سه‌ركه‌وتنێك به‌ تامی ئازار
هه‌دیا به‌ دنیایه‌ك خه‌مه‌وه‌ بوو به‌ یه‌كه‌می په‌یمانگا

November 30, 2018 at 9:35 pm

هه‌دیا بوكو (21 ساڵ) له‌مساڵدا بوو به‌ یه‌كه‌می به‌شه‌كه‌ی خۆی له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ولێر فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی هه‌دیا به‌ قوربانیدان و زه‌حمه‌تی زۆر به‌ده‌ستهات، به‌ڵام نه‌یتوانی پێكه‌نین و دڵخۆشی بۆ ناو خێزانه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، چونكه‌ هیچ هه‌واڵێك له‌ زانینی چاره‌نوسی برا بێسه‌روشوێنه‌كه‌ی گرنكتر نه‌بوو.

ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌كه‌، هێشتا له‌ چیرۆكی ده‌ربه‌ده‌ریدا و ئاواره‌ییدا ده‌ژی، ته‌نیا جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا ئه‌وه‌یه‌، ئاماده‌نه‌بوو كۆڵبدات و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ به‌ربه‌سته‌كاندا كرد، تا ئه‌وه‌ی ویستی به‌ده‌ستیهێنا.

چوار ساڵ دوای كاره‌ساتی شه‌نگال، هه‌دیا بوكو (21 ساڵ) به‌رهه‌می ماندوبونی خۆیی و ده‌وروبه‌ری چینه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی په‌یمانگاكه‌یدا له‌ هه‌ولێر، بوو به‌ یه‌كه‌می به‌شه‌كه‌ی خۆی.

“خوێندن و زانیاری گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه‌ بۆ مرۆڤ.. له‌ قۆناغی یه‌كه‌م و دوه‌می په‌یمانگا له‌ كۆی 70 قوتابی بومه‌ یه‌كه‌می به‌شی كتێبخانه‌ و زانیاری” هه‌دیا وای وت.

باوكی هه‌دیا به‌ بیستنی هه‌واڵه‌كه‌ دڵخۆش نه‌بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌و هێشتا برینداری دیارنه‌مانی كوڕه‌كه‌یه‌تی.

هه‌دیا له‌ 2014وه‌ له‌گه‌ڵ خێزاكه‌ی له‌ كه‌مپی به‌ركه‌وتوو له‌ دهۆك دژی

هه‌دیا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وتم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ كه‌مێك له‌ ئازاره‌كانی خێزانه‌كه‌م كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام واده‌رنه‌كه‌وت و كاتێك هه‌واڵه‌كه‌م به‌ باوكم وت، زانیم ته‌نیا هه‌واڵی ئازادكردنی براكه‌م دڵخۆشی ده‌كات.

براكه‌ی ئه‌و كچه‌، له‌ ئابی 2018دا و دوای هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش بۆ قه‌زای شه‌نگال، له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌زاران كچ و كوڕی ئێزیدی به‌ دیل گیراون و تائێستا، چاره‌نوسی نیوه‌یان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

“له‌به‌ر نه‌بونی ئۆتۆمبێل، له‌ 3ی ئابی 2014دا برایه‌كم به‌ناوی عیمران كه‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵ كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و هێشتا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندایه‌”، له‌نێو خێزان و كه‌سوكاری هه‌دیا 20 كه‌سی تر بێسه‌روشوێنن، له‌وانه‌ دوو پور و خاڵێكی.

هه‌دیا، چوار برا و خوشكێكی هه‌یه‌، خێزانه‌كه‌ی له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ رویانكردۆته‌وه‌ پارێزگای دهۆك، له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی كه‌به‌رتوو ده‌ژین، به‌ڵام ژیانی كوله‌مه‌رگی، باوكی كرێكاری ده‌كات و به‌ زه‌حمه‌ت بژێوییان ده‌ستده‌كه‌وێت.

خه‌می براكه‌یی و هه‌ژاری خێزانه‌كه‌ی، هه‌دیا به‌ره‌و بارێكی ده‌رونی خراپ ده‌برد، به‌ڵام نه‌یهێشت بكه‌وێت و ده‌ستیدایه‌ خوێندن، له‌ دهۆك 12ی ئاماده‌یی ته‌واو كرد و به‌ نمره‌ی سه‌دا 68،له‌ په‌یمانگی ته‌كنیكی هه‌ولێر وه‌رگیرا.

هه‌دیا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی له‌ به‌شی كتێبخانه‌ و زانیاری په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ولێر

هێشتا دوودڵ بوو به‌رده‌وامی به‌ خوێندنه‌كه‌ی بدات، به‌ تایبه‌ت به‌هۆی خه‌مه‌كانی خێزانه‌كه‌یه‌وه‌، له‌وه‌شدا برایه‌كی هاوكاری بووه‌ و هانیداوه‌، تا وازنه‌هێنێت.

“برایه‌كم ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌، پۆلی 12ی ئاماده‌یی ته‌واو كردبوو و وازی له‌ خوێندنی كۆلێژ هێنا له‌به‌ر من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ئیش بكات و مانگانه‌ به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك هاوكاریم بكات له‌ ته‌واوكردنی خوێندنی په‌یمانگا، “براكه‌م قوربانی داوه‌ بۆ من و هه‌رگیز ئه‌و چاكه‌یه‌ له‌ بیرناكه‌م، بۆیه‌ به‌ڵێنده‌ده‌ن به‌دوای ئیشێكدا بگه‌ڕێم تا منیش بتوانم هاوكاری ئه‌و بكه‌م له‌ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یدا” هه‌دیا وای وت.

له‌ ئێستاوه‌ قۆناغێكی نوێ له‌ ژیانی هه‌دیا ده‌ستیپێكردووه‌، گه‌ڕان به‌ دوای كار و هاوكاری خێزانه‌كه‌ی له‌ دابینكردنی بژێویدا، بۆ ئه‌وه‌ش حه‌زی به‌وه‌یه‌ ببێته‌ وانه‌بێژ یان له‌گه‌ڵ رێكخراوێكدا كاربكات.

له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یدا، ئه‌و خولیاكانیشی له‌بیر نه‌كرد، به‌ تایبه‌ت وێنه‌كێشان، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ وێنه‌یه‌ك ته‌واو بكات، به‌هۆی بیركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌موو كاره‌سات و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانی، “كاتێك وێنه‌یه‌ك ده‌كێشم پێش ته‌واوكردنی وێنه‌كه‌ ده‌درێنم” چونكه‌ بیر له‌ رۆژه‌ ناخۆشه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌”.

هه‌دیا زۆر خه‌می داهاتوی پێكهاته‌ و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌رێی گروپێكی هۆشیارییه‌وه‌ هانی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی بده‌ن، بیری توندڕه‌وی و نه‌هێشتنی جیاوازی له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌هێڵن، تا وابكه‌ن جارێكیتر هیچ مرۆڤێك روبه‌ڕوی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوچونه‌ نه‌بێته‌وه‌ ئێزیدییه‌كان به‌سه‌ریاندا هات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن