جوتیارێك له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركرا
به‌شداریی خۆپیشاندانه‌كانی كردوه‌ دژی بڕیاره‌‌كانی پارێزگار

December 4, 2018 at 7:17 pm

كه‌ركوك/ئابی 2018/ رێگای نێوان كه‌ركوك – حه‌ویجه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵ ناوچه‌ی سنوری نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی داعش بوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك

دادوه‌رێك له‌ قه‌زای داقوق بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی جوتیارێك ده‌دات بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانێكدا رێگریی لێكردووه‌ سنوری زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان دیاریبكات و به‌ “هاندان”ی جوتیاران تۆمه‌تباركراوه‌.

ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو، دادوه‌رێك له‌سه‌ر سكاڵای ژماره‌یه‌ك جوتیاری پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب سه‌ردانی گونده‌كانی تاڵه‌بانی سنوری داقوقی كردووه بۆ دیاریكردنی سنوری زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان، به‌ڵام رێگه‌نه‌دراوه‌ كاره‌كانی ئه‌نجامبدات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی كانونی یه‌كه‌م، بڕیاری ئه‌و دادوه‌ره‌ به ‌ده‌ستگیركردنی عادل ستار جوتیاری گوندی یه‌نگیجه‌ جێبه‌جێكرا، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ خۆپیشانده‌رانی گونده‌كانی تاڵه‌بانی بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ بڕیاره‌كانی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و هه‌وڵی دادوه‌ر بۆ دیاریكردنی سنوری زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

هێمن شوكر، ئامۆزاى ئه‌و جوتیاره‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بە بڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوى داقوق ئامۆزاکەم سێ روژ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت، بە تاوانى هاندانى جوتیارانی سنورەکە بۆ پەکخستنى هه‌وڵی ئه‌و دادوه‌ره‌ بۆ دیاریكردنی سنوری زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان”.

وتیشى “تاوانەکەی بەقسەى پارێزەرەکەمان رێگریکردنە لە جێبەجێکردنى ئیشوکارەکانى دادوەر”.

تاوانەکەی بەقسەى پارێزەرەکەمان رێگریکردنە لە جێبەجێکردنى ئیشوکارەکانى دادوەر

خه‌ڵكی گوندی یه‌نگیجه‌ له‌ ناوچه‌ی تاڵه‌بانی له‌ داقوق، ئه‌وكات به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه‌ دادوه‌ره‌كه‌یان ناچاركرد به‌ڕاگرتنی كاره‌كانی و به‌جێهێشتنی سنوره‌كه‌.

“لەکاتى خوپیشاندانەکە عادل سه‌ره‌تا له‌ماڵ بووه‌، دواتر وەکو هەموو دانیشتووانى ناوچەکە چۆته‌ ناو خۆپیشانده‌ران”، شوكر وایوت.

رەمەزان مه‌جید، ئەنجومەنى گوندى یه‌نگیجە بە(کەرکوک ناو)ى وت “هەموو خەڵكى تاڵەبانى ئەو روژە دەرچوون بۆ خۆپیشادان… هیچ کەسێك هاندەرى جوتیارانى گوندەکە نەبووه‌، بەڵکو ئێمە بەویستى خۆمان دەرچوین و بەرگریى لە زەوییه‌ كشتوكاڵییه‌كانمان ده‌كه‌ین دژی بڕیاری پارێزگاری كه‌ركوك”.

هیچ کەسێك هاندەرى جوتیارانى گوندەکە نەبووه‌ بۆ خۆپیشاندان

له‌ سه‌ره‌تای مانگی رابردوو له‌ گونده‌كانی ئه‌و سنوره‌دا، گرژیی و ئاڵۆزی له‌ نێوان جوتیارانی كورد و عه‌ره‌ب دروستبوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ناكۆكی له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، تائێستا چه‌ندین بڕیاری ده‌ركردوه‌ له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌ 2004وه‌ له‌ نۆ گوندی داقوق راگواستراون، به‌ ئامانجی دوباره‌ نیشته‌جێبون له‌ ناوچه‌كه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵیۆه‌كان.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ جوتیارانی كوردی داقوق، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان راده‌ستی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب بكه‌نه‌وه‌، به‌ مۆڵكی خۆیانی ده‌زانن.

قەزای داقوق بەدووری 44كم دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك‌، دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردودا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن