چوار داواكاریی له‌باره‌ی شنگاله‌وه‌
هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كرێت

December 26, 2018 at 11:00 am

دهۆك/25ی ئه‌یلولی 2018/ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێیه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كرێت كارئاسانی بكات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و لێپرسراوانه‌ی قه‌زای شنگال كه‌ له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ قه‌زاكه‌یان جێهێشتووه‌، له‌گه‌ڵ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنی خۆیان.

ئه‌و داواكارییانه‌ له‌لایه‌ن مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال – كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ پۆسته‌كه‌ی جێھێشتووه‌ و له‌ دهۆك نیشته‌جێیه‌- له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا خرایه‌ڕوو كه‌ ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 26ی كانونی یه‌كه‌م خرایه‌ڕوو.

مه‌حما خه‌لیل وتی “داواکارییه‌کانی ئێمه‌ چوار خاڵن، یه‌که‌م ئه‌وه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ ئێزیدییه‌کان له‌ناو که‌مپه‌کاندا له‌ ژیانێكی زۆر سه‌ختدا ده‌ژین و ژیانی ئه‌وان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و هیچ بنه‌مایه‌کی ژیان له‌ناو که‌مپه‌كاندا نییه،‌ ئه‌وان ئه‌مانه‌تی ئێمه‌ن و ده‌بێت ده‌نگی ئه‌وان بگه‌یه‌نینه‌ هه‌موو جیهان، بۆیه‌‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌تی ئاواره‌کان بکه‌ین”.

له‌ باره‌ی داواكاریی دووه‌میانه‌وه‌، كه‌‌ له‌‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال‌ له‌ نوسینگه‌ی په‌رله‌مان عیراق له‌ دهۆك خستیانه‌ڕوو، وتی “داوا ده‌که‌ین ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کان و وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ بۆ ئاواره‌كان خه‌رجده‌کرێت، به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ هه‌موو ئاواره‌کان، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ پێشتر‌ خه‌رجکراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دادپه‌‌روه‌رانه‌ بوایه‌ ئێستا نیوه‌ی شنگال ئاواده‌ن ده‌كرایه‌وه‌”.

داوا ده‌که‌ین ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کان و وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ بۆ ئاواره‌كان خه‌رجده‌کرێت، به‌ ئامانه‌ته‌وه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ هه‌موو ئاواره‌کان

هه‌روه‌ها له‌ خاڵی سێیه‌میان داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئاواره‌ ئێزیدیه‌كانیان كرد، به‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی و ده‌ستوری.

ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه،‌ قه‌زای شنگال دوو قایمقامیه‌تی جیاوازی هه‌یه‌، یه‌كێكیان له ‌ناوه‌ندی قه‌زاكه‌دایه‌ و ئه‌ویتریان له‌ سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان دان به‌ویتردا بنێت و ئاماده‌یی وازهێنانی له‌ پۆسته‌كه‌ هه‌بێت.

مه‌حما خه‌لیل كه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌دات بۆ شنگال، وتی “ئێمه‌ ئیداره‌ی شه‌رعی قه‌زاکه‌ین، به‌ڵام تائێستا پارێزگاری نه‌ینه‌وا و حکومه‌تی به‌غدا هاوکارییان نه‌كردوین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شنگال، له‌کاتێکدا به‌پێی یاسا مافی ئێمه‌یه‌ له ‌شنگال ده‌وامبکه‌ین نه‌ک لایه‌نێکی”، ئه‌وه‌ش وه‌ك خاڵی چواره‌م خسته‌ڕوو له‌ كۆنگره‌كه‌دا.

ئه‌و داواكارییانه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرا و مه‌حما خه‌لیل جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئه‌گه‌ر له ‌ماوه‌ی دوو مانگدا‌ جێبه‌جێنه‌كرێن سکاڵا له‌سه‌ر حکومه‌تی عیراق تۆمارده‌که‌ین و داواش ده‌که‌ین شنگال به‌ یه‌کجاره‌کی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان”.

ئه‌گه‌ر له ‌ماوه‌ی دوو مانگدا‌ داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێنه‌كرێن سکاڵا له‌سه‌ر حکومه‌تی عیراق تۆمارده‌که‌ین

وه‌‌یسی نایف، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال دوای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت “هه‌موو رۆژێک فلمێک له‌ شنگال دروستده‌کرێت، رۆژێک فلمێکی ئه‌مریکی، رۆژی دواتر عیراقی و دواتر تورکی‌، خه‌ڵکی شنگال بێزاربووه‌ له‌ به‌ڵێنی جۆراوجۆر”.

وتیشی “شنگال ئامانجێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابورییه‌ و کار بۆ گۆڕێنی دیمۆگرافیای ناوچه‌که‌ ده‌کرێت، بۆیه‌ داوا ده‌که‌ین هه‌موو هێزه‌ ناشه‌رعییه‌کان شنگال چوڵبکه‌ن و گره‌نتی ئه‌منی به‌ ئێمه‌ بده‌ن”.

كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قایمقام و ئه‌نجومه‌نی قه‌زای‌ شه‌نگال و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی‌ ئێزیدی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.

شنگال له‌ نێوان دوو قایمقامدا گیرۆده‌ بووه‌

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال كه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ دانراوه‌ پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوای سه‌رنه‌گرتنی هه‌وڵی یه‌كه‌می مه‌حما خه‌لیل و ئیداره‌كه‌ی جارێكیتر هه‌وڵده‌ه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵیك بده‌ن سه‌رناگرێت چونكه‌ میلله‌تی شنگال رێگه‌ به‌وان نادات”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن