سێ هه‌زار خێزانی كریستیانی هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ موسڵ

January 10, 2019 at 9:29 pm

باشیك/15-4ی2017/ كریستیانەكان دوای نزیكەی سێ ساڵ مەراسیمی جەژنی قیامەیان رێكخست فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

سێ هه‌زار خێزانی كریستیانی هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی کاروباری کریستیانه‌کان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گله‌یی ده‌كه‌ن له‌ كه‌می خزمه‌تگوزاریی و  ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان.

خالید جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کاروباری کریستیانه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كریستیانییه‌كان له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا تائێستا هه‌شت هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و سێ هه‌زار خێزانی تر هێشتا له‌ شاره‌‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی نیشته‌جێن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌”.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كاتێك موسڵی كۆنترۆڵكرد، سێ‌ بژارده‌ی خستە بەردەم کرستیانەکان ئەوانیش بون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان جێهێشتنی ماڵەکانیان، بۆیە 136 هه‌زار كه‌سیان له‌و پارێزگایه‌ بە ناچاری ئاوارەی هه‌رێمی كوردستان یان دەرەوەی وڵات بون.

له‌ ‌دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، هێشتا سێ هه‌زار خێزان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌شی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گله‌یی له‌ كه‌می خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ن.

جوزیف بترس، سێ مانگ پێش ئێستا گه‌ڕایه‌وه‌ ناحیه‌ی به‌رتڵه له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سوپاس بۆ خوا گه‌ڕاینه‌وه‌ زێدی خۆمان، ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ هیوایه‌كی ئێمه بوو‌، به‌ڵام ئاستی خزمه‌تگوزاریی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ و رێگه‌وبان باش نییه”.

جوزیف هیواداره‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان، گرنگییه‌کی زۆر به‌ ناوچه‌ کریستیانه‌کان بده‌ن، تاوه‌کو هه‌موو ئاواره‌ كریستانیه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان.

داود باباوى، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ پێکهاته‌ی کریستیانی‌ به‌(که‌رکوک ناو )ی وت”له‌ ناوه‌ندی شاری موسڵ که‌مترین ژماره‌ی ئاواره‌ی کریستیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بۆ ده‌و‌روبه‌ری موسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا رێژه‌كه‌ زیاتره‌”.

نزیكه‌ی 40 هه‌زار كریستیانی له‌ سنوری قه‌زای حه‌مدانیه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عیراق، لە ملیۆنێک‌ و 500 هەزار کەسەوە بۆ 200-300 هەزار کەس کەمبۆتەوه‌.

داود باباوی ده‌ڵێت “له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی نه‌ینه‌وا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی ئه‌منی نییه‌، به ‌تایبه‌ت له ‌ناوچه‌ کریستیانه‌کان، بۆیه‌ خه‌ڵک له‌ ژیانی خۆی ده‌ترسێت و هه‌ندێكیان نایانه‌وێت جارێ بگه‌ڕێنه‌وه‌”.

زیاتر وتی “ناوچه‌ کریستیانه‌کان به ‌ته‌واوی کاوڵکراون و به‌داخه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا ئاوه‌داننه‌کراونه‌ته‌‌وه‌ و خزمه‌تگۆزارییه‌کان وه‌کو ئاو و کاره‌با زۆر که‌مه،‌ ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ بێت کریستیانه‌کان ناگه‌ڕێنه‌وه‌”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن