مامۆستایانی دوزخورماتوو: مانده‌گرین
قـه‌ره‌بوی موچـه‌ دزراوه‌كه‌یـان نـه‌كراوه‌ته‌وه‌

December 5, 2018 at 10:23 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 5ی كانونی یه‌كه‌می 2018، مامۆستایانی خوێندنی كوردی داوای قه‌ره‌بوی موچه‌ دزراوه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – سه‌ڵاحه‌دین

مامۆستایانی خوێندنی كوردی له‌ دوزخورماتوو، له‌ خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییدا هه‌ڕه‌شه‌ی مانگرتنیان كرد ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بوی موچه‌كه‌یان نه‌كرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر پاره‌ی مانگێكیان دزرا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ی كانونی یه‌كه‌م له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، ده‌یان مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری خوێندنی كوردی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌و مانگه‌ی دزرا و تائێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

سیروان كەریم، لێپرسراوی كەرتی دوزخورماتوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “مەبەست لەگردبوونەوەكە داوای گەڕاندنەوەی موچە دزراوەكانی مامۆستایان بوو، سێ داواكاریمان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێنه‌كرێت وه‌كو خوێندنی كوردی مانده‌گرین و بایكۆت ده‌كه‌ین”.

9ى تشرينى يه‌كه‌م له‌ ناوچه‌یه‌كی نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی نه‌وجول، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵيانكوتایه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك مامۆستای كورد و بڕێكی زۆر پاره‌یان لێبردن، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگانه‌ی خوێندنی كوردی و له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ كه‌لار.

“86 كه‌س موچه‌یان دزراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ موچه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی هه‌شت قوتابخانه‌، بڕی پاره‌كه‌ هه‌مووی 98 ملیۆن و 800 دیناره‌” به‌وته‌ی مامۆستا سیروان.

خوێندنی كوردی، له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ دوزخورماتوو، نزیكه‌ی 600 مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 46 خوێندنگه‌دا.

موچه‌ دزراوه‌كه‌ی دوزخورماتوو نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌

لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی مامۆستایان ده‌ڵێت له‌و سێی داواكارییه‌ی له‌ گردبونه‌وه‌كه‌دا پێشكه‌شی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریان كردووه‌، داوای پاراستنی ئه‌و مامۆستایانه‌ كراوه‌ له‌ كه‌لاره‌وه‌ موچه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ دوزخورماتوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی دزینی موچه‌كه‌ و قه‌ره‌بوی ئه‌و مانگه‌ی پاره‌كه‌ی دزراوه‌.

خوێندنی كوردی، موچه‌ی مانگانه‌یان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خه‌رجده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌ زیاتر له‌ چل رۆژ جارێك و دوای بڕینی به‌شێكی به‌ناوی پاشه‌كه‌وته‌وه‌.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، هه‌زاران خێزانی كوردی دوزخورماتوو له‌ نێویاندا مامۆستایان ئاواره‌بون به‌خۆی دروستبونی بارگرژی له‌گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان، هه‌رئه‌وكاتیش به‌شێكی زۆریان لە هەرێمی كوردستان درێژەیان بە خوێندن دا‌.

قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگا سەڵاحەدین، یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن