دێوه‌زمه‌ی داعش
ژیان له‌ ده‌یان ژن و كچی ئێزیدی ده‌سه‌نێته‌وه‌

January 13, 2019 at 9:42 am

شێخان، تشرینی یه‌كه‌می 2018، ئاهه‌نگ و مه‌راسیمی جه‌ژنی جه‌مای ئێزیدی له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: موهه‌نه‌د سنجاری

 

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

كوڕه‌‌ تاقانه‌كه‌ی بێزێ ئه‌لیاس كه‌ هێشتا نه‌یده‌توانی به‌پێیه‌كانی خۆی بڕوات، به‌ ته‌نیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شنگال جێهێڵدرا، له‌وكاته‌ی ماندوێتی ته‌نگی به‌ دایكی پێهه‌ڵچنی و چیتر نه‌یده‌توانی له‌ باوه‌شی بكات بۆ رزگاركردن.

داعش تا ده‌هات نزیكده‌بۆوه‌، هیچ هه‌وڵێك نه‌بوو بۆ راگرتنی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌، كه‌ له‌رێگه‌دا بون بۆ زێدی ئێزدییه‌كان له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا.

مه‌روان كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی بێزێ،‌ تازه‌ ساڵێكی ته‌مه‌نی بوو، به‌بێ دایك و باوك مایه‌وه‌، له‌ ناوچه‌یه‌كی چۆڵ كه‌ پله‌ی گه‌رما له‌ سه‌روی‌ 40 پله‌ی سه‌دی بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌و ئازاره‌ی بۆ بێزێ-ی دایك ‌جێهێشت كه‌ تا كۆتایهێنان به‌ژیانی پێی ده‌تلایه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی 3ی ئابی 2014، دۆخه‌كه‌ له‌ قه‌زای شنگال خۆرئاوای موسڵ ئاسایی نه‌بوو، داعش نزیك بوو بگاته‌ ناوه‌ندی شنگال، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشێیان ده‌كرد و ئێزدییه‌كان به‌ ئۆتۆمبێل یان به‌ پێی، رووه‌ و چیای شنگال و به‌ره‌ و ئاراسته‌ی پارێزگای دهۆك له ‌باكوری عیراق كۆچیان ده‌كرد.

بێزێ ئه‌لیاس كه‌ بۆ دواینجار منداڵه‌كه‌ی جێهێشت، هه‌ر به‌ئازاری ئه‌وه‌وه‌ ده‌خه‌وت و ژیانی ده‌كرد، به‌ڵام ئیتر به‌رگه‌ی نه‌گرت و له ‌كه‌مپێكی ئاواره‌ییدا له‌ ئه‌یلولی 2016ه‌ و له‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵیدا كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنا.

بێزێ ئه‌لیاس بۆ دواینجار منداڵه‌كه‌ی جێهێشت، هه‌ر به‌ئازاری ئه‌وه‌وه‌ ده‌خه‌وت و ژیانی ده‌كرد

ئه‌‌مه‌ چیرۆكی زیاتر له‌ 15 كچ و ژنی ئێزدییه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ساڵی 2018دا له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی كۆتاییان به‌ژیانی خۆیان هێناوه‌، ئه‌وه‌ش له‌پاش ئه‌و دۆخه‌ی به‌هۆی داعشه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا هات.

به‌‌شێك له‌وانه‌ی خۆیان كوشتووه‌، دوای رزگاربونیان بووه‌ له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش‌، به‌شێكی تریان له‌ ئازاری له‌ده‌ستدانی كه‌سوكاریان كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژران یان بێسه‌رشوێنكران كۆتاییان به‌ژیانی خۆیان هێناوه‌.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌رونییه‌ دێت كه‌ روبه‌ڕویان بۆته‌وه‌، هه‌ندێكیان وه‌كو كۆیله‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا و ده‌ستدرێژی سێكسیان به‌رامبه‌ر ده‌كرا.

دهۆك/ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كان، گله‌یی كه‌می خزمه‌تگوزارییان هه‌یه‌ و له‌به‌ر دۆخی ئه‌منیش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

سالم عه‌‌لی، نیشته‌جێی كه‌مپی شاریا له‌ پارێزگای دهۆك، كه‌‌ بێزێ ئه‌‌لیاس خوشكی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی، وتی “بێزێ دوای جێهیشتنی كوڕه‌كه‌ی، توشی حاڵه‌تێکی ده‌رونی خراپ بوو… رۆژانه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بوو هه‌واڵێك له‌باره‌ی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌‌ بزانێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر روینه‌دا”.

به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌كه‌وه‌ بێزێ و هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌یانده‌توانی پێكه‌وه‌ بژن، زۆركات له‌یه‌كتر توڕه‌ ده‌بون و بێزێ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی باوكی، ژیانی ئه‌و دوو هاوژینه‌ به‌پێی وته‌ی خزمه‌كانی تاده‌هات قورستر ده‌بوو.

بێزێ ساڵی 2012 له‌ شنگال هاوسه‌رگیری كردووه‌ و ساڵی دواتر مه‌روان له‌دایكبوو.

سالم عه‌لی، وتی “بێزێ ته‌نیا توانی خۆی رزگاربكات و نه‌یتوانی كوڕه‌كه‌ی رزگاربكات، چونكه‌ هاوسه‌ره‌كه‌شی به‌جیا رۆیشتبوو كاتێك وتیان چه‌كدارانی داعش گه‌یشتنه‌ ناو شنگال”.

دوای زیاتر له‌ دوو ساڵ ژیان له كه‌مپی شاریا، رۆژێك بێزێ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێیان و ده‌چێته‌وه‌ ماڵی باوكی له‌ هه‌مان كه‌مپ.

سالم وتی “باوکی بێزێ داوای له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كرد بێت كچه‌كه‌ی بباته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نایات و له‌ مانگی ئه‌یلولی 2016 بێزێ له‌ ماڵی باوکی، خۆی سوتاند و کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا”.

له‌ سنوری پارێزگای دهۆک 17 که‌مپی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌کان هه‌یه‌ و هێشتا به‌شێكی زۆری ئێزیدییه‌كان له‌به‌ر خراپی دۆخی ئه‌منیی و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان.

دۆخی ده‌رونی ئێزیدییه‌كان له‌ كه‌مپ باش نییه‌‌، 360 ژن له سه‌نته‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری ده‌رونی له‌ دهۆك هێڵدراونه‌ته‌وه‌، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن له‌ده‌ستی داعش رزگاریان بووه‌.

دهۆك، 17ی ئه‌یلولی 2018، كردنه‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری ده‌رونی بۆ رزگاربونی ئێزیدی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

به‌پێی ئامارێكی رێکخراوی جڤین بۆ گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵگه‌ كه‌ دراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)، له ‌سه‌ره‌تای ساڵی 2018 تا مانگی ئه‌یلول 15 كچ و كوڕی ئێزیدی له‌ كه‌مپه‌كان خۆیان كوشتووه‌ و ته‌مه‌نیان له ‌نێوان 14 بۆ 25 ساڵ بوو.

به‌ڵام ئاماره‌كه‌ به‌پێی راگه‌یاندنی بۆردی کاروباری مرۆڤایه‌تی سه‌ر پارێزگای دهۆک دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومییه‌، زیاتره‌، چونكه‌ له‌هه‌مان ئه‌و ماوه‌یه‌دا 18 ئێزیدی له‌ناو که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک به‌ خنكاندن خۆیان کوشتووه، یان خۆیان سوتاندووه‌.

کاوه‌ عیدۆ خه‌تاری، سه‌رۆکی رێكخراوی جڤین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “حاڵه‌ته‌كانی خۆكوشتنی ئێزیدییه‌كان له‌ كه‌مپ و له‌ساڵی 2018 زیاتر بووه‌ به‌ به‌راورد‌ به‌ ساڵانی رابردوو”.

تیمه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر حاڵه‌تی ده‌رونی ئاواره‌ ئێزدییه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن تائێستا قسه‌یان له‌گه‌ڵ 700 كوڕو كچی ئێزیدی كردووه‌ كه‌ كێشه‌ی ده‌رونیان هه‌بووه‌.

چیمه‌ن عه‌بدولعه‌زیز، له‌ رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی كه‌ له‌ دهۆك كارده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژنانی رزگاركراوی ده‌ستی داعش بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و کچانه‌ی له‌ ساڵی 2014 رزگارده‌کران له‌ حاڵه‌تێکی ده‌رونی زۆر به‌هێزدابون به‌راورد به‌وانه‌ی تا ساڵی 2016 رزگاركران”.

ئه‌و کچانه‌ی له‌ ساڵی 2014 رزگارده‌کران له‌ حاڵه‌تێکی ده‌رونی زۆر به‌هێزدابون به‌راورد به‌وانه‌ی تا ساڵی 2016 رزگاركران

به‌ڵام وتی “ئه‌وانه‌ی ئێستا رزگار ده‌کرێن دوو دڵن و دۆخی ده‌رونییان خراپه‌، چونکه‌ به‌شێكیان منداڵیان هه‌یه له‌ چه‌کدارانی داعش‌ و هه‌رچونێک بێت بونه‌ته‌ دایک، ژن هه‌یه‌ ناتوانیت منداڵه‌کانی خۆی به‌جێبهێڵێت و ئه‌گه‌ر رزگاربکرێن که‌سوکاریان رێگه‌ناده‌ن منداڵه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنێت، بویه‌ ژیانی ئه‌وان زۆر قورسه‌ و له‌ حاڵه‌تێکی ده‌رونی زۆر خراپدان”.

به‌پێی ئامارێكی ئه‌و رێكخراوه‌ 44 كچ و ژنی ئێزیدی له‌ ئه‌مساڵدا و له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی هه‌وڵی خۆكوشتنیان داوه‌ و ئه‌وان دوای پێدانی چاره‌سه‌ری ده‌رونی، په‌شیمانیان كردونه‌ته‌وه‌.

تیمه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ له‌وانه‌ توێژه‌ره‌ ده‌رونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌زار و 800 ئاواره‌ی ئێزیدی بۆ ناو ژیانی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌.

له‌ ئابی 2014 كاتێك شنگال كه‌وته‌ ده‌ست داعش، شەش هەزار‌ و 417 ئێزیدی كه‌وتنه‌ ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ‌ هەزار ‌و 548یان لە رەگەزی مێ ‌‌و ئەوانیتر لە رەگەزی نێر بون.

دهۆك، ئه‌یلولی 2018، شادبونه‌وه‌ی فه‌یروز حازم به‌ كه‌سوكاری دوای چوار ساڵ له‌ رفاندنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

به‌ڵام تائێستا زیاتر له‌ سێ‌ هەزار ‌و 300 ئێزیدی رزگاركراون لە نێویاندا ژن ‌و كچ و منداڵ، بەڵام هێشتا نزیك له‌و ژماره‌یه‌ش چارەنووسیان دیارنییە كە بەسەر هەردوو رەگەزەكەدا دابەشبون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

سالم سه‌عید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی بۆردی کاروباری مرۆڤایه‌تی سه‌ر پارێزگای دهۆک به‌(که‌رکوک ناو)ی وت “لای ئێمه‌ له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵ 18 حاڵه‌تی خۆكوشتنی كچان و ژنانی ئێزیدی هه‌یه‌ له‌ناو كه‌مپه‌كان، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ ته‌نیا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی دهۆک تۆماركراوه‌ و له‌وانه‌یه خۆی ژماره‌كه‌ نزیكبێته‌وه‌ له‌‌ 30 حاڵه‌ت”.

بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌کانی خۆکوشتن سالم وتی “ئێمه‌ له‌ هه‌موو که‌مپه‌کان سه‌نته‌ری ده‌رونیمان هه‌یه‌ و چه‌ندین که‌سانی پسپۆڕ له‌و سه‌نته‌رانه‌ پێشوازی له‌ ئاواره‌کان ده‌که‌ن و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن ئه‌م ژماره‌یه‌ که‌مبکه‌ینه‌وه‌”.

ئێمه‌ له‌ هه‌موو که‌مپه‌کان سه‌نته‌ری ده‌رونیمان هه‌یه‌ و چه‌ندین که‌سانی پسپۆڕ له‌و سه‌نته‌رانه‌ پێشوازی له‌ ئاواره‌کان ده‌که‌ن

حسێن قایدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی به‌(كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌خنکێنن یان خۆیان ده‌سوتێنن زیاتر له‌ناو که‌مپه‌کانن و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کاری ئێمه‌یه‌”.

دوو مانگه‌ هیچ ئێزیدییه‌ك رزگارنه‌كراوه‌ له‌ ده‌ستی داعش، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خه‌می به‌شێك له‌ ئێزیدییه‌كان بێت، خه‌مێكی تر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی رزگاركراون چۆن ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ ناو ژیانی ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ كۆتایهێنان به‌ ژیانی خۆیان ده‌پارێزرێن، چونكه‌ ئاماری خۆكوشتنی لانیكه‌م 18 كچ و ژنی ئێزیدی له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زۆرترین ژماره‌ی خۆكوشتنه‌ له‌ دوای ساڵی 2014ه‌و له‌ناو ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌ و له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن