پۆلیسی خانه‌قین: بكوژی ژنێك ده‌ستگیركرا

December 4, 2018 at 3:42 pm

دیاله‌، 2018، هێزه‌كانی پۆلیسی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی خانه‌قین ئاشكرایكرد، تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیركراوه‌ له‌ كوشتنی ژنێك له‌ شارۆچكه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ كاتی روداوه‌كه‌دا هه‌ڵات.

كاتژمێر 7ی ئێواره‌ی دوێنێ دوشه‌ممه‌ 3ی كانونی یه‌كه‌م بووه‌، ژنێك له‌ گوندی یوسف به‌گ له‌ قه‌زای خانه‌قین كوژرا، دوای ئه‌وه‌ی به‌وته‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌.

عەقید دیار شەوكەت، بەرێوه‌بەری پۆلیسی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی كانونی یه‌كه‌م مەفرەزەكانی پۆلیس تاوانبارێكیان بە كوشتنی هاوسەرەكەی ده‌ستگیركرد”.

ئه‌و ژنه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌ ساڵی 2014دا و به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌، له‌ ناحیه‌ی سه‌عدییه‌وه‌ ئاواره‌ی خانه‌قین بون و تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

“تاوانباره‌كه‌ تەمەنی 24 ساڵە پیشەی كاسبە، بەپێی مادەی 405 یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە و دانی بە تاوانەكەی داناوە و و وتویەتی بەهۆی توڕە بوونه‌وه‌ ئەو كارەی كردووە، چونكە كەم درامەتە و كێشە نەبونیی هەبووە” به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس.

دوو سه‌رچاوه له‌ خانه‌قین‌: ژنێك له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا

كوژرانی ئه‌و ژنه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌، كه‌ له‌ 25ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ستیپیكردوه و بڕیاره‌ 16 رۆژ بخایه‌نێت.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژیییه‌ دژ به‌ ژنان و ساڵانه‌ له‌هه‌موو جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵه‌وه‌، چه‌ندین ژن و كچ له‌ خانه‌قین و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك بونه‌ته‌ قوربانی له‌ روداوی جیاوازدا، له‌ نێویاندا هێرشی چه‌كدارانی نه‌ناسراو.

قه‌زای خانه‌قین له‌ باكوری پارێزگای دیاله‌، یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ دۆسییه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ به‌ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن