سه‌‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوای داگرتنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌ كه‌ركوك

January 9, 2019 at 8:15 pm

كه‌ركوك ناو

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، داواده‌كات ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك بهێنرێته‌ خواره‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و کاره‌ به‌ “پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور‌” ناوده‌بات، ئه‌وه‌ش له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌م نوسینگه‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه‌.

له‌ راگەیه‌ندراوه‌كه‌دا، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی “عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆک وه‌زیران، په‌یوه‌ندی به‌ په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری عیراق ئه‌نجامداوه‌ که‌ پارێزه‌ری ده‌ستوری عیراقه‌ و كارده‌كات بۆ زامنکردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوره‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده‌ی سیاسی‌ جیاوازیشه‌وه‌ كردوه‌ و رێنماییکردون به‌هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر باره‌گای حیزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ شاری که‌رکوک، چونکه‌ ئه‌م کاره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌”.

سه‌رۆك وه‌زیران پێیوایه‌ باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرس به ‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی بکرێت له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێکردنی.

باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرس به ‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی بکرێت له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێکردنی

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ركوك ناوچه‌ی جێناكۆكه‌ به‌پێی ده‌ستوری عیراق و ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنورانه‌ی که‌ ده‌ستور بۆ هه‌رێمی کوردستانی داڕشتوه، بۆیه‌ “ناکرێت هیچ گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ریدابێت تا له‌ڕێی ده‌ستوره‌وه‌ ناوچه‌كه‌ یه‌کلاییده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵکردنی ئاڵا و لۆگۆی هه‌موو حیزبه‌ سیاسییه‌کان ئاساییه‌ و پێشێلکاری ده‌ستور نییه‌”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، سێشه‌ممه‌ 8ی كانونی دوه‌م یه‌كێتی له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد، كه‌ پێشتر ئه‌و دۆسیه‌یه‌  ئاڵۆزی زۆردا تێپه‌ڕی و دوای قه‌ده‌غه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌و شاره‌ داگیراوه.

داواكه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ پرسكردن به‌ دادگای فیدراڵی عیراق له‌كاتێكدایه‌، پێشتر و  لە ناوه‌ڕاستی ئابی 2017دا دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە، ئه‌وه‌ش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا، هه‌رچه‌نده‌ رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن تانه‌ی لێدا، به‌ڵام دادگای فیدراڵی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ودا نیه‌ دۆسیه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ئاڵاكه‌دا رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ “کەرکوک کە ناوچەی جێناکۆکەو بەپێی دەستوری عیراق هیچ ڕێگرییەکی یاسایی بۆ هەڵنەکردنی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان نییە”، هه‌روه‌ها نوسیویانه‌ “بەڵام دوای وه‌فاتی سەرۆک مام جه‌لال ئێمە لە تەواوی بارەگاکانمان ئاڵاکانی (کوردستان و عیراق و یەکێتی)مان داگرت… ئەمڕۆش  جارێکیتر به‌ فه‌رمی ئاڵاكانمان هه‌ڵكرده‌وه‌”.

ئاڵای هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وه‌ لە كەركوك داگیرا، دوای ئەوەی هێزەكانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گەڕانەوە ناوچەكانی جێناكۆك و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ناكۆكی.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ داوای پاراستنی ئه‌منیه‌ت و سه‌قامگیریی و پێكه‌وه‌ژیانی كرد له‌ شاره‌كه‌، دوای هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن یه‌كێتی و دروستبونی مشتومڕ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا.

یه‌كێتی بۆ ئاڵای له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد؟پارێزگار داوای ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازیی به‌په‌له‌ی به‌غدا ده‌كات

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن