ئه‌‌‌‌‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق مادده‌ی 140 كاراده‌كاته‌وه‌

December 12, 2018 at 9:02 pm

هاوڵاتییه‌كی كورد نوسراوی سه‌ر دیوارێك ده‌خوێنێته‌وه‌: داعش مادده‌ی 140ی جێبه‌جێكرد، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ساڵی 2014

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق داوای كاراكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستور ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكیدا بۆ دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی كه‌ركوك.

نوسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ دادگای كه‌ركوك بۆ كاركردن به‌پێی مادده‌ی 140، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لێپرسراوانی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌كه، كه‌ پێیانوایه‌ رێگریی ده‌كات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له ‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عس و له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێكرابون و له‌ سێ مانگی رابردودا جارێكی تر هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ پارێزگاكه‌.

به‌رزان شێخ غازی، لێپرسراوی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له‌ قه‌زای داقوق بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “به‌پێی ئه‌و نوسراوه‌ چیتر هیچ عەرەبێکى هاوردە ناتوانێت سكاڵا تۆماربكات دژ به‌ جوتیارانی كورد، له‌وانه‌ش سكاڵای زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان”.

به‌پێی ئه‌و نوسراوه‌ چیتر هیچ عەرەبێکى هاوردە ناتوانێت سكاڵا تۆماربكات دژ به‌ جوتیارانی كورد، له‌وانه‌ش سكاڵای زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان

کاکەڕەش سدیق، سەرۆکى لیژنەى جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك، له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ وتی “ئه‌و بڕیاره‌ سودێکى باشى دەبێت بۆ جوتیارانی دانیشتوانى سنورى کەرکوک، له‌وانه‌ش چیتر دادگا سكاڵای عه‌ره‌به‌ هاوره‌ده‌كان وه‌رناگرێت و ناتوانن داوای نوێكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان بكه‌ن، چونكه‌ مادده‌ی 140 رێگه‌ به‌وه‌نادات”.

ئه‌و بڕیاره‌ دوای ناڕه‌زایی فراوانی جوتیارانی كورد هات دژ به‌ بڕیاره‌كانی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، كه‌ له‌ سێ مانگی رابردودا داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دان خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ی كرد بۆ گونده‌كانی كه‌ركوك.

“ناوچەی جێناکۆک”، دەستەواژەیەکی دەستوورییە و بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە باری سیاسی و ئیداری پارێزگای کەرکوک و ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی عیراق (١٩٦٨- ٢٠٠٣) لەڕووی ئیداری و باری دیموگرافییەوە گۆڕانکارییان تێداکراوە.

ئەو ناوچانە لەنێوان هەردوو حکومەتی ناوەندی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لەنێو دوو پارێزگادا خاوەندارێتی سنوری ئیدارییان یەکلاییدەکرێتەوە، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق.

بەپێی ئەو ماددەیەی دەستوور کە لەسەرەتای ساڵی 2005دا زۆرینەی دەنگدەرانی عیراق بەبەڵێ پەسەندیان کردووە، پێویستە چارەنووسی “ناوچەی جێناکۆک” دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و دواتر ڕاپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، هەرچەندە ماددەی 140 کە لەدەستووری عیراقدا بۆ وادەی جێبەجێکردنەکەی تا کۆتایی ساڵی 2007 دیاریکراوە.

ناوچەی جێناکۆک، پاشخان و تەحەدییەکان

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن