دوو ژنی ئاواره‌: نان له‌سه‌ر به‌رد په‌یدا ده‌كه‌ین

January 12, 2019 at 8:45 pm

كه‌لار/كانونی دووه‌می 2019/ به‌ره‌كات عبدولمەجید (27ساڵ) له‌كاتی دروستكردنی جۆرێكی تایبه‌ت له‌ شیرینی فۆتۆ: نیگار عومه‌ر

نیگار عومه‌ر

كڕیاره‌كان به‌زمانی كوردی داوای شیرینییه‌كانی به‌ره‌كاتیان ده‌كرد، ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ تێنه‌ده‌گه‌یشت، به‌ڵام به‌ زمانێكی شیرینتر و مامه‌ڵه‌یه‌كی جوان تێیده‌گه‌یاندن و به‌ڕێیده‌كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانێك له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی نێوان فرۆشیار و كڕیار راهێنانی كردبێت.

شیرینی جۆراوجۆری بۆ ده‌هێنان و چ جۆرێكیان بویستایه‌ بۆی دروستده‌كردن، ئه‌وه‌ نمونه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و خانمه‌ 27 ساڵه‌یه‌ كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ ئاواره‌ییدا و له‌ سه‌ر به‌رد نان په‌یداده‌كات.

كڕیاره‌كان له‌ ژن و پیاو هه‌ندێك كات رێزده‌به‌ستن بۆ شیرینییه‌كه‌ی به‌ره‌كات و خوشكه‌كه‌ی، تام و شێوزای دروستكردنه‌كه‌ی ئه‌و بازاڕه‌ی بۆ په‌یداكردون.

بیرۆكه‌كه‌ی به‌ره‌كات و خوشكه‌كه‌ی

بەرەکات عبدولمەجید و خوشكه‌كه‌ی، چوار ساڵه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان ئاواره‌ی قه‌زای كه‌لارن له‌ پارێزگای سلێمانی، دوای ئه‌وه‌ی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ه‌ و ئه‌وان نه‌یانتوانی چیتر له‌وێ بمێننه‌وه‌.

بەرەکات به‌ (کەرکوک ناو)ی وت “داعش ناوچەکەی داگیرکردین، خێزانه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناونه‌چین ئاواره‌ییمان هه‌ڵبژارد، ناڕه‌حه‌تی زۆرمان بینی، بێكاریی، بێ شوێن و په‌ناگه‌… به‌ڵام به‌هه‌وڵی ئێمه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو شت باشده‌بێت و ده‌گۆڕێت”.

له‌وكاته‌دا به‌ره‌كات بیر له‌وه‌ ده‌‌كاته‌وه‌ توانای خۆی به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی خێزانه‌كه‌ی په‌یدابكات، كاتێك خانوییه‌ك به‌كرێ ده‌گرن، هه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی پڕۆژه‌ بچوكه‌كه‌ی دروستكردنی (حلویات – شیرینی) ده‌ستپێده‌كات.

“كڕیاره‌كان ده‌ڵێن شیرینیه‌كه‌ت زۆر خۆشه‌، كێك، كولیچه‌ یان هه‌ر جۆرێك كه‌ خواستی ئه‌وانی له‌سه‌ر بێت داوای ده‌كه‌ن و پێیان ده‌فرۆشم”، به‌ره‌كات وتی “كرێی دوكان ناده‌م، ماڵه‌كه‌م دوكانه‌كه‌مه‌، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ری باشمه‌ بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان”.

ماڵه‌كه‌م دوكانه‌كه‌مه‌، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ری باشمه‌ بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان

ژیانی زۆرێك له‌ خێزانه‌كان له‌ كه‌مپ و ئاواره‌ییدا باش نییه‌ به‌هۆی بێكاریی، به‌ڵام به‌ره‌كات و خوشكه‌كه‌ی ئه‌و ژینگه‌یه‌یان‌ بۆ ژیانێكی باشتر گۆڕیوه‌ و ته‌نانه‌ت بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ به‌یه‌كجاری له‌و قه‌زایه‌ نیشته‌جێ بن.

بەرەکات، بە زمانی عەرەبی له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كان قسه‌ی ده‌كرد و كڕیاره‌كانیش هه‌موی كوردن به‌شێكی زۆریان عه‌ره‌بی نازانن. به‌ڵام ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ ئه‌و دروستنه‌كردووه‌.

ئه‌وان ئێستا بونه‌ته‌ نمونه‌ی ده‌یان خانمی تری ده‌ستڕه‌نگین‌ كه‌ له‌ ئاواره‌ییدا بژێوی ژیانی خێزانه‌كانیان په‌یداده‌كه‌ن.

خانمێكی تری ده‌ستڕه‌نگین

فاتیمە محەمەد (56 ساڵ) یه‌كێكی تره‌ له‌و ژنه‌ ئاوارانه‌ی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “له‌سه‌ر به‌رد نان په‌یدا ده‌كات”.

كه‌لار/كانونی دووه‌می 2019/ فاتیمە محەمەد (56 ساڵ) رۆژانه‌ خواردنی جۆراجۆر دروستده‌كات بۆ كڕیاره‌كانی و به‌وه‌ش بژێوی خێزانه‌كه‌ی په‌یداده‌كات فۆتۆ: نیگار عومه‌ر

ئه‌و ئێستا له‌ ناحیه‌ی رزگاری له‌ كه‌لار نیشته‌جێیه‌، دوای ئه‌وه‌ی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پارێزگای بابلی له‌ ناوه‌ڕاستی عیراق جێهێشت، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “به‌هۆی شه‌ڕی تائیفییه‌وه‌”.

فاتیمە، قوناغێکی سەختی ئاواره‌یی به‌ڕێده‌كات، ده‌ڵێت “چه‌ندین شه‌و هه‌بووه‌ لەسەرما خەومان لێنەکەوتووە، بێ نان ماوینەتەوە و  مێردەکەشم له‌شه‌ڕ لەدەستدا، ماڵی کورد ئاوەدانبێت جێگەیان بۆ کردوینەتەوە”.

بۆیه‌ ئه‌و بیرده‌كاته‌وه‌ ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێت، بۆ ئه‌وه‌ش توانای خۆی له ‌بواری دروستكردنی خواردنی جۆراوجۆر تاقیده‌كاته‌وه‌.

“بینیم لێرە ژنان ئیشدەکەن و هەوڵدەدەن… باری داراییم بەشی ئەوەی نه‌ده‌كرد دوکان دابنێم، باشترین رێگە دروستکردنی خواردن بوو بۆ خەڵک له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیم”، فاتیمه‌ وایوت.

ئه‌و كرێچییه‌ و هه‌ر له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی خواردنی (کوبەی برنج، کفتە، بریانی، شفتە، یاپراخ و چه‌ند جۆرێكی تری خواردن بەگوێرەی داواکاری خەڵک دروستده‌كات و ده‌یفرۆشێت.

“ژنان دێن سەردانم دەکەن و خواستی خۆیان له‌ خواردن پێشنیاز ده‌كه‌ن، منیش بەجوانی بۆیان دروستدەکەم”، فاتیمه‌ وایوت.

زۆرینه‌ی كڕیاره‌كانی فاتیمه‌ فەرمانبەر یان مامۆستان، كاره‌كه‌ی به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات كرێی خانوو و بژێوی منداڵه‌كانی په‌یدا بكات.

ئه‌و دوو خاتونه‌ بونه‌ته‌ نمونه‌ی زاڵبونی ژنانی ئاواره‌ به‌سه‌ر  ناڕەحه‌تییەکانی ژیاندا له‌ قه‌زای كه‌لار.

بۆ بەردەوامی ژیان پێویستە بەهێزبیت، ئینجا هه‌وڵبده‌یت و چۆك دانه‌ده‌یت

“بۆ بەردەوامی ژیان پێویستە بەهێزبیت، ئینجا هه‌وڵبده‌یت و چۆك دانه‌ده‌یت”، فاتیمه‌ وایوت.

فاتیمە، داوا له‌ ژنانی ئاواره‌ ده‌كات كۆڵنه‌ده‌ن، چ توانایه‌كیان هه‌یه‌ بیخه‌نه‌گه‌ڕ، “مرۆڤ كه‌ به‌هێز بوو نان له‌سه‌ر به‌رد په‌یدا ده‌كات”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن