له‌‌‌‌‌سه‌ر یاری تۆپی پێ
هێزه‌كانی حه‌شد ده‌ستبه‌سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی سلێمان به‌گدا ده‌گرن

December 13, 2018 at 10:25 am

سه‌ڵاحه‌دین، 7ی ئه‌یلولی 2018، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی كوردانی دوزخورماتو دژی كشانه‌وه‌ی هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌ڵاحه‌دین – كه‌ركوك ناو

هێزه‌كانی حه‌شد هه‌ڵده‌كوتنه‌‌ سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی سلێمان به‌گ و دوای ته‌قه‌كردنێكی زۆر، بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌ر بنكه‌كه‌دا ده‌گرن و له‌ پاسه‌وانێكی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ خولێكی تۆپی پێی فه‌رمانگه‌كانی ناحییه‌كه‌دا دۆڕان.

خوله‌كه‌ كه‌ بۆ ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی ناحیه‌ی سلێمان به‌گ‌ كرایه‌وه‌، سێشه‌ممه‌ 11ی كانونی یه‌كه‌م هه‌ردوو تیمی هێزه‌كانی حه‌شد و پۆلیس به‌ریه‌ككه‌وتن و به‌ بردنه‌وه‌ی پۆلیس كۆتایی هات، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی لای حه‌شد دروستكرد.

به‌‌‌پێی دوو سه‌رچاوه‌ له‌ ناحیه‌ی سلێمان به‌گ-ه‌وه‌ قسه‌یان بۆ (كه‌ركوك ناو) كردوه‌، زیاتر له‌ 10 چه‌كداری هێزه‌كانی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق و به‌در، كاتژمێر 1ی رۆژی دواتر هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی سلێمان به‌گ و ته‌قه‌یان به‌ئاسماندا كردوه‌ و دواتر ده‌ستیان به‌سه‌ر بنكه‌كه‌دا گرتووه‌.

یه‌‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌وكاته‌ی هێزه‌كانی حه‌شد چونه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كه‌ ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسیش ناو بنكه‌كه‌ بووه‌ و چه‌كیان كردون و بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر ده‌ستیانبه‌سه‌ر بنكه‌كه‌دا گرتوه‌”.

له‌وكاته‌ی هێزه‌كانی حه‌شد چونه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كه، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسیش ناو بنكه‌كه‌ بووه‌ و چه‌كیان كردون

دوای په‌یوه‌ندیكردنی ئیداره‌ی ناحییه‌كه ‌و پۆلیس به‌ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی سه‌ڵاحه‌دین و پارێزگار، گفتوگۆ له ‌نێوان حه‌شد و ئیداره ‌و پۆلیسدا كراوه‌، بنكه‌كه‌یان راده‌ستی پۆلیس كردۆته‌وه‌.

روداوه‌كه‌ نیگه‌رانی لای ئیداره‌ و پۆلیسی سلێمان به‌گ دروستكردوه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه‌ “پێمانوایه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌یه‌ حه‌شدی شه‌عبی واپیشانبده‌ن خۆیان باڵاده‌ستن له‌و سنوره‌ و هێزه‌كانی پۆلیسیش هیچ به‌رپرسیاڕیتییه‌كیان نییه‌”.

به‌پێی ئه‌وانه‌ی قسه‌یان بۆ (كه‌ركوك ناو) كردووه‌، له‌كاتی یارییه‌كه‌شدا بارگرژیی له‌نێوان پۆلیس و حه‌شد دروستبووه‌.

سلێمان به‌گ، یه‌كێكه‌ له‌ ناحیه‌یه‌كی سه‌ر به‌قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

عه‌لی حوسه‌ینی، وته‌بێژی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ میحوه‌ری باكور، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هێزه‌كانی حه‌شد و پۆلیسیش هه‌مویان خه‌ڵكی ناحییه‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌دواداچون بۆ كه‌یسه‌كه‌ ده‌كه‌ین و لێپرسینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان ده‌كه‌ین”.

له‌ ‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌ی سلێمان به‌گ له‌ ئێستادا، سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌یه‌ له‌ سلێمان به‌گ‌، وتی “دۆخه‌كه‌ باشه‌، به‌ڵام خه‌ڵه‌كه‌كه‌ توشی شۆك بون، كاتێك هێزێكی سه‌ربازیی بداته‌ سه‌ر بنكه‌ی پۆلیس و چه‌كیان بكات كه‌ پارێزه‌ری هاوڵاتیانن”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن