ بۆ به‌شدارییه‌ نه‌ك دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان”.

“پێویسته‌ دابه‌شكاری پۆسته‌كان به‌پێی چڕی دانیشتوان بێت، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ پۆست و دامه‌زراندن به‌ده‌ستدێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌ زوڵمه‌ له‌ كوردی پارێزگاكه‌ ده‌كرێت” عه‌سكه‌ری وای وت.

یه‌كێتیی پێشتریش هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركوكی كرد ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كسانی به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا دابه‌شبكرێت.

عه‌لی موفتی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی توركمان ئیللی ئیداره‌ی كه‌ركوكی تۆمه‌تباركرد به‌ سستی له‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان به‌یه‌كسانی و رێژه‌ی سه‌دا 32 بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كوتله‌ی برایه‌تی ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جیناكات و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ئاماده‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نین به‌ڵام مه‌رجی سه‌دا 50 داده‌نێن بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئێمه‌ سه‌رمانسوڕماوه‌ له‌و داواكارییه‌”.

موفتی ئاماژه‌ به‌ ئیداره‌دانی به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 ده‌كات و پێیوایه‌ “پۆسته‌كان ده‌درایه‌ یه‌ك پێكهاته‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی پێكهاته‌كانی تر و دادپه‌روه‌ری، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و هه‌موان شایسته‌ی خۆیان پێبدرێت”.

پارێزگای كەركوك، وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان.

“تائێستا نازانین كێ گه‌وره‌ترین پێكهاته‌یه‌ له‌ كه‌ركوك به‌هۆی نه‌بونی سه‌رژمێرییه‌ك بیسه‌لمێنێت زۆرترین دانیشتوان له‌ كام پێكهاته‌یه‌”، محه‌مه‌د غه‌رب، ئه‌ندامه‌كه‌ی كوتله‌ی عه‌ره‌بی وای وت.

دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك لەكاتێكدایە 13 ساڵە هەڵبژاردن نەكراوە ‌و ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن