كچێكی ئێزیدی له‌ ئه‌ڵمانیا گیانی له‌ده‌ستدا

December 5, 2018 at 9:50 pm

سیپان سیڤان (19 ساڵ) له‌ ئه‌ڵمانیا به‌وته‌ی كه‌سوكاری خۆی خنكاندوه

عه‌مار عه‌زیز – كه‌ركوك ناو

كچێكی ئێزیدی له‌ ئه‌ڵمانیا خۆی خنكاند، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی كه‌سوكاری كه‌ به‌وته‌ی خۆیان به‌ رووداوه‌كه‌وه‌ شۆك بون، چونكه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌.

شه‌وی 4ی كانونی یه‌كه‌م له‌ شاری شتوتگارت له‌ ئه‌ڵمانیا، سیپان سیڤان به‌دۆ (19 ساڵ)، له‌ناو ماڵی باوكی كۆتایی به‌ ژیانی هات، له‌ ئێستاشدا پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان ده‌رباره‌ی رووداوه‌كه‌.

سیداد سیڤان، برای كچه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كاتژمێر 11ی شه‌و بوو، سیپان به‌ دایكم وت ده‌چێته‌ حه‌مام و سه‌ری ده‌شوات، دوای مانه‌وه‌ی به‌ كاتژمێرێك، دایكم ده‌رگای حه‌مامه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بینی خوشكه‌كه‌م به‌ جله‌كانی خۆی خنكاندووه‌ و گیانی له‌ ده‌ستداوه”.

ئه‌و برایه‌ی ده‌ڵێت خوشكه‌كه‌ی هیچ كێشه‌ و نیشانه‌یه‌كی خه‌مۆكی نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌ رووداوه‌كه‌وه‌ شۆك بون و نازانن بۆچی كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌.

خێزانه‌كه‌ی سیپان، نیشته‌جێی كۆمه‌ڵگای خانكێ بون له‌ قه‌زای سیمێل، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چونه‌ ئه‌ڵمانیا، تائێستاش له‌و وڵاته‌ درێژه‌ به‌ ژیان ده‌ده‌ن.

دایكم ده‌رگای حه‌مامه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بینی خوشكه‌كه‌م به‌ جله‌كانی خۆی خنكاندووه‌

ئه‌كره‌م به‌دۆ، مامی سیپان دوای بیستنی روداوه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ براكه‌یه‌وه‌ كردووه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “براكه‌م وتی كچه‌كه‌ی ئه‌و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌ و شه‌وی رابردوو پێكه‌وه‌ نانیان خواردووه‌، دواتر به‌ دایكی وتووه‌ ده‌چێته‌ حه‌مام وله‌ناو حه‌مامه‌كه‌دا‌ به‌په‌تێك خۆی خنكاندووه”.

ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌، دوو خوشك و چوار برای هه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی چۆته‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ به‌شی پزیشكی درێژه‌ی به‌ خوێندن داوه‌.

فرسه‌ت ئه‌كره‌م، خاڵۆزای سیپانه‌ و ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ساڵ نزیك له‌ یه‌كتری ژیاون، به‌ڵام چوار مانگه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌ی ده‌كرد به‌ رووداوه‌كه‌وه‌ شۆك بوو، وتی “توشی شوك بووم چونكه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیرم له‌وه‌نه‌كردۆته‌وه‌  رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و خۆی ده‌كوژێت، چونكه‌ حه‌زی له‌ ژیان و پێشكه‌وتن و خوێندن بوو”.

“ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم سیپان زۆر حه‌زی ده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی رازی نه‌بون، بۆیه‌ بێ هیوا بووه‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌وه‌ش كه‌وتۆته‌ حاڵه‌تێكی خراپی ده‌رونییه‌وه‌” به‌وته‌ی خاڵۆزای ئه‌و كچه‌.

پۆلیسی ئه‌ڵمانیا، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ روداوه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێكردووه‌، بۆیه‌ هێشتا ته‌رمه‌كه‌ی راده‌ستی كه‌سوكاری نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

فرسه‌ت ئه‌كره‌م ده‌ڵێت ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا به‌خاك ده‌سپێردرێت و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ی كانونی یه‌كه‌م له‌ گونده‌كه‌ی خۆی پرسه‌كه‌ی ده‌ستیپێكرد.

خێزانه‌كه‌ی سیپان سیڤان، به‌ر له‌ روداوه‌كانی ئابی 2014 و هێرشه‌كانی داعش رویانكردۆته‌وه‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ له‌و روداوه‌كه‌ هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژی و رفاندن بونه‌وه‌، زۆرینه‌ی كچان و ژنانی رفێنراو دوای رزگاربونیان له‌ ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌، بۆ چاره‌سه‌ری ده‌رونی ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كراون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن