ده‌رباره‌ی كه‌ركوك و هه‌ڵكردنی ئاڵا
سه‌رۆكوه‌زیران و یه‌كێتی كاتژمێرێك گفتوگۆیان كرد

January 10, 2019 at 7:38 pm

به‌غدا، 10ی كانونی دوه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و شاندێكی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ زیاتر له‌ كاتژمێرێك گفتوگۆیان كرد ده‌رباره‌ی چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی كه‌ركوك له‌ نێویاندا هه‌ڵكردنی ئاڵا، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ هیچ ده‌ره‌نجامێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانونی دوه‌م له‌ به‌غدا، نوێنه‌رانی كه‌ركوكی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانیان كرد بۆ تاوتوێی دۆسیه‌كانی شاره‌كه‌، به‌ تایبه‌ت پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی ئه‌و حزبه‌ كه‌ ناكۆكی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

جەمال شکور، په‌رله‌مانتاریی یه‌كێتی و به‌شداربوی كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌مڕۆ شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌مان بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك و 15 خوله‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران كۆبوینه‌وه‌، به‌وردیی باسی كه‌ركوك كرا”.

كۆبونه‌وه‌كه‌ دوای ئه‌وه‌هات نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م داوای هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌سه‌ر باره‌گای حزبه‌كانی كه‌ركوك و داوایكرد دادگای فیدراڵی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

یه‌كێتی نیشتمانی دره‌نگانی شه‌وی 8ی كانونی دوه‌م له‌سه‌ر باره‌گاكانیی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌ جێبه‌جیبكات.

خەڵکی توڕەیە و چیتر خەڵکی تەحه‌ممولی ئەوە ناکات ئاڵای نەتەوەیی هەڵنەکات

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ئاشكرایكرد “بۆ پرسی هەڵکردنی ئاڵا راشکاوانە بە سەرۆکوەزیرانمان وت خەڵکی توڕەیە و چیتر خەڵکی تەحه‌ممولی ئەوە ناکات ئاڵای نەتەوەیی هەڵنەکات، ئێمە ئاڵای کوردستانمان لەسەر بارەگای حزبی خۆمان هەڵکردووە، ئێمە حزبێکی کوردستانین”.

“پێمانوت دۆخەکە گەیشتووە بە ئاستی تەقینەوە، بۆیە هاوڵاتیانی کورد دەیانەوێت لە شاره‌کە خاوەن ناسنامەی خۆیان بن، ئەگەر وەها نەبێت دۆخێک دروستدەبێت کۆنتڕۆڵکردنی ئەستمە، ئێمە 14 ساڵ ئاڵامان لەسەر بارەگاکەمان هەڵکرد و هیچ کێشەیەک نەبووە، ئێستاش ئێمە چوارساڵ شەهیدمان دا تا ئەوەی لە شارەکە بین و ئاڵامان بشه‌کێتەوە”.

به‌وته‌ی جه‌مال شكور، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندووه‌ دۆسیه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دادگای فیدراڵی و به‌پێی یاسا یه‌كلاییده‌كه‌نه‌وه‌.

كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2018، یه‌كێتی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵكرد فۆتۆ: هاوكار مسته‌فا

پێشتر و له‌ شوباتی ساڵی رابردودا، دادگای باڵای فیدراڵی دۆسیه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی له‌ كه‌ركوك ره‌تكرده‌وه‌، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی دۆسیه‌كه له‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌واندا نییه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی، جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌ پاراستنی سه‌قامگیری كه‌ركوك و ره‌خساندنی كه‌شی پێكه‌وه‌ژیان له‌ نێوان پێكهاته‌كان و رێزگرتن له‌و فره‌ییه‌ی شاره‌كه‌ی پێده‌ناسرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران داوایكردووه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری چڕبكرێنه‌وه‌ و به‌پێی ده‌ستور و یاسا و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاربكرێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.

ئاڵای هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وه‌ لە كەركوك داگیران، دوای ئەوەی هێزەكانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گەڕانەوە ناوچەكانی جێناكۆك و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ناكۆكی.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ به‌غدا، ده‌ڵێت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران، “به ‌گشتی لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌بووه‌” له‌سه‌ر پرسی کەرکوک و هەردولا باسیان له‌وه‌كردووه‌ ناوچەكانی جێناكۆك، به‌پێی ده‌ستور كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت.

جه‌مال شكور وتیشی “به‌ سەرۆکوەزیرانمان وت چارەسەرێک بۆ دۆخی کەرکوک دابنێن، چونکە بەڕێوه‌بەری کورد لە پۆستەکەی لادەبرێت، زەویی کشتوکاڵی جوتیاران داگیردەکرێت و خەڵکی ئەشکەنجە دەدرێت، ناکرێت دۆخی شارەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە”.

یه‌كێتیی كه‌ له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا نیوه‌ی كورسییه‌كانی كه‌ركوكی بۆ په‌رله‌مانی عیراق مسۆگه‌ر كرد، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ هه‌وڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێدایه‌، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت دوای له‌كارلادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم و راسپاردنی راكان سه‌عید جبوری به‌وه‌كاله‌ت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئاكام بون.

یه‌كێتی بۆ ئاڵای له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد؟پارێزگار داوای ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازیی به‌په‌له‌ی به‌غدا ده‌كات

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن