فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێرانی له‌گه‌ڵدایه‌
نوێنه‌ری خامنه‌یی سه‌ردانی كه‌ركوك و دوزخورماتوو ده‌كات

January 10, 2019 at 4:00 pm

سه‌ردانی موجته‌با، نوێنه‌ری رێبه‌ری باڵای ئێران و عه‌لی ئیقبالپور، فه‌رمانده‌ی باڵا له‌ سوپای پاسداران بۆ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین

كه‌ركوك ناو

موجته‌با حوسێنی، نوێنه‌ری عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران به‌ یاوه‌ری فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای سوپای پاسداران، سه‌ردانی پارێزگای كه‌ركوك و قه‌زای دوزخورماتوو ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌پێی سێ سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م حوسێنی و عه‌لی ئیقبالپور، فه‌رمانده‌ له‌ سوپای پاسداران چونه‌ته‌ قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و پاشان سه‌ردانی قه‌زای داقوق-یان كردووه‌ به‌رله‌وه‌ی بچنه‌ به‌شیر و دواتر نوێنه‌ره‌كه‌ی رێبه‌ری ئێران چۆته‌ شاری كه‌ركوك.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی نوێنه‌ری رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “موجته‌با حوسێنی، نوێنه‌ری عه‌لی خامنه‌یی و كونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سه‌ردانی باڵه‌خانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كه‌ركوكیان كردووه‌ بۆ به‌شداری له‌ سیمینارێكی هۆشیاری ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌”.

به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌ راگه‌یاندنی حه‌شدی توركمانی لیوای 16 له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌كه‌ی رێبه‌ری ئێراندا، عه‌لی ئیقبالپور یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بینرێت، له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ مه‌رقه‌دی ئیمام زه‌ینلعابدین له‌ قه‌زای داقوق-ی باشوری كه‌ركوك.

به‌ڵام له‌ هه‌مان گرته‌ی ڤیدیۆییدا، كاتێك شانده‌كه‌ ده‌چنه‌ تازه‌ و ناوچه‌ی به‌شیر له‌ كه‌ركوك، فه‌رمانده‌كه‌ی سوپای پاسداران ده‌رناكه‌وێت.

ماڵپه‌ڕی فه‌رمی زانكۆی كه‌ركوك ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانونی دوه‌می 2018 بڵاویكرده‌وه‌ “زانكۆی كه‌ركوك سیمینارێكی رۆشنبیری رێكخستووه‌ بۆ نوێنه‌ری سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا عوزما سه‌ید عه‌لی خامنه‌یی له‌ عیراق ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌”.

موجته‌با حوسێنی، ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی قه‌زای دوزخورماتوی كرد به‌ یاوه‌ری ئیقبالپور، له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانی هێزی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

عه‌لی حوسێنی، وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا موجته‌با حسێنی سه‌ردانی قه‌زای دوزخورماتوو، ئامرلی و گونده‌ توركمانییه‌كانی كرد”، به‌وته‌ی ناوبراو، “ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ په‌یامێكه‌ كه‌ چاودێریی باوكانه‌ی پیاوانی ئایینی له‌ نه‌جه‌ف و قوم-ی پیرۆز بۆ توركمانه‌كان به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ییه‌ له‌ هه‌موو كاته‌كاندا”.

“په‌یامێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ به‌دواداچون و ئاگاداربونه‌ له‌ ناوچه‌ وێرانبوه‌كانی شیعه‌ی توركمان له‌ دوزخورماتوو، ئامرلی و ژماره‌یه‌ك له‌ گونده‌كان، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی تری كه‌رتی باكور، له‌ پێناو گه‌یاندنی داواكاری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ ئیمام خامنه‌یی، به‌وه‌ی ئێمه‌ خۆڕاگر و ئارامگر و سه‌ركه‌وتوین پشتیوان به‌خوا، چونكه‌ سه‌بازی ویلایه‌ت و مه‌رجه‌عیه‌تین”، لێپرسراوه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی وای وت.

هه‌روه‌ها عه‌لی حسێنی وتی “ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ نێو هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌دا، ئومێده‌وارین به‌رده‌وامی هه‌بێت و دوباره‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ پێویستمان پێیه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ قۆناغێكی زۆر قورسدا ده‌ژین، ئه‌وه‌ش قۆناغی دوای شه‌ڕی داعشه‌”.

قه‌زای دوزخورماتوو، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌، دانیشتوانه‌ی له‌ توركمان، كورد و عه‌ره‌ب پێكهاتون، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وتۆته‌وه‌ ده‌ست هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، كاتێك ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن