له‌ هه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژییدا
دوو خوشـك-ی ئـاواره‌ به‌ فیـشه‌ك بریـنداركــران

December 3, 2018 at 7:55 pm

كەركوك، ئۆكتۆبەری 2016، كەمپێكی ئاواره‌كان له‌ قه‌زای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

له‌وكاته‌ی  هەردوو خوشك، غالییه‌ و سكوت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتبون و گفتوگۆی ئاسایی خۆیان ده‌كرد، فیشه‌كێك دانیشتنه‌كه‌ تێكده‌دات، شوشه‌ی په‌نجه‌ره هاڕە ده‌كات و هه‌موان له‌جێی خۆیان به‌رزده‌بنه‌وه‌.

راید مكه‌یف و منداڵه‌كانی له‌نێویاندا غالییه‌ و سكوت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی بووه‌، له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌دا ده‌وه‌ستن و سه‌یری ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌وكاته‌دا فیشه‌كی زیاتر ئاڕاسته‌ی ناو ئه‌و ژووره‌ ده‌كرێت و غالییه‌ 15 ساڵ و سكوت 10 ساڵ ده‌پێكێت.

روداوه‌كه‌‌ دوای كاتژمێر شه‌شی شه‌وی رابردوو 2ی كانونی یه‌كه‌م له‌نێو ماڵی راید مكه‌یف رویدا، كه‌ چوار ساڵه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه له‌ شارۆچكه‌ی یەسرب-ی سەر بە پارێزگاى تکریته‌وه‌ ئاواره‌ی گوندی خاڵۆبازیانی بون له‌ ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر له‌ خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك.

راید مکەیف کەریم، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوابەدواى نوێژى خەوتنان گوێمان لە دەنگی فیشەکێک بوو بەر پەنجەره‌ى ماڵەکە کەوت و شکا، دواتر فیشه‌كی تر ته‌قێنرا و ئه‌و دوو كچه‌م به‌ركه‌وتن”.

فیشه‌كی تر ته‌قێنرا و ئه‌و دوو كچه‌م به‌ركه‌وتن

به‌ ‌هاوكاری دراوسێكانی، ئه‌و دوو خوشكه‌ ده‌گه‌یه‌نرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی كه‌ركوك، غالییه‌ باری ته‌ندروستی جێگیر نییه‌، فیشه‌كێك له‌سكییه‌وه‌ به‌ر ‌گورچیله‌ی كه‌وتووه‌، سكوت ده‌ستی توشی خوێنبه‌ربون بووه‌، له‌كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته‌دا بۆ ژوری نه‌شته‌رگه‌ری بردرا.

ئه‌و خێزانه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ كه‌سدا هه‌بێت، هه‌روه‌ها دراوسێكانیشیان له‌ گونده‌كه ده‌ڵێن خێزانێكی بێكێشه‌ن ‌.

ماجیدە خەلەف، له‌ ئەنجومەنى ئاوارەکانى گوندى خاڵۆبازیانی به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “چوار ساڵە لەم گوندە هیچ ئاواره‌یه‌ك توشی كێشه‌ی له‌و جۆره‌ نه‌بوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م روداوی ناخۆشه‌ روبدات، ئێمه‌ عه‌ره‌بین و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ كوردن و زۆر هاوكاریی ئێمه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌یان زۆر باشه‌”.

ماجیده‌ كاتی روداوه‌كه‌ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌ و وتی “خێزانه‌ كورده‌كان له‌ ئێمه‌ زیاتر دڵگرانتر بون”.

خێزانه‌ كورده‌كان له‌ ئێمه‌ زیاتر دڵگرانتر بون

برینداركردنی ئه‌و دوو خوشكه‌، له‌كاتێكدایه‌ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌، كه‌ له‌ 25ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستیپیكردوه و بڕیاره‌ 16 رۆژ بخایه‌نێت.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژیییه‌ دژ به‌ ژنان و ساڵانه‌ له‌هه‌موو جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتی پۆلیسى کەرکوک، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوابه‌دواى روداوەکە بنکەى پۆلیسى قەرەهەنجیرمان ئاگاداركرده‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌… تائێستا نەگەیشتوین بە هیچ دەرئەنجامێک، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ فیشه‌كه‌كه‌ له ‌دوره‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌و ماڵه‌ كراوه‌”.

پزیشک به‌ كه‌سوكاری ئه‌و دوو خوشكه‌ی وتووه‌، ره‌نگه‌ غالییه‌ “توشی ئیفلیجی بێت به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كه‌كه‌ووه‌، چونكه‌ کاری لە بڕبڕە‌ی پشتی كردووە”، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی راید مكه‌یف.

ره‌نگه‌ غالییه‌ توشی ئیفلیجی بێت به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كه‌كه‌وه‌، چونكه‌ کاری لە بڕبڕە‌ی پشتی كردووە

غالییه‌، چوار بوتڵ خوێنی پێدراوه‌ و ئێستا پێویستی به‌ جۆری خوێنیB+  هه‌یه، چونكه‌ ئه‌و خوێنه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌ماوه‌.

باوكی ئه‌و دوو خوشكه‌ كه‌ به‌ كرێكاری بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابینده‌كات، وتی “داواکارین هاوڵاتیانى شارەکە بە دابینکردنى ئەو جۆرە خوێنە هاوکاریمان بکەن”.

“نازانم بۆ وایانلێكردین، هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کەسدا نییە”، راید مكه‌یف وایوت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن