مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی وه‌ڵامی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌داته‌وه‌

January 9, 2019 at 8:35 pm

كه‌ركوك/7ی ئازاری 2010/ لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی كۆچكردوی حزبه‌كه‌یان ماچ ده‌كه‌ن له‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دوی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانیان دابگرن، ئه‌وه‌ش وه‌ك ‌وه‌ڵامێك بۆ داواكاری عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

رەوەند مەلا مه‌حمود، له ‌لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، جه‌ختیكرده‌وه‌ “دیارە بڕیارەکەی عادل عەبدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران بەو شێوەیە نییە کە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت، یەکێتی کارێکی نادەستوری نەکردووە، بەڵکو لەپاڵ ئاڵای عیراق، ئاڵای هه‌رێمی کوردستانیشی هەڵکردووە، ئێمە ئاڵامان هەڵکردووە و پاشگەزنابینه‌وه‌”.

ئێمە ئاڵامان هەڵکردووە و پاشگەزنابینه‌وه

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌م بڵاویكردۆته‌وه‌، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی “سه‌رۆک وه‌زیران، په‌یوه‌ندی به‌ په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری عیراق ئه‌نجامداوه‌ که‌ پارێزه‌ری ده‌ستوری عیراقه‌ و كارده‌كات بۆ زامنکردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوره‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده‌ی سیاسی‌ جیاوازیشه‌وه‌ كردوه‌ و رێنماییکردون به‌هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر باره‌گای حیزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ شاری که‌رکوک، چونکه‌ ئه‌م کاره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌”.

كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2018، هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌پاڵ ئاڵاكانی یه‌كێتی و عیراق له‌سه‌ر باره‌گای كۆمیته‌ی ئیمام قاسمی یه‌كێتی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سه‌رۆك وه‌زیران پێیوایه‌ باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرس به ‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی بکرێت له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێکردنی.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ركوك ناوچه‌ی جێناكۆكه‌ به‌پێی ده‌ستوری عیراق و ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنورانه‌ی که‌ ده‌ستور بۆ هه‌رێمی کوردستانی داڕشتوه، بۆیه‌ “ناکرێت هیچ گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ریدابێت تا له‌ڕێی ده‌ستوره‌وه‌ ناوچه‌كه‌ یه‌کلاییده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵکردنی ئاڵاو لۆگۆی هه‌موو حیزبه‌ سیاسییه‌کان ئاساییه‌ و پێشێلکاری ده‌ستور نییه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن