جێگاكه‌ی ئه‌ڵماس فازڵ پڕده‌كرێته‌وه‌
كاندیدێكی شیوعی له‌ پێشه‌ و بۆ سۆسیالیست-ی جێده‌ھێڵێت

January 9, 2019 at 6:36 pm

ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌ندامی پێشوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌پشككی یه‌كێتی فۆتۆ: میدیای یه‌كێتی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

كاندیدێكی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ جێی ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ستبه‌كارده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی كاندیدێكی حزبی شیوعی ره‌تیكرده‌وه‌ پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی ریزبه‌ندییه‌كه‌ مافی خۆی بوو.

له‌ ئایاری ساڵی رابردودا ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كوتله‌ی برایه‌تی وه‌كو كاندیدی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی سه‌ركه‌وت بۆ په‌رله‌مانی عیراق، له‌وكاته‌شه‌وه‌ جێگاكه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ریزبه‌ندیی كوتله‌ی برایه‌تی، كاندیدێكی حزبی شیوعی كوردستان له‌ پێشه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی وازی له‌و مافه‌ هێنا، بڕیاره‌ پۆسته‌ بدرێت به‌ كاندیدی دواتر كه‌ له‌ حزبی سۆسیالیسته‌.

محمەد كەمال، سەرۆكی كوتله‌ی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت “ئەو ئافرەتەی كاندیدی حزبی شیوعیە داوای بەخشینی كردوە، بۆیه‌ ئێستا حەسیب ئەحمەد بەڵگەنامەكانی رادەستی ئەنجومەنی پارێزگا كردوە و تەنیا رێكاری یاسایی ماوە تا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و سوێندی یاسایی بخوات”.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

له‌ نێو كوتله‌ی برایه‌تیدا، پارتی خاوه‌نی زۆرترین ئه‌ندامه‌، به‌دوای ئه‌ودا یه‌كێتی حه‌وت ئه‌ندامی ده‌مێنێته‌وه‌ كاتێك شوێنه‌كه‌ی ئه‌ڵماس فازڵ پڕده‌كرێته‌وه‌، پاشان یه‌كگرتوی ئیسلامی دێت.

كه‌ركوك/8ی كانونی دووه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هیچ ئه‌ندامێكی تیانییه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

حەسیب ئەحمەد، كاندیدی ژمارە 29 لە لیستی برایەتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چەند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئەنجومەنی پارێزگاوه‌ پەیوەندیم پێوە كرا به‌وه‌ی مافی خۆمە ببمه‌ ئەندام لە ئەنجومەن بەپێی ریزبەندییه‌كان و داوایانكرد سی ڤی بنێرم، بۆیه‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانم راده‌ستكرد و چاوه‌ڕێی رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كه‌م”.

له‌ هه‌ڵبژاردنی 2005ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌و كاندیده‌ی سۆسیالیست نه‌یتوانی ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ئه‌و بیستویه‌تی، كاندیده‌كه‌ی شیوعیش هه‌رچه‌نده‌ مافی خۆیه‌تی به‌ڵام ئاماده‌نه‌بووه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ وه‌ربگرێت.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له‌ نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی دانیشتوانی كه‌ركوك.

ئاراز نەجم، جێگری لێپرسراوی كۆمیته‌ی كه‌ركوكی شیوعی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “مه‌هه‌ستی ناز، كاندیدی ژماره‌ 28 له‌ لیستی برایه‌تی له‌ حزبی شیوعی و نه‌ته‌وه‌ی توركمانه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ردانێكدا پیمانوت مافی خۆیه‌تی ببێته‌ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه‌”.

به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی شیوعی، ئه‌و كاندیده‌ به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نیه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بوه‌ ببێته‌ ئه‌ندام، “پێشوتر فەرمانبەر بوە لە پارێزگا و ئێستا خانەنشین بووە، سەرقاڵی كاروباری خێزانی خۆیەتی، وتیشی لە ئێستادا ئەنجومەن كارا نییە و تەنیا دەبێت بڕۆم موچە وەربگرم، بۆیه‌ ره‌تیكرده‌وه‌”.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ دانیشتنه‌كانی په‌كیكه‌وتووه‌ به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارتی و ناكۆكی حزبه‌كانی تر له‌سه‌ر چه‌ندین پرس، له‌ نێویاندا پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان، ئه‌وه‌ش دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ كشانه‌وه‌، له‌ئه‌نجامی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ریفراندۆم.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن