لانیكه‌م‌ 250 بارهه‌ڵگر ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن
كاركردن له‌ گومركه‌كان هه‌ڵگیراوه‌، به‌ڵام رێگه‌ به‌تێپه‌ڕبونی شۆفێران نادرێت

December 4, 2018 at 8:46 pm

كه‌ركوك/4ی كانونی یه‌كه‌م/ناڕه‌زایی شۆفێرانی بارهه‌ڵگر له‌ دژی رێگه‌نه‌دانیان به‌ تێپه‌ڕبون و گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌ گومرگی كه‌ركوك- هه‌ولێر

سۆران محەمەد – كه‌ركوك

لانیكه‌م 250 بارهه‌ڵگر له‌ گومركی نێوان هه‌ولێر – كه‌ركوك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رچه‌نده‌ به‌بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران كاركردن له‌ گومركه‌كان هه‌ڵگیراوه‌، به‌ڵام رێگه‌یان پێنادرێت تێپه‌ڕبن.

ناڕه‌زاییه‌كه‌ ئه‌مشه‌و 4ی كانونی یه‌كه‌م له‌به‌رده‌م گومركه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا شۆفێره‌كان داوایانكرد چاره‌سه‌رێكیان بۆ بكه‌ن.

رەعەد محەمەد، شوفێری بارهەڵگر و یەکێک لە رێكخەرانی ناڕه‌زاییه‌كه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لە بەیانییەوە لەناو گەراجی گومرك گیرمانخواردووە، رێگاناده‌ن بڕۆین و کەلوپەلەکانیش گومرك ناکەن، بەبیانوی ئەوەی بە بڕیارێکی فەرمی داواکراوە کە فەرمانبەرانی گومركەکە کارنەکەن و کارکردن لە گومرك وەستاوە”.

وتیشی “ئه‌گەر کارکردن لە خاڵە گومركییەکان راگیرەوە بۆچی رێگا بە ئێمە نادەن باری ئۆتۆمبێلەکانمان بەره‌ و کەرکوک و شارەکانی تری عیراق بەرین، ئیدارەی خاڵە گومرگه‌كه‌ هیچ وەڵامێکیان نییه‌”.

ئه‌گەر کارکردن لە خاڵە گومركییەکان راگیرەوە بۆچی رێگامان پێنادەن باری ئۆتۆمبێلەکانمان بەرە و کەرکوک و شارەکانی تری عیراق بەرین

 ئه‌و شۆفێرانه‌ لانیكه‌م 250 بارهه‌ڵگریان پێیه‌و قه‌ره‌باڵغییان له‌ناو گه‌راجی گومركه‌كه‌ دروستكردوه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4ی كانونی یه‌كه‌م، به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كاركردن له‌ خاڵه‌ گومركییه‌كانی كه‌ركوك – هه‌ولێر، كه‌ركوك – سلێمانی و گومرگه‌كانی تری نێوان پارێزگای نه‌ینه‌وا و هه‌رێمی كوردستان راگیران، له‌ ئێستاشدا هیچ شمه‌كێك له‌و بازگانه‌وه‌ گومرك ناكرێن.

سه‌عدون عەلی، یەکێک تر لە شوفێرەکان، وتی “جاران کاتێك کەلوپەلمان دەهێنا، گومرك دەکراین و کارەکان راییدەکرا، بەڵام ئێمە لە بەیانییەوە لە گەراجی گومرك گیرمانخواردووە لەناو قۆڕ و لەبه‌ر بارانداین”.

له‌کاتی ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌دا، ‌(که‌رکوک ناو) ئاگادارکرایه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ده‌م خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ رۆیشتون و داوایانکردووه‌ “دانبه‌خۆیاندا بگرن تا ئه‌وکاته‌ی چاره‌سه‌رێکی به‌ په‌له‌ ده‌دۆزنه‌وه”.

كاركردن له‌ گومركه‌كانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا راگیران

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن