پاشا… فریادڕه‌سی ئاواره‌كان

January 7, 2019 at 9:00 pm

پاشا مه‌حمود (مه‌حمود شنگالی) له‌كاتی لایڤێكی فه‌یسبوكدا بۆ هاوكاریكردنی خێزانێكی كه‌مده‌رامه‌تی ئاواره‌ له‌ نێو كه‌مپی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

پاشا مه‌حمود (26ساڵ)، كاتێك ئازاری ئاواره‌یی چه‌شت، هه‌ر خه‌می سێ منداڵه‌كه‌ی خۆی له‌ كۆڵ نه‌نا، به‌ڵكو بڕیاریدا خه‌می ته‌واوی ئه‌و ئاوارانه‌ش هه‌ڵبگرێت كه‌ پێویستیان به‌ هاوكارییه‌. پاشا له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و ئه‌وه‌ی ویستی له‌ڕێی لایڤی فه‌یسبوكه‌وه‌ به‌ده‌ستیهێنا، هه‌ر بۆیه‌ نازناوی “پاشای فریادڕه‌سی” لێنرا.

كاتێك داعش له به‌ره‌به‌یانی‌ 3ی ئابی 2014، هێرشیكرده‌ سه‌ر گوندی سیبا شێخ خدر له‌ سنوری شنگال، نه‌هامه‌تییه‌كانی پاشا و ئێزیدییه‌كان ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام ئه‌و بڕیاریدا رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و ئاوارانه‌ی پێویستیان به‌ یارمه‌تییه‌‌و  به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ناڵێنن.

 

پاشا كاره‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات

پاشا مه‌حمود، یان مه‌حمود شنگالی كه‌ ناوێكی دیاره‌ له‌ نێو ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان و نیشته‌جێی كه‌مپی شاریایه‌ له‌ دهۆك، له‌ ساڵی 2014 له‌گه‌ڵ گروپێكی خۆبه‌خش كاریكرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ خێزانه‌ ئاواره‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، دوای ئه‌وه‌ی ئاواره‌ی كه‌مپ بون.

“سه‌ره‌تا سه‌ر‌دانی هه‌ندێک خێزانی ئاواره‌مان کرد، تێبینیمان كرد هه‌ندێكیان هیچ شتێکیان نه‌بوو، هه‌تا قوتویه‌کی دۆشاوی ته‌ماته‌ش له‌ماڵه‌كانیان نه‌بوو، هه‌ندێك دیمه‌نی زۆر ناخۆشم له‌نێو ئاواره‌كان بینی، بۆیه‌ وتمان ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه‌ بگرینه‌ ئه‌ستۆ”، پاشا وایوت.

پاشاو هاوڕێیه‌كانی، په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌كارده‌هێنن و له‌ڕێی ته‌له‌فون و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكه‌وه‌ كۆمه‌كیان كۆكرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت پاره‌ بۆ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌یانناڵاند.

 

یه‌كه‌م كاری پاشا

له‌ ساڵی 2015 پاشا بڕیاریدا به‌ ته‌نیا ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و یه‌كه‌م كاری كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بوو بۆ رزگاركردنی كچێكی ئێزیدی 12 ساڵ، كه‌ وه‌ك ده‌ڵێت له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ چه‌ند جارێك كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ده‌كرا.

“براده‌رێکم له‌ ‌قه‌زای به‌ڕده‌ره‌ش په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و باسی كچێكی رفێنراوی ئێزیدی كرد له‌ناو موسڵ (ناوه‌كه‌ی لای كه‌ركوك ناو پارێزراوه‌)، وتی به‌پاره‌ كه‌سێك هه‌یه‌ بۆمان رزگارده‌كات”، پاشا وایوت.

ئه‌وكات پاشا، زیاتر له‌ نۆ جار سه‌ردانی میحوه‌ری ناوه‌ران –سنوری نێوان پێشمه‌رگه‌ و داعش- ده‌كات، توانی به‌كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك پاره‌ و فرۆشتنی ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی كچه‌كه‌ رزگاربكات.

له‌و كاره‌وه‌، ناوبانگی پاشا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ جێی متمانه‌ی ئه‌وانه‌ی پاره‌یان پێده‌دا بۆ هاوكاریكردنی خێزانه‌ ئێزیدییه‌كان.

 

پاشا په‌نا بۆ فه‌یسبوك ده‌بات

پاشا ده‌ڵێت په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیی و ‌یه‌كه‌م كاری خێرخوازی، به‌س نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌كی باشتر كۆبكاته‌وه‌، بۆیه‌ په‌نا بۆ لایڤی فه‌یسبوك ده‌بات و بڕیار ده‌دات فه‌یسبوك به‌كاربهێنێت.

“ورده‌ ورده‌ زیاتر ناسێنرام، که‌مترین لایڤی من 12 هه‌زار که‌س بینه‌ری بووه و زیاترینیان 120 هه‌زار که‌س، ئه‌مه‌ هاوكاری زۆری كردم”، پاشا وایوت.

له‌وكاته‌وه‌ی به‌ته‌نیا ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ڕێی فه‌یبسوكه‌وه‌ گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، پاشا ده‌ڵێت 300 ملیۆن دیناری كۆكردۆته‌وه‌ و دابه‌شیكردووه‌ به‌سه‌ر خێزانه‌ هه‌ژاره‌كاندا و ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیان هه‌یه‌و توانای چاره‌سه‌ریان نییه‌.

300 ملیۆن دینارم كۆكردۆته‌وه‌ و دابه‌شمكردووه‌ به‌سه‌ر خێزانه‌ هه‌ژاره‌كاندا

“تالاسیما شێرپه‌نجه‌، نه‌خۆشییه‌ ده‌گمه‌نه‌كان و گورچیله‌ و هه‌ندێك نه‌خۆشی تر كه‌ تێچوی زۆری ده‌وێت”، پاشا وتی له‌و نه‌خۆشانه‌ن كه‌ هاوكارییان ده‌كات.

لایڤه‌كانی پاشا جاری وا هه‌یه‌ له‌ناو كه‌مپه‌كان و له‌ژێر خێمه‌ ئه‌نجامی ده‌دات،  یان لای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ هاوكارییه‌.

“دوو منداڵ نه‌خۆشی تالاسیمایان هه‌بوو له‌ که‌مپی شاریا، به‌هاوكاری خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی عیراق توانیمان بیانگه‌یه‌نینه‌ كه‌نه‌دا، كچێكی تریش دوای ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری جه‌سته‌ی سوتا توانیمان بیبه‌ینه‌ وڵاتی سوید بۆ چاره‌سه‌ر”، ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانی پاشا به‌هاوكاری خه‌ڵكی خێرخواز.

پاشا، رۆژێك لایڤێك له‌سه‌ر منداڵێكی ئاواره‌ی كه‌مپی بێرسیڤ له‌ دهۆك ده‌كاته‌وه‌ به‌ناوی میغداد مراد، كه‌ پێویستی به‌ گۆڕینی گورچیله‌ هه‌بوو‌.

 لایڤه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی كورد له‌ ئه‌وروپا شه‌ش هه‌زار یۆرۆی داهاتی ئاهه‌نگێكی نارد، 14 ملیۆن دیناری تریش هه‌ر به‌هۆی ئه‌و لایڤه‌وه‌ كۆكرایه‌وه‌، دواجار منداڵه‌كه‌ رزگاركرا، به‌وته‌ی پاشا.

پاشا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ و هاوكاری تر ده‌كات.

ئه‌و ئێستا ناوێكی دیاری نێو ئاواره‌كانه‌و وه‌كو فریادڕه‌س ده‌بینرێت، ئه‌و وتی “ئه‌وه‌ی دڵخۆشم ده‌كات، خه‌ڵكی گوێ به‌وه‌ نادات ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ چ پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یان ئاینی خه‌رجده‌كرێت، کاتێک لایڤێک ده‌که‌مه‌وه‌، برایانی مسوڵمانیش به‌شدارده‌بن له‌ پێدانی هاوكاریی و كۆمه‌ك”.

ئه‌وه‌ی دڵخۆشم ده‌كات، خه‌ڵكی گوێ به‌وه‌ نادات ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ چ پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی یان ئاینی خه‌رجده‌كرێت

پاشا ده‌ڵێت یه‌ك حزبی سیاسی به‌یه‌ك دیناریش به‌شدارییان له‌و هه‌وڵ و كۆمه‌كانه‌ی ئه‌و نه‌كردووه‌.

ساڵی رابردوو پاشا پێشانگه‌یه‌کی فۆتۆیی له‌ به‌غدا کرده‌وه‌ له‌باره‌ی وێنه‌كانی كه‌مپینه‌كه‌یی و ئه‌وانه‌ی هاوكاری كراون.

“زیاتر له‌ هه‌زار كه‌س تائێستا سودمه‌ندبووه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانم و به‌رده‌وامده‌بم”، پاشا بڕیاریداوه‌ ساڵی 2019 به‌رنامه‌یه‌کی باشتر دابنێت و كاتی زیاتر بۆ ئه‌و كاره‌ی ته‌رخان بكات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن