كاركردن له‌ 197 پرۆژه‌ی كه‌ركوك به‌ سستی ئه‌نجامده‌درێت

December 6, 2018 at 4:52 pm

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2018، هه‌ڵكه‌ندی رێگای گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم به‌مه‌به‌ستی قیرتاوكردنی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

كاركردن له‌ 197 پرۆژه‌ی جیاوازی كه‌ركوك به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌و ژماره‌یه‌ به‌شێكیان رێژه‌ی جێبه‌جێكردنی هیشتا له‌سه‌دا سفره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێكی به‌دواداچونی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌.

راپۆرته‌كه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، پشتی به‌ستووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌ی ره‌وانه‌ی كه‌ركوكی كردووه‌ بۆ به‌دواداچونی پرۆژه‌كان و به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كانی له‌ پارێزگاكه‌، سستی له‌ كاره‌كانی 197 پرۆژه‌دا هه‌یه‌.

له‌ نێو ئه‌و پرۆژانه‌دا بنیاتنانی نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌، یاریگای وه‌رزشی، كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبون و بازرگانی، هۆتێل، ناوچه‌ی گه‌شتیاری و تۆڕه‌كانی كاره‌با و ئاووئاوه‌ڕۆ هه‌یه‌.

“له‌و پرۆژانه‌ بنیاتنانی دوو نه‌خۆشخانه‌ی 600 قه‌رێوه‌ڵه‌یی له‌لایه‌ن كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییه‌كانه‌وه‌ به‌ بودجه‌ی زیاتر له‌ 170 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌”، به‌پێی راپۆرته‌ی نه‌زاهه‌.

هه‌روه‌ها رونیكردۆته‌وه‌ تێچوی پرۆژه‌یه‌كی سستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی كه‌ركوك ده‌گاته‌ 131 ملیار دینار، له‌ دیارترینیان پرۆژه‌ی ئاوی كه‌ركوكی یه‌كگرتوو، جگه‌ له‌ نزیكه‌ی 140 ملیار دینار بۆ پرۆژه‌كانی تری تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری ئاوی باران و ئاوه‌ڕۆ كه‌ بۆ كۆمپانیایه‌كی بیانی ده‌رچووه‌.

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ ئاشكرایكردووه‌ سستی هه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌ی بنیاتنانی 71 قوتابخانه‌، كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی پلانی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان و وه‌به‌رهێناندا دراوه‌ته‌ كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییه‌كان.

پاره‌ی كه‌ركوك “به‌بێ چاودێری” خه‌رجده‌كرێت

هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا باس له‌ 111 پرۆژه‌ی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی كه‌ركوك كراوه‌، له‌ نێویاندا 56 پرۆژه‌یان رێژه‌ی جێبه‌جێكردنی هێشتا سفره‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبون، بازرگانی، هۆتێل، مۆڵ، نه‌خۆشخانه‌ و زانكۆی ئه‌هلی تێدایه‌.

له‌ پرۆژه‌ سسته‌كانی تری كه‌ركوك، دانانی كامێراكانی چاودێری و ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی و فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندییه‌ بۆ شاره‌كه‌، كه‌ به‌ تێچوی نزیكه‌ی 16 ملیۆن دۆلار دراوه‌ته‌ كۆمپانیایه‌كی بیانی.

وه‌كو له‌ راپۆرته‌كه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌دا هاتووه‌، بنیاتنانی دوو وێستگه‌ی كاره‌با و دابه‌شكردنی كاره‌با به‌ بودجه‌ی حه‌وت ملیار له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگای ئۆڵمپی له‌نێو پرۆژه‌ سسته‌كاندایه‌.

فه‌رمانگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هۆكاری سستی پرۆژه‌كانیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ نه‌بونی سیوله‌ی دارایی له‌ كه‌ركوك و لاوازی توانای دارایی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی پرۆژه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیا و لایه‌نی ئیداری به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌، جگه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ربازیی و ئیداریی و هونه‌رییه‌كان.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ 10ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ره‌وانه‌كردنی 71 ملیار دیناری له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ كه‌ركوك ئاشكراكرد و ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ ته‌واوكردنه‌وه‌ی سه‌دان پرۆژه‌ی راگیراو و پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی به‌ڵێنده‌راندا خه‌رجده‌كرێت.

حكومه‌تی عیراق، بۆ چه‌ند ساڵێك ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكی راگرت، به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كه‌ روبه‌ڕوی كێشەی دارایی بۆوه‌ و سەرجەم پڕۆژەكان وەستێنران، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند جارێك بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەك پترۆدۆلار ره‌وانه‌ كرد لەبری هەناردەی نەوتی هاڤانا و بای حەسەن تا به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن