“سۆنده‌، ته‌زوی كاره‌با و دار به‌كارهێنراوه‌”
ئاسایشی هه‌رێم به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی مێردمنداڵان تۆمه‌تبارده‌كرێت

January 8, 2019 at 4:45 pm

ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵان له‌ هه‌ولێر كه‌ ده‌یان منداڵی تێدا به‌نده به‌ تۆمه‌تی هه‌بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش‌ فۆتۆ: هیومان رایتس وۆچ

كه‌ركوك ناو

هیومان رایتس وۆچ، هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كات به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی به‌گومانی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، ئه‌وه‌ش له‌رێی لێدان و ته‌زوی كاره‌باوه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ ساڵانی 2017 و 2018دا، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌ی مێردمنداڵانیان داوه‌ تا دان به‌وه‌دابنێن په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ریان بۆ دابینبكرێت و نوسراوی دانپێدانانه‌كانیان به‌ر له‌ واژۆكردن بيخوێننه‌وه‌.

جۆو بێكه‌ر، به‌رێوه‌به‌ری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی منداڵ له‌ هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت “نزیكه‌ی پاش دوو ساڵ له‌ به‌ڵێندان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵانی به‌ندكراو، هێشتا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رده‌وامه،. ده‌بێت به‌رپرسانی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ستهه‌ڵبگرن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌و كاره‌وه‌ن”.

به‌پێی به‌دواداچونێكی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵانی هه‌ولێر، له‌ تشرینی دوه‌می 2018دا چاوی به‌ 20 مێردمنداڵی ته‌مه‌ن 14 بۆ 17 ساڵ كه‌وتووه‌، كه‌ سزادرابون یان تۆمه‌تباربون به‌ هه‌بونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش له‌گه‌ڵ سێ مێردمنداڵی تر كه‌ ئازادكرابون.

ئه‌و سه‌نته‌ره‌، یه‌كێكه‌ له‌و سێ شوێنه‌ی بۆ به‌ندكردنی منداڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێندرێت و به‌وته‌ی ستافه‌كه‌ی، 63 به‌ندكراوی تێدایه‌.

هه‌ندێكیان بۆ ماوه‌ی دوو كاتژمێر به‌شێوازی دوپشكی له‌ دواوه‌ ده‌ستیان به‌ستراوه‌

هیومان رایتس وۆچ ئاشكرایكردووه‌ 16 كه‌س له‌ كۆی 23 مێردمنداڵ، باسیان له‌وه‌كردوه‌ “ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ بنكه‌كانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌یان داون به‌ لێدانی هه‌موو جه‌سته‌یان به‌ سۆنده‌و كێبڵی كاره‌باو دار”.

“سێ له‌ مێردمنداڵه‌كان وتیان،‌ ئه‌فسه‌ران به‌ ته‌زوی كاره‌با ئه‌شكه‌نجه‌یان داون، هه‌ندێكی تر ووتیان كه‌ بۆماوه‌ی دوو كاتژمێر به‌شێوازی دوپشكی له‌ دواوه‌ ده‌ستیان به‌ستراوه‌. ژماره‌یه‌ك له‌ منداڵه‌كان وتیان،‌ بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك ئه‌شكه‌نجه‌دراون تا ئه‌و كاته‌ی دانپێدانانیان كردووه‌”.

به‌وته‌ی چوار منداڵی تر بۆ رێكخراوه‌كه‌، ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانیان لێكردوون، مێردمنداڵێكی ١٧ ساڵ وتویه‌تی “ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ره‌كه‌ی پێی ووتوه ئه‌گه‌ر راستیه‌كه‌مان پێنه‌ڵێی، ئه‌وا كوڕه‌كان بانگ ده‌كه‌م بێن لێتبده‌ن و ئێسقانه‌كانت بشكێنن”.

كەمپی خازر، 13-12-2016، هاوڵاتیانی هەڵاتووی شاری موسڵ لە كەمپی خازر فۆتۆ: رۆیتەرز

هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت به‌شێكیان له‌ منداڵه‌كان باسیان له‌وه‌كردوه‌، “په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كردوه ‌و كاریان له‌گه‌ڵ كردون و مه‌شقی سه‌ربازی و ئاینییان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێكراوه‌. یه‌كێكیان وه‌ك شۆفێر یه‌كێكی تر وه‌ك چێشت لێنه‌ر. ته‌نها یه‌كێكیان وتی كه‌ له‌ دژی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی عیراق له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شداری شه‌ڕی كردووه‌، هه‌ندێكی تریان ووتیان،‌ هیچ تێوه‌گلانێكی شه‌خسییان به‌ داعشه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌ندامی خێزانیان هه‌بووه‌ له‌ناو داعشدا بووه”.

هه‌موو ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵیاندا كردووه‌ دانپێدانانیان لێوه‌رگیراوه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێكیان نه‌بێت، “زۆرێكیان ووتیان چاریان نه‌بووه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دراون و ژماره‌یه‌كیان ووتیان كه‌ درۆیان كردووه‌”.

مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ ده‌ڵێت “نوسراوی دانپێنانه‌كه‌م ده‌ڵێت بۆ ماوه‌ی 16 رۆژ په‌یوه‌ندیم به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیم پێوه‌نه‌كردوون، وتم 16 رۆژ بۆ ئه‌وه‌ی ئەشکەنجەدانەکە بوەستێنم”.

هیومان رایتس وۆچ نوسیویه‌تی “هه‌موو مێردمنداڵه‌كان وتیان، رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نوسراوی دانپێدنانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆی نووسیون و ناچاریان كردوون به‌ واژوكردنی، زۆرێكیان پاش خوێندنه‌وه‌ی دانپێنانه‌كان له‌ دادگادا ئینجا زانیویانه‌ چی تێدا نووسراوه‌”.

رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نوسراوی دانپێدانانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆی نووسیون و ناچاریان كردون به‌ واژۆكردنی

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ لانیكه‌م پێنج مێردمنداڵ به‌ دادوه‌ری لێكۆڵه‌ریان وتووه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ئیعترافیان كردووه‌، به‌ڵام “دادوه‌ره‌كان وته‌كانیان پشتگوێخستون”.

هیومان رایتس وۆچ ئه‌وه‌ی رونكردۆته‌وه‌ دۆسیه‌ی مێردمنداڵه‌كان هاوشێوه‌ی دۆسیه‌یه‌كی پێشتری 17 مێردمنداڵه‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌بونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش له‌هه‌مان سه‌نته‌ردا به‌ندبون و له كانونی یه‌كه‌می 2016دا قسه‌یان بۆ رێكخراوه‌كه‌ كردبوو.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد، له‌ ساڵی 2017دا، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵێنی دامه‌زراندنی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یونامی له‌ عیراق دا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له تۆمه‌ته‌كان.

دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشتر ده‌رباره‌ی تۆمه‌ته‌كان به‌ هیومان رایتس وۆچ-ی راگه‌یاندووه‌ “به‌رپرسانی ئاسایش ڕێگه‌یان پێنادرێ ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌ندكراوان بده‌ن و به‌ندكراو مافی پێشكه‌شكردنی داوای یاسایی فه‌رمییان ‌دژی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی داوه”.

زێباری ئاماژه‌ی به‌ مافی به‌ندكراوانیش داوه‌ له‌وه‌ی داوای پارێزه‌ر بكه‌ن و خێزانه‌كانیان له‌ ده‌ستگیركردنیان ئاگاداربكرێته‌وه‌ و مێردمنداڵی زیندانیكراو به‌ ئاماده‌بونی ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش.

له‌باره‌ی كۆمیته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی تۆمه‌ته‌كان و ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر لێپرسراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ وه‌ڵامێكی رێكخراوه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

زۆرێك له‌م منداڵانه‌ به‌هۆی جه‌نگ و پێشێلكارییه‌كانی داعشه‌وه‌ توشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بون

هیومان رایتس وۆچ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا جه‌ختیكردۆته‌وه‌ نابێت لێپرسراوانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ هه‌بونی به‌ڵگه‌ی ڕون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوان هیچ منداڵێك ده‌ستگیربكه‌ن و “ده‌بێت پرۆگرامی چاكسازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دابین بكرێ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ داعش په‌یوه‌ندییان هه‌بوبێ. ده‌بێت به‌رپرسان دڵنیایی بده‌ن له‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی یاسایی رون‌ بۆ ده‌ستگیركردنی منداڵ هه‌یه و ده‌بێت منداڵه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ ببرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر یاسایی بونی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی”.

داواشیكردووه‌ لێپرسراوان هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بنێن بۆ‌ كۆتاییهێنان به‌ هه‌موو شێوازێكی ئه‌شكه‌نجه ‌و دانپێدنانی به‌زۆر، لێكۆڵینه‌وه بكرێت ‌و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن به‌رپرسیارن له‌و كاره‌دا.

به‌رێوه‌به‌ری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی منداڵ له‌ هیومان رایتس وۆچ ده‌ڵێت “زۆرێك له‌م منداڵانه‌ به‌هۆی جه‌نگ و پێشێلكارییه‌كانی داعشه‌وه‌ توشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بون و له‌بری به‌دیهێنانی عه‌داله‌ت بۆیان، ئه‌شكه‌نجه‌ و دانپێدانانی به‌زۆر ته‌نیا نه‌هامه‌تییه‌كانیان زیاد ده‌كات و رقی زیاتر له‌ ناخیاندا ده‌چێنێت”.

دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م وه‌ڵامی راپۆرته‌كه‌ی هیومان رایتس وۆچ-ی دایه‌وه‌ و ره‌تیكرده‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌كه‌ی چاكسازی كردبێت بۆ بینینی به‌ندكراوان و ئاماره‌كانیان به‌ ناراست ده‌زانێت.

هیچ كه‌سێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرناکرێت بە هیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجامدەدرێن

رونیكردۆته‌وه‌ له‌ ئێستادا 90 كه‌س له‌ نه‌وجه‌وانان و ئافره‌ت و منداڵ له‌و سه‌نته‌ره‌ی هه‌ولێر هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌ 14 كوڕ راگیراون و 50یان فه‌رمانی سزادانیان ده‌رچوه‌ و ته‌مه‌نیان له‌ 18 ساڵ كه‌متره‌، له‌ رابردوشدا ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌وانه‌ی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابون ئازاد کراون.

“هیچ كه‌سێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرناکرێت بە هیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجامدەدرێن، هەروەها دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان”.

دیندار زێباری ده‌ڵێت “ئەو مێردمنداڵانەی هەمانە مافی راگیراوانی دیکەیان هەیە وەک بونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات”.

به‌وته‌ی زێباری هەرکەسێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیربکرێت “بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت.. بەڵام زۆرجار بە هۆی زۆری ژمارەی راگوێزراوان رێکارە یاساییەکان ماوەیەک دەخایەنێت”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن