كورد چوار پۆستی باڵا له‌ دوزخورماتوو وه‌رده‌گرێت

January 8, 2019 at 8:50 pm

سه‌ڵاحه‌دین، ئابی 2018، تابلۆی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ به‌ زیادكردنی زمانی كوردییه‌وه‌ نوێكرایه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

کاروان ساڵحی و ژینۆ خه‌لیل

کورد چوار پۆستی نوێ له‌ ئیداره‌ی قه‌زای دوزخورماتوو وه‌رده‌گرێت و كاندیدی بۆ سێ له‌و پۆستانه‌ دیاریكرد، ئه‌وه‌ش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی حزبه‌ كوردییه‌كاندا ئاشكراكرا كه‌ دووشه‌ممه‌ 7ی كانونی دووه‌م له‌ دوزخورماتوو به‌ڕێوه‌چوو، هه‌رچه‌نده‌ ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ پێكهاته‌كانی تر په‌شیمانببنه‌وه‌.

كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ بارەگاى کۆمیتەى محەلى دوزخورماتوی حزبی شیوعى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌.

هێمن نورى، نوێنه‌ری حزبی شیوعی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تاوتوێی ئه‌و پۆستانه‌مان كرد كه‌ كورد له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ده‌ستیداوه‌، چونكه‌ له‌ كۆی 32 پۆست، كورد ته‌نیا سێ پۆستی به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ ئه‌وه‌ش هاوسه‌نگی نییه‌، ئێستاش بڕیاره‌ چوار پۆستی نوێی باڵا به‌ كورد بدرێت”.

له‌ كۆی 32 پۆست، كورد ته‌نیا سێ پۆستی به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌

هێمن نوری وتیشی “وەکو هاوسەنگییەك لە دابەشکردنى پۆستەکان، داواى پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى قەزاکەمان کرد، به‌ڵام ئەوان (توركمان) رازى نەبون و پیانڕاگەیاندوین کە لە برى ئەو پۆستە، چوار پۆستی ترتان پێده‌ده‌ین”.

كورد ئێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانی، به‌ڕێوه‌به‌ری وەقفی سوننی، نەخۆشخانە و کشتوکاڵی هه‌یه‌، بڕیاره‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌‌ پۆسته‌كانی بەڕێوەبەرى پۆلیس، بەڕێوەبەرى پەروەردە، بەڕێوەبەرى شارەوانى و بەڕێوەبەرى ڤێتەرنەرى به‌ كورد بدرێت.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كاندا، كاندید بۆ سێ له‌و پۆستانه‌ ده‌ستنیشانكران، ته‌نیا بۆ فه‌رمانگه‌ی ڤێته‌رنه‌ری كاندید دیارینه‌كراوه‌، به‌وته‌ی هێمن.

بورھان ئەمین، لێپرسراوی مەکۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە دوزخورماتوو، بە(کەرکوک ناو)ی وت “وەکو کورد پێگەیەکی باشمان نییە لە دوزخورماتوو، بۆیە ئێمه‌ ناڕازین، به‌ڵام قایمقامی قه‌زاكه‌، پێدانی چوار پۆستی به‌ كورد قبوڵكردووه‌”.

وەکو کورد پێگەیەکی باشمان نییە لە دوزخورماتوو، بۆیە ئێمه‌ ناڕازین

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پۆسته‌كان بۆ چ حزبێك ده‌بن، وتی “ئێمە وەکو گۆڕان کاندیدمان ئامادەیە بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو کاندیدیان نییه‌، چونکە باوەڕیان بەکارەکە نییه‌ و بێئومێد بون، دەیانوت تورکمان پۆست بەکورد نادات”.

داواشیكرد لایەنە کوردییەکان له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ رێكبكه‌ون.

به‌ڵام فەرمان عه‌بدوڵا، نوێنه‌ری یەکگرتوی ئیسلامی جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌كو كورد ده‌یانه‌وێت حەقی خۆیان پێبدرێت، نه‌ك “خێری پێبکرێت… کورد لە دوزخورماتوو قورسایی خۆی ھەیە”.

ده‌ستنیشانكردنی كاندید بۆ ئه‌و پۆستانه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی ئیداره‌ی قه‌زاكه‌دا دێت بۆ جارێکیتر دابه‌شکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی هاوسه‌نگ له‌ نێوان پێکهاته‌کاندا، ئه‌وه‌ش دوابه‌دوای سه‌قامگیری دۆخه‌که‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئاواره‌کان.

سه‌ڵاحه‌دین/7ی كانونی دووه‌می 2019/ كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌ كوردیه‌كان له‌ قه‌زای دوزخورماتوو بۆ تاوتوێكردنی پشكی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌و قه‌زا جێناکۆکی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا به‌هۆی روداوی سیاسی و ئه‌منیدا تێپه‌ڕیووه‌، بۆیه‌ ژماره‌یه‌ک زۆر له‌ دانیشتوانه‌که‌ی ئاواره‌ بون و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌کانی شاره‌که‌ش، له‌وپه‌ڕی ئاڵۆزیدا بوو.

له‌ ئێستادا و به‌ تایبه‌ت دوای زیاتر له‌ ساڵێک له‌ روداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017، به‌ وته‌ی ئیداره‌ و لێپرسراوانی دوزخورماتوو، بارودۆخه‌که‌ به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات و له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانی ئاساییدا، کار بۆ دابه‌شکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کان ده‌که‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن