موچه‌یان بۆ خه‌رجناكرێت
ئه‌و فه‌وجه‌ی كاكه‌ییه‌كان ده‌پارێزێت: له‌ داقوق ده‌كشێینه‌وه‌

December 6, 2018 at 8:13 pm

كه‌ركوك، حوزه‌یرانی 2018، هاوڵاتیانی كاكه‌یی گونده‌كانی داقوق چاوه‌ڕێن گره‌نتی پاراستنی ژیانیان بكرێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارییه‌ی كاكه‌ییه‌كانی داقوق ده‌پارێزێت، هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ ده‌كات به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنی موچه‌ی مانگانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ جارێكیتر روبه‌ڕوی مه‌ترسییان ده‌كاته‌وه‌.

كاكه‌ییەکان كه‌ زۆرینه‌یان له‌ گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا روبه‌ڕوی هێرشی چه‌كداری، كوشتن و رفاندن بونه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا ناوچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵییه‌وه‌ ده‌پارێزرێت.

ئومێد حسێن، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی حه‌شدی شه‌عبی كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ماوه‌ی ساڵێك و دوو مانگه‌ موچه‌مان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بڕوات ناچارین سه‌نگه‌ره‌كانمان چۆڵبكه‌ین، چونكه‌ به‌ڵێنی زۆرمان پێدراوه‌ وجێبه‌جێكراوه‌”.

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی كاكه‌یی، پێشتر و له‌ 17-6 له‌ سنوره‌كه‌ كشانه‌وه‌ به‌هۆی پێنه‌دانی موچه‌كانیان و خه‌ڵكی گونده‌كان خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرت، به‌ڵام دوای دوو هه‌فته‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌ تا له‌سه‌ر قه‌ڵای زه‌نقه‌ر و ‌ناو قوتابخانه‌ی گوندی عه‌لی سه‌رای جێگیربن.

“به‌شێك له‌ چه‌كداره‌كان رۆیشتنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و ده‌ڵێن تا موچه‌ نه‌درێت ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ركه‌كه‌یان”.

فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی وتی “له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵییه‌وه‌ له‌ناوچه‌ ئازوقه‌ و ته‌قه‌مه‌نیمان بۆ دابینده‌كرێت.. له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كانی كاكه‌یی ناوچه‌كه‌شه‌وه‌ بڕێك پاره‌مان بۆ كۆكرایه‌وه‌ به‌ڵام ناكرێت هه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌ستی خه‌ڵك بین”.

ئه‌و فه‌وجه‌ی كاكه‌ییه‌كانی ده‌پاراست كشایه‌وه‌

سه‌رباری ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق كۆتاییهاتنی داعشی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ گونده‌كانی داقوق، هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری ماوه‌ و له‌ مانگه‌كانی رابردوشدا، ده‌یان خێزانی كاكه‌یی به‌هۆیه‌وه‌ ئاواره‌ بون.

محه‌مه‌د سه‌ید ئیبراهیم، كه‌سایه‌تی كاكه‌یی له‌ گوندی عه‌لی سه‌رای داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “فه‌وجی كاكه‌یی رۆڵی باشیان هه‌بووه‌ بۆ دابینكردنی ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌كه‌، ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی تاراده‌یه‌ك پڕیانكرده‌وه‌”.

“بارودۆخی ده‌وروبه‌ری گونده‌كانمان ناجێگیره‌، به‌رده‌وام جموجۆڵی داعش به‌دیده‌كرێت، كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ش جارێكیتر ژیانمان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ داوای له‌ هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كرد له‌ سنوره‌كه‌دا بمێننه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ جێنه‌هێڵن.

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن