رێبوار ته‌ها: ده‌ستێکی ناوخۆیی نایه‌وێت پارێزگاری که‌رکوک دابنرێت

December 6, 2018 at 11:20 am

كه‌ركوك، 2ی ئه‌یلولی 2018، كۆبونه‌وه‌ی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

که‌رکوک ناو

رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی له‌ به‌غداو یه‌کێک له‌ نوێنه‌رانی که‌رکوک، رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ “ده‌ستێک” نایه‌وێت پارێزگارێکی نوێ بۆ که‌رکوک هه‌ڵبژێردرێت و جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌ دواین هه‌وڵیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌رێنی بووه‌.

ئه‌و وتانه‌ی رێبوار ته‌ها، بۆ (که‌رکوک ناو)، هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانی حزبه‌که‌ی بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ که‌رکوک، که‌ له‌دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین که‌ریم له‌ تشرینی یه‌که‌می 2017ه‌وه‌ به‌وه‌کاله‌ت له‌لایه‌ن راکان سه‌عیده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

رێبوار ته‌ها، که‌ خۆی ئه‌ندامێکی ئه‌و شاندانه‌ی یه‌کێتییه‌ بۆ دانانی پارێزگاری نوێ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی تر، وتی “هه‌وڵی جۆراوجۆر و به‌رده‌واممان هه‌یه‌، ئه‌و پرسه‌ شتێک نییه‌ بێخه‌می لێبکه‌ین و یه‌کێکه‌ له‌ پێشینه‌کانی کاره‌کانمان له‌وکاته‌وه‌ی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت دانراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رکات پێکهاته‌کانی که‌رکوک نزیکده‌بنه‌وه‌ له‌ رێککه‌وتن بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ستێکی ناوخۆیی تێکیده‌دات”، به‌بێ ئاماژه‌کردن و ئاشکراکردنی ئه‌و ده‌سته‌.

دانانی پارێزگاری نوێ شتێک نییه‌ بێخه‌می لێبکه‌ین و یه‌کێکه‌ له‌ پێشینه‌کانی کاره‌کانمان

به‌ڵام رێبوار وتی “من ته‌مه‌ننا ده‌‌كه‌م له‌ پرسی دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و هه‌موو پرسه‌كانی تری پارێزگاكه‌ و ته‌نانه‌ت ئاینده‌ی ئه‌و شاره‌ش، هه‌موو حزبه‌ كوردییه‌كان پێكه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك كاربكه‌ین، هیوا ده‌خوازن هه‌مووان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ یه‌كڕیزی خۆمان بپارێزین و به‌رنامه‌ بۆ ئاینده‌ دابنێین”.

رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری یه‌کێتی له‌ به‌غدا فۆتۆ: په‌یجی ره‌سمی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

ناوه‌ڕاستی تشرینی دووه‌م، وه‌فدێکی یه‌کێتی، که‌ رێبوار ته‌ها و خالید شوانی تیایدا ئه‌ندام بون، له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان به‌ سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌به‌غدا کۆبونه‌وه‌ بۆ هه‌مان پرس.

رێبوار ته‌ها، وتی “دواین بۆچونی ئێمه‌ له‌سه‌ر دابه‌شکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کانی که‌رکوک و دانانی پارێزگار ئه‌وه‌یه‌، په‌ڕه‌یه‌کی نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان‌ و ته‌واوی شته‌ کۆنه‌کان له‌بیربکه‌ین و پێکه‌وه‌ به‌ ‌هاوبه‌شییه‌کی راسته‌قینه که‌رکوک به‌ڕێوه‌ببه‌ین”.

یه‌کێتی، پۆستی پارێزگار بۆ کورد و له‌نێویاندا بۆ کاندیدی یه‌کێتی، به پشکی خۆی‌ ده‌زانێت.

له‌باره‌ی دواین كۆبونه‌وه‌یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر، رێبوار وتی “زۆر باشبوو، پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و ‌نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان دانیشیتنه‌كه‌یان‌ به‌لاوه‌ گرنگ بوو، نزیكبونه‌وه‌ی زیاتر هه‌بوو و پێده‌چێت كۆبونه‌وه‌ی باشتری به‌دوادابێت”.

توركمان و عه‌ره‌ب پێی رازی نینكورد پێشنیارێكی نوێی بۆ پۆسته‌كانی كه‌ركوك هه‌یه‌

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن