قايمقامێكى نوێ بۆ ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڵبژێردرا

January 9, 2019 at 12:33 pm

قاسم محه‌مه‌د شه‌ریف، قایمقامی نوێی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر

جه‌عفه‌ر ته‌له‌عفه‌ری – نه‌ینه‌وا

قاسم محه‌مه‌د شه‌ریف، وه‌كو قایمقامی نوێی ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڵبژێردرا، ئه‌وه‌ش له‌ دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ.

له‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سێشه‌ممه‌ 7ی كانونی دوه‌می 2018، ئه‌نجومه‌نی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌نگیدا به‌دانانی قاسم محه‌مه‌د، له‌ پۆستی قایمقامدا له‌ بری عه‌بدوعال عه‌باس، كه‌ وازی له‌و لێپرسراوێتییه‌ هێنا.

ئیسماعیل ئیبراهیم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌نجومه‌نی قه‌زا به‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئاماده‌بوو ده‌نگیدا بۆ هه‌ڵبژاردنی قاسم محه‌مه‌د وه‌كو قایمقام”.

“17 ئه‌ندام به‌شداربون له‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا، قایمقامی نوێ 11 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و كاندیده‌كه‌ی تری به‌رانبه‌ر، موسه‌نا ده‌وله‌ ته‌نیا شه‌ش ده‌نگی هه‌بوو”.

قایمقامی پێشوو، دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعش ده‌ستیله‌كاركێشانه‌وه‌، تائێستاش هۆكاری وازهێنانه‌كه‌ی ئاشكرانه‌كردووه‌.

بۆ پۆستی قایمقامی ته‌له‌عفه‌ر، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، حه‌وت كه‌س داواكاریی كاندیدبونیان پێشكه‌شكرد، به‌پێی رێكار و له‌چوارچێوه‌ یاساییه‌كاندا.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن