شیرین تراژیدیاکان دەگۆڕێت

December 5, 2018 at 10:26 am

شیرین ئه‌مین له‌گه‌ڵ ئامه‌دی كوڕی، له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ قه‌زای كه‌لار فۆتۆ: ژینۆ خه‌لیل

ژینۆ خه‌لیل – گه‌رمیان

رێگاکە گوڵڕێژ نه‌بوو، له‌ نێو ئازاردا هاته‌ دنیا و بەناو‌ هه‌رچی تراژیدیایە‌ تێپه‌ڕی، به‌ڵام هه‌ر نه‌كه‌وت و هێشتاش به‌ دوای مافی خۆیی و زوڵملێكراوانه‌وه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی بۆ شیرین ئه‌مین جیاوازه‌ له‌ ژنانی تر، سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی داخراو و ژیانێكی پڕ له‌ مه‌ینه‌تی، دوور له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كان و هاوبه‌شی ژیانی.

شیرین ئه‌مین عه‌بدولعه‌زیز (30 ساڵ)، زیاتر له‌ ناوی باوكی به‌ ناوی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌؛ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ گه‌رمییانه‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر جوانه‌مه‌رگ كرا.

“ژیانم لە زۆر تراژیدیا ‌و چیرۆك پێكهاتووە، چونكه‌ دور لەخێزان ‌و كەسوكارم گەورەبوم”، شیرینی كاوه‌ گه‌رمیانی وای وت.

“سەرباری ئەو هەموو ئازار ‌و ناڕە‌حەتییانه‌ی لە ژیانمدا بینیومە، لەسەركەوتن بێهیوا نەبوم، هەمیشە پلانم بۆ ژیان هەبوە ‌و بەئومێدەوە لە ژیانم روانیووە”.

سەرباری ئەو هەموو ئازار ‌و ناڕە‌حەتییانه‌ی لە ژیانمدا بینیومە، لەسەركەوتن بێهیوا نەبوم

پۆشاکی سه‌رتاپا ره‌ش ده‌پۆشێ، وه‌ك چۆن له‌ یاده‌كانی تیرۆركردنی هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌هه‌مانشێوه‌ و له‌گه‌ڵ كوڕەکە‌یدا، ئه‌مساڵ چوه‌ ناو په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌.

شیرین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵی هەرێمی كوردستان، زۆرترین ده‌نگی ژنانی به‌ده‌ستهێنا و به‌ 14 هه‌زار ده‌نگ له‌ نێو 241 كاندیدی ژندا، كورسییه‌كی بۆ لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مسۆگه‌ر كرد.

“من جیاواز دەبم لە‌و 110 پەرلەمانتارەی تر، دەنگدەری من دەنگی ئیرادە بوو، دەنگی من دەنگی كڕین ‌و ساختە نەبووە”.

شیرین بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌ كارگێڕی كاردا هەیە و هه‌شت ساڵه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی گه‌رمیان فه‌رمانبه‌ره‌.

ئه‌و ژنه‌ گه‌رمیانییه‌ بڕیاریداوه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ درێژە‌ به‌ چیرۆكه‌كه‌ی بدات، “ئامانجی من خزمەتی خەڵكە، لە پێناو قوتی خەڵك دەجەنگم‌، لەڕێی كۆمەڵێك یاسا و پڕۆژەوە داكۆكیكاری سەختی خەڵك دەبم”.

رۆزنامەنوسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی

رۆزنامەنوس كاوە گەرمیانی

ژیانی منداڵیی شیرین، باشتر نه‌بووه‌ له‌ گه‌وره‌ییه‌كه‌ی، هه‌مان ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كوڕە‌كه‌یدا هات ئه‌ویش پێشتر پێیدا تێپه‌ڕیووە، ‌بێ باوك و كه‌سوكار مایه‌وه‌.

“له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت مانگیدا گونده‌كه‌مان له‌ گه‌رمیان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وت، شه‌ش مانگی ته‌مه‌نم له‌ زیندانی نوگره‌سه‌لمان به‌سه‌ربرد”.

شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌ 1988دا، له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌وكاتی عیراقه‌وه‌ به ‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن بوو دژی كورد، به‌هۆیه‌وه‌ 182 هه‌زار كه‌س بونه‌ قوربانی، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ لێبوردنێكی حكومه‌تی ئه‌وكات، شیرین جارێكیر ده‌رفه‌تی ژیانی پێدرا، به‌ڵام له‌ خێزانه‌كه‌ی دابڕا و له‌گه‌ڵ پورێكی مایه‌وه‌، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ باوكیشی نه‌بینییه‌وه.

“لەگەڵ دایك و خوشكی خۆم نەژیاوم، تا تەمەنم بوو بە 9 ساڵ ئەوانم نەبینی بوو.. پاش چەند ساڵێك لەپرۆسەی ئەنفال دایكم ‌و دوو خوشكەكەم دۆزییەوە، باوكم هەر نەبینیووە تەنانەت لەوێنەیەكیشدا، ناسنامە ‌و جلیشی لێ‌ بەجێنەماوە تا بۆنی باوكایەتی لێبكەم، تائێستاش ئومێدم هەیە باوكم ببینمەوە”، شیرین كاتێك وای وت چاوه‌كانی پڕبون له‌ فرمێسك.

پاش چەند ساڵێك لەپرۆسەی ئەنفال دایكم ‌و دوو خوشكەكەم دۆزییەوە

چیرۆكه‌كه‌ی شیرین، دوای چه‌ندین ساڵ دوباره‌ بۆته‌وه‌، ئه‌مجاره‌ ئه‌و بۆته‌ دایكی كوڕێك كه‌ به‌رله‌وه‌ی بێته‌ دنیا، باوكی لێ سه‌ندرایه‌وه‌.

ئامه‌د كاوه‌ گه‌رمیانی، 17 رۆژ دوای مه‌رگی باوكی له‌ دایك بوو، له‌ هه‌موو ساڵیاده‌كانی تیرۆركردنه‌كه‌دا ئاماده‌یه‌، به‌ڵام هێشتا نازانێت چی رویداوه‌.

كاوه‌ گه‌رمیانی، باوكی ئامه‌د و هاوسه‌ری شیرین، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری رایه‌ڵ بوو كاتێك له‌ ئێواره‌ی 5ی كانونی یه‌كه‌می 2013 دا، به‌ به‌رچاوی دایكیه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌.

“كاتێك رۆیشتم بۆ نه‌شته‌رگه‌ری نزای ئه‌وه‌م ده‌كرد وه‌ك كاوه‌ كوڕە‌كه‌م نه‌بینم، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خەمی كاوەدا بوم… چونكه‌ كاوه‌ زۆر تامەزرۆی بینینی ئامەد بوو، بۆیە ئەو چیرۆك ‌و ژیانەی كاوە بنیادی دەكرد بۆ ئامەد زۆر جوان بو وەك باوكێك”.

شیرین ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هاتنه‌دنیای ئامه‌د، دیدی ئه‌و گۆڕا، “وەك دایكێك ئه‌گەر چەندین تراژیدیای تر بێتە ڕێگەم ئامەد لەژێر چەتری خۆم گەورە دەكەم، ئه‌و دیاری كاوەیە بۆی بەجێهێشتوم.. هەوڵمداوە قەرەبوی نەبونی باوكی بۆ بكەمەوە”.

ئامه‌د ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ پێنج ساڵ، له‌ قۆناغی دوه‌می باخچه‌ی منداڵانه‌، كاتێك پرسیاری ناوی خۆی لێده‌كه‌یت ده‌ڵێت “ناوم ئامه‌د كاوه‌ گه‌رمیانییه‌”.

“هەوڵمداوە ئامەد لەو تەمەنە كەمەیدا نەزانێت باوكی كێیە ‌و بۆچی مردوە، تاخۆی دەگات بەتەمەنێك لە‌و راستییە تێدەگات..”.

هەوڵمداوە ئامەد لەو تەمەنە كەمەیدا نەزانێت باوكی كێیە ‌و بۆچی مردوە

شیرین له‌ كۆڕێكی شیعریدا كاوه‌ گه‌رمیانی ناسی، كاتێك تێكستێكی بۆ باوكه‌ ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌، له‌وێوه‌ پاڵپشتی بۆ ژیانی دروستبوو.

“لەقۆناغی ئامادەییدا شەهید كاوە گەرمیانیم ناسی، ساڵی 2007 لەیادی ئەنفالدا شیعرێكم بۆ باوكم نوسی چونكە لەخەمی ئەوەدابوم باوكم كێیە و چی بەسەرهاتووە.. له‌ڕێی كاوەوە شیعرەكەی بۆ خستمەسەر پەڕەی رۆژنامە ‌و بۆی بڵاوكردمەوە”.

شیرین ده‌ڵێت ئه‌و شیعره‌ هۆكارێك بوو بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنیان، دواتر بونه‌ هاوڕێ و دڵسۆزی یه‌كتری، تا دروستكردنی ژیانی خێزانی.

“پێش ئەوەی كاوە بناسم هەمیشە بۆشاییەك لەژیانمدا هەبووە كە لەكەسوكارم بەدوربوم‌ و لەخێزانەكەم دابڕاوم، كاوە ژیانی بۆ گەڕاندمەوه‌ كاتێك داوای هاوسەرگیری لێكردم، بەقەناعەتەوە رازی بوم و دڵنیابوم لەوەی بڕیارێكی باشم داوە‌ و باشترین پیاوم هەڵبژاردوە، بۆیه‌ له‌ 12ی كانونی یه‌كه‌می 2012 هاوسەرگیرییمان كرد”.

هه‌ولێر/تشرینی دووه‌می 2018/ شیرین و ئامه‌دی كوڕی< له‌ناو بینای په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كه‌م رۆژی سوێندخواردنی شیرین وه‌كو په‌رله‌مانتار

كاوه‌ گه‌رمیانی، زیاد له‌ جارێك روبه‌ڕوی هه‌ڕهەشه‌ و سكاڵا بۆته‌وه‌، نوسینه‌كانی زیاتر له‌ سه‌ر گه‌نده‌ڵی بون، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی.

“كاوە بەناوی خۆیەوە راپۆرتەكانی بڵاودەكردەوە ‌و ناوی ئەو بەرپرسانەی دەدا گەندەڵییان كردوە، نا‌و ‌و پلە‌ و پۆست‌ و پێگەی حیزبییەكەی ئاشكرا دەكردن، ئەمە بوە هۆی مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر ژیانی”.

شیرین له‌باسی هه‌ڕە‌شه‌كانی سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی وتی “لەدوا قۆناغدا گەیشتن بەوەی تەنیا مەرگ كاوە دەوەستێنێت لە ئاشكراكردنی گەندەڵییەكانیان، بۆیه‌‌ تیرۆریان كرد”.

لەدوا قۆناغدا گەیشتن بەوەی تەنیا مەرگ كاوە دەوەستێنێت لە ئاشكراكردنی گەندەڵییەكانیان

هاوشانی هاوسه‌ره‌كه‌ی، چالاكییه‌كانی شیرین ئه‌مین كه‌متر نه‌بون، جگه‌ له‌ كاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، له‌ به‌ره‌ی پارێزگاری له‌ ژناندا بوو.

ئه‌مساڵ ده‌رگایه‌كی جیاوازتر بۆ شیرین كرایه‌وه‌، گواستنه‌وه‌ی چالاكیی و هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك له‌ شه‌قامه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، جگه‌ له‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی؛ زیندو هێشتنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی بوو.

“بەهەر رێگەیەك بێت دەبێت خەونی كاوە رۆشن بكەم ‌و ناوی ئەو زیندوو بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وانەزانن كە كاوە مرد ئیتر قەڵەمەكەی شكێنراوە”، شیرین وایوت.

شیرینی كاوه‌ گه‌رمیانی، هێشتا له‌ سه‌ره‌تای رێگاكه‌یدایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ شه‌قامه‌وه‌ بانگه‌وازی بۆ كرد له‌ڕێی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستی بكات، له‌ پێشینه‌یاندا مافی كه‌سوكارانی ئه‌نفال، ئازادی و پرسه‌كانی ژنان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن