یه‌كێتی بۆ ئاڵای له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد؟
پارێزگار داوای ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازیی به‌په‌له‌ی به‌غدا ده‌كات

January 9, 2019 at 11:05 am

كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2019، هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌پاڵ ئاڵاكانی یه‌كێتی و عیراق له‌سه‌ر باره‌گای كۆمیته‌ی ئیمام قاسمی یه‌كێتی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جارێكیتر ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی له‌ سه‌ر باره‌گاكانی له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی حزبه‌كانی تر و له‌باره‌ی ئاڵۆزی دۆخه‌كه‌وه‌ هۆشداری ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پارێزگاریش داوای ده‌ستتێوه‌ردانی به‌په‌له‌ی به‌غدا ده‌كات.

دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، سێشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م یه‌كێتی له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد، كه‌ پێشتر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ ئاڵۆزی زۆردا تێپه‌ڕی و دوای قه‌ده‌غه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌و شاره‌ داگیراوه.

مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ئاڵاكه‌دا رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ “کەرکوک کە ناوچەی جێناکۆکەو بەپێی دەستوری عیراق هیچ ڕێگرییەکی یاسایی بۆ هەڵنەکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان نییە”، هه‌روه‌ها نوسیویانه‌ “بەڵام دوای وه‌فاتی سەرۆک مام جه‌لال ئێمە لە تەواوی بارەگاکانمان ئاڵاکانی (کوردستان و عیراق و یەکێتی)مان داگرت… ئەمڕۆش  جارێکیتر به‌ فه‌رمی ئاڵاكانمان هه‌ڵكرده‌وه‌”.

ئاڵای هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وه‌ لە كەركوك داگیرا، دوای ئەوەی هێزەكانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گەڕانەوە ناوچەكانی جێناكۆك و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ناكۆكی.

كه‌رکوک کە ناوچەی جێناکۆکەو بەپێی دەستوری عیراق هیچ ڕێگرییەکی یاسایی بۆ هەڵنەکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان نییە

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ داوای پاراستنی ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیریی و پێكه‌وه‌ژیانی كرد له‌ شاره‌كه‌، دوای هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن یه‌كێتی و دروستبونی مشتومڕ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا.

هه‌روه‌ها داوای ده‌ستتێوه‌ردانی به‌په‌له‌ی به‌غدا ده‌كات، بۆ كۆتایی به‌و دیارده‌یه‌ و ده‌رنه‌كردنی هیچ بڕیار و رێكارێك به‌بێ هه‌ماهه‌نگی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، به‌و پێیه‌ی دۆخێكی هه‌ستیاری هه‌یه‌.

پارێزگار داوای ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ند كردووه‌ هێزی سه‌ربازی به‌په‌له‌ ره‌وانه‌ی كه‌ركوك بكات له‌ سوپای عیراقی، بۆ رێگری له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی “یاری به‌ ئه‌من و سه‌قامگیری شاره‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن” له‌گه‌ڵ رێگری له‌ تیرۆر “تا دۆخه‌كه‌ و هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كان و هه‌ڵوێستی نابه‌رپرسانه‌ی هه‌ندێك سیاسی نه‌قۆزنه‌وه‌ كه‌ رۆژێك به‌خه‌م سه‌قامگیری كه‌ركوكه‌وه‌ نه‌بون”.

راكان جبوری به‌بێ ناوهێنانی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك كراوه‌ موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌ و هۆشداریداوه‌ له‌وه‌ی هه‌ر شتێك له‌ كه‌ركوك رویداوه‌ و رووده‌دات به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كاره‌كه‌ی كردووه‌، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی ناوبراو “كه‌ركوك له‌ژێر یه‌ك ئاڵادایه‌ له‌ عیراق”.

كه‌ركوك، 8ی كانونی دوه‌می 2018، دره‌نگانی شه‌و له‌سه‌ر باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵكرا فۆتۆ: میدیای یه‌كێتی

شه‌وی رابردو، دوای هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێم له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌ركوك ئاهه‌نگگێران هه‌بوو، تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م ئاڵاكه‌ له‌سه‌ر باره‌گاكانی ئه‌و حزبه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و دانه‌گیراوه‌.

له‌ شوباتی ساڵی رابردوشدا، یه‌كێتی هه‌مان ئاڵای له‌سه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد، به‌ڵام دوای “پێنج خوله‌ك” به‌ بڕیاری سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كه‌ داگیرا.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند داوایان له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی كردووه‌ هانی لایه‌نگر و ئه‌ندامیان بده‌ن بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌قه‌ و یاری ئاگرین، تا دۆخی شاره‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی نه‌ڕوات.

لێپرسراوه‌كه‌ی پۆلیس له‌باره‌ی دۆسییه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمه‌وه‌ ته‌نیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌وه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسی حزبه‌كه‌ و به‌غدا بووه‌.

یاری به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ مه‌كه‌ن وه‌كو سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا

پێشتر و له‌ 17ی كانونی یه‌كه‌می 2018دا، هاوكات له‌گه‌ڵ رۆژی ئاڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆمیته‌ی كه‌ركوكی حزبی شیوعی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر باره‌گاكه‌ی هه‌ڵكرد و دواتر به‌فشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هێنرایه‌ خواره‌وه‌.

دۆسیه‌ی ئاڵا، له‌ دوو ساڵی رابردودا جێی مشتومڕی به‌رده‌وامی لایه‌نی سیاسیی و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك بووه‌، تائێستاش به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌.

به‌ره‌ی توركمانی له‌ كه‌ركوك، ناڕازییه‌ له‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق كرد، ده‌رفه‌ت نه‌داته‌ هیچ كه‌سێك كێشه‌ له‌ شاره‌كه‌ بنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها پێیانوایه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا و سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع، هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی دۆخی كه‌ركوك، به‌پێویستی ده‌زانن سه‌رۆكوه‌زیران و كوتله‌ سیاسیه‌كان “یاری به‌ كه‌ركوكه‌وه‌ نه‌كه‌ن وه‌كو سه‌فقه‌یه‌كی سیاسی له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و ته‌واوكردنی كابینه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك و ئه‌منیه‌تی كه‌ركوك”.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، له‌ ئازاری 2017دا هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب ‌و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

كەركوك، 28-3-2017، ساتی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: وریا كاكەیی

بورهان مه‌زهه‌ر عاسی، سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی “ئه‌من و سه‌قامگیری كه‌ركوك هێڵی سوره‌ و سازشی له‌سه‌ر ناكرێت”.

به‌بڕوای لێپرسراوانی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك، ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ شاره‌كه‌ هه‌یه‌ ناكرێت تێكبدرێت، داوا له‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ “قه‌یران دروستده‌كه‌ن پێداچونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانیاندا بكه‌ن چونكه‌ بێده‌نگی خه‌ڵك درێژه‌ ناكێشێت”.

بورهان عاسی هاوڕای پارێزگاری كه‌ركوك، داوای به‌ په‌له‌ ناردنی هێزی زیاتری سه‌ربازی فیدراڵی كرد بۆ شاره‌كه‌.

پەرلەمانی عیراق لە نیسانی 2017دا پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە پارێزگای كەركوك خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا تەنیا ئاڵای عیراق هەڵبكرێت، دوای ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

لەكاردانەوەی ئەو هەنگاوەدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك له‌ هه‌مان مانگدا كۆبونەوەیەكی بە بێ‌ ئامادەبونی عەرەب‌ و توركمان ئەنجامدا‌و تێیدا، بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراقی رەتكردەوه‌.

ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیری كه‌ركوك هێڵی سوره‌ و سازشی له‌سه‌ر ناكرێت

مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی، له‌ دوایین هه‌ڵوێستیدا به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌وان پارتێكی تۆماركراون به‌ فه‌رمی و به‌پێی یاسا دروشم و ئاڵای تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵكردوه‌ وه‌كو یه‌كێك له‌ هێماكانی حزب له‌ پاڵ ئاڵای عیراق.

یه‌كێتی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵا “مافێكی یاسایی و ده‌ستورییه‌”، به‌وپێیه‌ی پێشتر و به‌هۆی كۆچی دوایی مام جه‌لال، سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌وه‌ داگیراوه‌ و جارێكیتر دانراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت لارییان نییه‌ پێكهاته‌كانی تر و حزبه‌كانی تر شتێك هه‌ڵبكه‌ن هێمابێت بۆ دروشم و ئامانجه‌كانیان.

داوا له‌ نوێنه‌رانی پێكهاته‌ و پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن “تێگه‌یشتنیان هه‌بێت بۆ هه‌ڵوێسته‌كانمان و مافه‌كانمان له‌ هه‌ڵكردنی ئاڵا”، به‌پێویستی ده‌زانن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ پابه‌ندی یاسابن و ئه‌گه‌ر ناكۆكی هه‌بێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵا، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری تایبه‌تمه‌نده‌ به‌و دۆسیه‌یه‌.

پێشتر‌و لە ناوه‌ڕاستی ئابی 2017دا دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە، ئه‌وه‌ش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا، هه‌رچه‌نده‌ رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن تانه‌ی لێدا، به‌ڵام دادگای فیدراڵی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ودا نیه‌ دۆسیه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن